‌ جنۆكە و بیسمیـلا ‌
PM:01:05:08/01/2017
د.شێرکۆ عبداللە

+ ئەوە لەبەرخۆتەوە چی ئەڵێی كەلـلەپووت؟.
ـ قوربان گیان دوعا بۆ حكومەت ئەكەم. ئەڵێم خوایە بۆ خاتری یەددو قودرەتی خۆت چاكی بكەیت.
+ رۆڵە شیرینەكەم نەختێ‌ ئەقڵت بێ‌. گڵۆپ كە سووتا دوعای بۆ ناكەن. ئەیگۆڕن.
ـ راست ئەكەی بەخوا قوربان. بەس پیاو نازانێ‌ چی بكات؟.
+ هەتا عیلاقەی بەینی سەركردەكان ئاوابێ‌ بەتەمای هیچ مەبە.
ـ ئەشهەدو بیلـلا وایە.. ئەڵێی عیلاقەی بەینی جنۆكەو بیسمیلایە.
+ لەبەرئەوە تەخت لێی دانیشەو گوێ‌ مەدەرە هیچ.
ـ هەر هیچ هیچ؟.
+ نا.. هەر هیچ هیچ نا.. گوێ‌ لەمە بگرە بزانە كابرا ئەڵێ‌ چی.. ئەڵێ‌ ئێمە فەرمانڕەوامان كوشت.
ـ باسی صەدام ئەكات؟.
+ تۆ گوێ‌ بگرە.
ـ ویستمان دنیا بگۆڕین كەچی تاقە دەستكەوتێك كە بە نسیبمان بوو فەرمانڕەوایەكی تازەیە.
+ ئەرێ‌ بەخوا.
ـ كە هیچی لە كۆنەكە باشتر نییە.
+ ئەوە كێیە ئەوەندە ئازایە شتی وا ئەنووسێ‌؟!.
ـ موساعەدە بكە با تەواوی بكەم.. ئەڵێ‌ ئێرە وڵاتێكە جاران لە پێناوی ئازادییا خەباتمان تیا ئەكرد كەچی ئێستا لە پێناوی ناندا.
+ ئەی ئافەرم.. بەخوا جەریئە. بە ساقەی دەست و قەڵەمەكەی بم.
ـ تۆ بوەستە، بزانە ئەڵێ‌ چی.. ئەڵێ‌ عەدالەتی ئەم مەملەكەتە زۆر عەجیبە، خەڵكەكە هەتا نەمرن یەكسان نابن.
+ باشە ئەوە چۆن نەیانگرتووە، ئەو نووسەرە؟.
ـ كێ‌ بگرن كوڕم؟ بۆ تۆ وائەزانی كێیە؟.
+ كوردی خۆمان نییە؟.
ـ نەخێر .. ڤیكتۆر هۆگۆیە.

ئه‌م بابه‌ته 543 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.