حەنین بۆ صەدام!

‌رابون مەعروف

دوای شکستی حوکمڕانی هەرێم و بێهیوابونی چین و توێژێکی فراوانی خەڵك لە بەدیهاتنی خەونەکانیان بۆ دونیایەکی باشتر و دادپەروەرتر، ئێستا وڵاتەکەمان کەوتوەتە سەردەمی سەرهەڵدانی نیشانەکانی ئەو شکستە. سەرهەڵدانی خۆزگە و حەنین بۆ رۆژگاری صەدام حسێن و رژێمەکەی یەکێكە لە نیشانە هەرە شوم و خەمهێنەرەکانی شکستی حوکمڕانی کورد.

بێگومان، صەدام حسێن یەکێك لە خوێناویترین دیکتاتۆرەکان و رژێمەکەشی یەکێك لە ترسناکترین رژیمەکانی دونیای هاوچەرخ بو. رژێمەکەی صەدام نەك هەر باش نەبو، بەڵکو ئەزمونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بۆیە شکستی خوارد چونکە نەیتوانی بنەڕەتەکانی رژێمەکەی صەدام تێپەڕێنێت و بناغەی سیستەمێکی سیاسی جیاواز و دادپەروەر و ئازاد دامەزرێنێت. ئەزمونی هەرێم بۆیە کەوت، چونکە هێشتا جیهانبینی رژێمەکەی صەدام زاڵ و باڵادەستە.

دوای ئەنفال و گۆڕەبەکۆمەڵەکان، پیاهەڵدان بە صەدام و رژێمەکەی، لە کوردستان و بەزمانی کوردی، ئاماژەیە بۆ کەوتن و شکستێکی گەورە کە هەمو سوچ و قوژبنێکی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە. لەکاتێکدا، پایەماڵکردنی بنەماکانی دادپەرروەری و راماڵینی ئازادی و مافە تایبەتییەکان و پاشەکشەی ژیانی رۆحی و کولتوری و سەرهەڵدانی گەندەڵی فراوان ،، نیشانەی شکستی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانن، خمول و خلیچکی و نەبونی جۆشی بەرەنگاری و گیانی داهێنان و تاسە و عەزرەت بۆ ئایندەیەکی باشتر و .. دواجار سەرهەڵدانی حەنین بۆ صەدام و رژێمەکەی، ئاماژەن بۆ کەوتنی کورد وەك جڤاك و کۆمەڵگە.

حەنین و خۆزگە بۆ صەدام و رژێمەکەی نەك هەر بەشداری ناکات لە راستکردنەوەی کورد و زیندوکردنەوەی گیانی داهێنان و بەرەنگاری، بەڵکو داڕزانەکە فراوانتر و کوشندەتر دەکات. رێگەی رزگاری کۆتایی هێنانە بە هەمو ئەو بنەمایانەی صەدام و رژێمەکەیان دروستکرد کە تا ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زاڵ و باڵادەستن. دەروازەی نەجات داهێنان و بیناکردنی ئەزمونێکیتری حوکمڕانییە کە نەك هاوشێوەی رژێمەکەی صەدام نەبێت بەڵکو هیچ خاڵێکی هاوبەش کۆیان نەکاتەوە.


AM:11:49:02/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 3560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی