لە بیستا رامانكێشا
د.شێرکۆ عبداللە
+ بەگم یەك (شتی) زۆر خۆشی فیڕنەگولەت بۆ ئەگێڕمەوە، بەڵام توخوا با بەرگوێی نەكەوێتەوە چونكە ئەزانێ منم.
ـ خەمت نەبێ، مەگەر گڵ لێم ببیستێ. چی كردووە؟
+ نازانم لەوە ئەچێ ئەقڵی سووك بووبێ. دوێنێ چووم بەسەرا تەماشا ئەكەم لە ژوورەكەی خۆیدا ئاوێنەیەكی بەرامبەر خۆی داناوەو بە چەپو راستدا دەست رائەوەشێنێو خوتبە ئەدا.
ـ ئۆوو.. ئەو مەعلوماتە كۆنە، ئەوە پرۆڤە ئەكات ببێ بە خەتیب.
+ خەتیبی مزگەوت؟!
ـ نەخێر خەتیبی شۆڕش. كوڕوكاڵ دڵخۆشییان داوەتەوە پێیان وتووە لە ناپلیۆن ئەچی.. ئەویش قسەكە چۆتە ئەقڵییەوەو بە تەمایە ببێ بە ناپلیۆنی كورد.
+ جا بەناشكوری خوا نەبێ ئێمە كوا (ناپلیۆن)مان هەیە!؟ مەگەر هەر لە قوماردا.
ـ قومار بەكەم سەیرمەكە رۆڵە.. سێ روبعو نیوی سیاسەتی ئەم مەملەكەتە قومارە.
+ یەعنی سیاسیەكانمان بەڕێكەوتی قومار وا گەورەو موهیم بوون؟
ـ ئەی چی ئەرێ وەڵـڵا!! هەم سیاسییەكانمان قومارچینو هەم سیاسەتەكەشمان قومارو موجازەفەیە.
+ ئێ ئێ ئێ.. كەواتە راپرسییەكەمان كۆنكەن بوو. پەنجاو یەكی تەواو نەكرد نەیتوانی دابەزێ.
ـ نەخێر كۆنكەن نەبوو، یاریی بیستو یەك بوو.
+ یاریی بیستو یەك بوو؟
ـ بەڵێ. بەس ئەوەندە ساویلكە بووین لە بیستا رامانكێشاو سوتاین.
PM:08:19:18/10/2017
ئهم بابهته 2765
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی