ئه‌فسانه‌ی 'دوڕگه‌ی دیموکراسی'
رابون مەعروف
له دوای جه‌نگی جیهانی دوه‌مه‌وه، جگه له رزگاری نیشتیمانی، هه‌میشه دیموکراسی دروشمی بنه‌ڕه‌تی بزوتنه‌وه سیاسیه هاوچه‌رخه‌کانی کوردستان- عێراق بوه. له‌گه‌ڵ خواستی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی، دیموکراسی و ئازادیه سیاسی و مه‌ده‌نیه‌کان بنه‌ماکانی به‌رنامه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه سیاسیانه‌ی پێکهێناوه.
ئازادی و دیموکراسی هێنده‌ی رزگاری نیشتیمانی له خواست و خه‌ونه‌کانی راپه‌ڕینی ئازاری 1991 بون. کاتێك مه‌سعود بارزانی رۆژی 22 ی ئازاری 1991 له کۆیه قسه‌ی بۆ خه‌ڵکی شاره‌که کرد، وتی: 'به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نامانه‌وێت سیغه‌یه‌کی موعه‌یه‌ن فه‌رز بکه‌ین له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری گه‌لی کورد، به‌ڵکو ئه‌بێ کوردستان ببی به نمونه‌ی دیموکراسی و ئازادی.' دوای راپه‌ڕین سه‌کرده کورده‌کان و له‌شکری رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ره سودمه‌نده‌کانی سیسته‌می تازه وێنه‌ی هه‌رێمی کوردستانیان وه‌ك 'دوڕگه‌ی دیموکراسی' له خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست ده‌کێشا.
هه‌رچه‌نده زۆر خێرا ده‌رکه‌وت که حیزبه کوردستانیه‌کان له‌گه‌ڵ بانگه‌شه و به‌ڵێنی دیموکراسی راستگۆ نین! پرۆسه‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی هاوڵاتی و دامه‌زراندنی ده‌زگا و دامه‌زراوه دیموکراتیه نیشتیمانیه‌کان روبه‌ڕوی شکست بونه‌وه، هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ناوخۆ ئاشکراترین گوزارشتی شکستی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموکراسی هه‌رێم بو. سازان و رێکه‌وتنه یه‌کله‌دوای یه‌که‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات نه‌یانتوانی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموکراسی بگێڕنه‌وه سه‌ر هێڵێکی راست و ته‌ندروست. بۆ که‌سێك که 'دو چاوی هه‌یه بۆ بینین و دو گوێی هه‌یه بۆ بیستن' به ئاشکرا دیاره که هه‌رێمی کوردستان، نه‌ك هه‌ر دوڕگه و نمونه‌یه‌کی ئازادی و دیموکراسی نیه، به‌ڵکو له دۆخی جه‌نگێکی ناوخۆی دواخراو دایه.
به‌بێ تێگه‌یشتن له سروشتی ده‌سه‌ڵات و مه‌ترسیه راسته‌قینه‌کانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی، هیچ هه‌وڵ و کۆششێك ناتوانێت به ئه‌نجامێك بگات که پرۆسه‌ی سیاسی بخاته سه‌ر هێڵێكی راست به‌ره‌و دیموکراسی. بۆیه ئێستا، پێش هه‌ر شتێك، پیویستمان به ده‌رکێکی سیاسی ئه‌وتۆیه که ببینێت؛ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان دوڕگه‌یه‌ك بێت، به‌دڵنیاییه‌وه دوڕگه‌ی بێدادی و سته‌مکاریه.
PM:08:42:09/06/2016
ئه‌م بابه‌ته 3208
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی