‌گۆڕان و پارتی: کەس کێشەکەی لەبیرماوە؟
PM:10:31:01/03/2017
رابون مەعروف

خۆرەتاوی بەرەبەیانی ١٢ ی ئۆکتۆبەر، دوای رێگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان لە گەڕانەوە بۆ هەولێری پایتەخت، شکستی ئەزمونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانی خستە بەر هەتاو! دوای ١٢ ی ئۆکتۆبەر، باسکردن لە ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم وەك نمونەیەکی دیموکرات، ئاماژەیە بۆ بێئاگاییەکی قوڵ و نەبونی کەمترین هۆشیاری سیاسی!

دوای ١٢ ئۆکتۆبەر، ناوەندە فەرمی و زۆرینەی سەرکردە و هەڵسوڕاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان پێداگیریان کرد کە (پێشمەرجی ئاساییکردنەوەی) رەوشی سیاسی هەرێم، گەڕانەوەی بارودۆخە بۆ پێش ١٢ ی ئۆکتۆبەر. هەرچەندە من تێبینیم لەسەر ئەو دیدە پەسەند کراوەی گۆڕان هەبو. لە دیدی منەوە، ئینقلابی ١٢ ی ئۆکتۆبەر ئەنجامی شکستی هەمو ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم بو. ئەم ئەنجامە تراژیدیە بەرهەمی کۆمەڵێك هۆکار بو کە ریشەیان لە شێواز و ناوەڕۆکی حوکمڕانی زیاتر لە دو دەیەی هەرێم دایە کە تۆتالیتار و ستەمکارە! گەڕانەوە بۆ پێش ١٢ ی ئۆکتۆبەر، بەبێ دیاریکردنی هۆکارە سەرەکیەکانی ئینقلابی ١٢ ی ئۆکتۆبەر و هەنگاوی جدی بۆ نەهێشتنی ئەو هۆکارانە، ناتوانێت بەشداری بکات لە راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی بۆ سەر هێڵێکی راست و دروست.

یەکێك لە ئامانجە سەرەکیەکانی پارتی لە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان بەلارێدابردنی رایگشتی و دورخستنەوەی لە کێشە و قەیرانە راستەقینەکانی هەرێم و سەرقاڵکردنی هەموان بو بە دۆسیە و بابەتی دروستکراوی لاوەکی. لە کاتێکدا کێشەی بنەڕەتی، شکستی ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم و کەوتنی دیموکراسی و سەرهەڵدانی فۆرمێکی ترسناکی تۆتالیتاریزمە کە لە دۆسیەی سەرۆکایەتی هەرێمدا خۆی مانیفێست کردوە، پارتی لە رێگەی هێزی چەکداری حیزبەوە تەنگژەیەکی لاوەکی بەسەر خەڵکی کوردستان و پرۆسەی سیاسیدا سەپاند. هەژمونی سیاسی و ئیعلامی پارتی و (رد فعل) ی شەنوکەو نەکراوی گۆڕان هۆکاری سەرکەوتنی رێژەیی پارتی بون لە بەلاڕێدابردنی رایگشتی. دید و هەڵوێستی راگەیەندراوی بەشێك لە حیزب و سەرکردەکانی کوردستان سەبارەت بە قەیرانە سیاسیەکانی هەرێم ئاماژەی ئاشکران بۆ وێڵبون و سەرگەردانیی و ئەو سەرکەوتنە رێژەییەی پارتی.

پێشخستنی گۆڕان و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی وەك بزوتنەوەیەکی مەدەنی بێچەك، ئەنجامی بێئاگایی سەرکردایەتی گۆڕان نەبو لە رەوشی سیاسی هەرێم. مۆنۆپۆلی نادیموکراتانەی دەسەڵات و سروشتە ستەمکارانەکەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و بیرکەرەوەکانی بابەتێکی زانراو و ناسراو بو. وەك ئەنجامی دید و دەرکی رۆشنی گۆڕان سەبارەت بە دۆخی سیاسی، قەیرانە جۆراوجۆرەکانی هەرێم لە ئەدەبیاتی بزوتنەوەی گۆڕان ناوبرا بە؛ کێشەی سیستەمی سیاسی! هەربۆیە لە قۆناغە جیا جیاکان، لە جیاتی زەقکردنەوەی کێشەی شەخسی و نەفسی، گۆڕان پێداگیریکرد لەسەر چاککاری ریشەیی و هەمەلایەن لە هەمو ئەزمونی حوکمڕانی و پرۆسەی سیاسی. کاتێكیش هەرێم کەوتە بەردەم تەنگژەی سەرۆکایەتی، گۆڕان لە چەندین بۆنە و بە شێوازی جیاواز گوزارشتی لەو دیدەکرد و پێداگیری کرد کە لە دیدی گۆڕانەوە کێشەکە لە کێشەی کەسەکان زیاتر و قوڵترە و سەرەڕای تێبینیە قانونیەکان، گۆڕان دەخوازێت دۆسیەی سەرۆکایەتی هەرێم بکات بە دەروازە بۆ چاککاری بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسی و ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم.

دوای نزیکەی حەڤدە مانگ لە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و زەقکردنەوەی کێشەی بەزۆر دروستکراوی سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەڵوێستە زەلیلەکانی بەشێك لە حیزب و سەرکردە ئیفلیجەکانی هەرێم و ئامادەکردنی پرۆژە لە دوای پرۆژە 'بۆ قسە نەکردن لە ناوەڕۆکی قەیرانەکە' و غیابێکی ترسناکی دید و روئیایەکی رون و رۆشن سەبارەت بە کێشە و قەیرانە راستەقینەکانی هەرێم پرسیارێکی رەوا دێنێتە پێشەوە؛ ئەرێ هەر بەڕاست، کەس کێشەکەی لەبیرماوە؟



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.