‌چۆن گۆڕان رودەدات؟ (رابون مەعروف) بۆ؛ عەدنان عوسمان
AM:12:00:28/12/2016
رابون مەعروف


ئەگەر ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم نمونەیەکی ستەمکار و لە ناوەڕۆکدا دژە ئازادی و ناداپەروەرە؛ ئەگەر زۆرینەی خەڵك لە دۆخی ئێستا و دەستەبژێری دەسەڵاتدار ناڕازین و خولیای گۆڕانکاری پایەدار و فراوانە، کەواتە بۆ گۆڕنکاری رونادات؟

دەستگەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارە لە گرەوی تێگەیشتنە لە سروشتی روداوە گەورە و دیرۆکییەکان و ئینجا ناسینی داینەمۆی گۆڕانکارییە رادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکانە. بەسەرهاتە بایەخدار و وەرچەرخێنەرەکانی مێژوی مرۆڤایەتی و سەربردەی ململانێ سیاسیەکان کۆمەڵێك وانە پێشکەش دەکەن کە هەمیشە بۆ بڕیاردان و نەخشاندنی داهاتو دەتوانین بچینەوە سەریان و لێیانەوە فێربین؛

وانەی یەکەم؛ سەرکردەکان گۆڕانکاری دروست دەکەن
بەپێچەوانەی ئەو دیدەگا و بۆچونەی کە پێیوایە گۆڕانکاری مێژویی بەرهەمی کەڵەکەبونی ناڕەزایەتی و بێزاری جەماوەرە لە دەسەڵاتداران و هەلومەرجی زاڵ و گوایە گۆڕانکاری قۆناغ بە قۆناغ لە پرۆسەیەکی دورودێژی کۆمەڵایەتی دێتە کایەوە، گۆڕانکاری سەرکردە و رێبەرە کارامە و داهێنەرەکان دروستی دەکەن. دەکرێت جەماوەر دەیان ساڵ بخرێنە ژێر نیری کۆیلەتی و نەك هەر گۆڕانکاری رونەدات، بەڵکو بێزاریش بەرهەم نەیات. چونکە هەر لە بنەڕەتەوە جاڕسی و توڕەیی سیاسی خۆبەخۆ بەرهەم نایات، بەڵکو ئەوە جیهانبینی و دیدەگایەکی دیاریکراوە ناڕەزایەتی و خولیای گۆڕانکاری بەرهەم دەهێنێت. گۆڕانکاری بنەڕەتی و هەمەلایەن بەرهەمی ئەو فاکتۆرە ئابوری و کۆمەڵایەتیە نادیارانە نیە کە کەس نەزانێت لە کوێوە پەیدابون و کێ بەرهەمی هێناون. بەڵکو سەرکردە کارامە و بەهێزەکان سەرمەشقی قڵپ کردنەوەی هەلومەرجی زاڵ و داهێنەری گۆڕانکاری و بارودۆخی تازەن.

وانەی دوەم؛ گۆڕانکاری بەرهەمی فیکری داهێنەرانەیە
هیچ هەڵچون و خرۆشان و بەیەکدادانێكی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرچەندە گەورە و هەمەلایەن بێت، ئەگەر لە سێبەری جیهانبینییەکی رون و رۆشن و جیاواز لە جیهانبینی زاڵ و سەردەست بەڕێوەنەچێت، ئەگەر هەلومەرجەکە بە ئاقارێکی خراپتردا نەبات، ناتوانێت چاکتری بکات. ململانێ و بەیەکدادانی کوێرانە و بێئامانج ناتوانێت بارودۆخێکی چاك و موژدەبەخش بهێنێتە کایەوە. بۆئەوەی بێزاری و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی بتوانێت گۆڕانکاری سیاسی بنەڕەتی و داگەرانە بەرهەم بهێنێت، دەبێت جیهانبینیەکی دیار و ئاشكرا بنەمای ناڕەزایەتی و ململانێکان بێت و زانراو بێت کە قەرارە چی بکرێت و ئاراستەی روداوەکان بۆ کوێ بچەرخێنرێت. هەڵبەت دەبێت بنەما و بنەڕەتی هەرە سەرەکی ئەو جیهانبینی و بەرنامە سیاسیەش یەکەم، دادپەروەری و دوەم، ئازادی بێت. بە دڵنیاییەوە فەلسەفەیەکی سیاسی ئەوتۆش کە بتوانێت دیدەگا و بەرنامەیەکی سیاسی ئەوتۆ بەرهەم بهێنێت بەرهەمی فیکری داهێنەرانەیە.

وانەی سێهەم؛ گۆڕانکاری بەرهەمی مۆراڵە باڵاکانە
گۆڕانکاری جیایە لە دوبارەکردنەوە! هەڵچون و بەزم و خرۆشانە فراوانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ناتوانن گۆڕانکاری هەمەلایەن و بنەڕەتی بەرهەم بهێنن، ئەگەر هەڵگری کۆمەڵێك نەریت و بەها و مۆراڵی تازە و باڵا نەبن. ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم بۆیە چەقی و بۆگەنی کرد، چونکە نەیتوانی ئەزمونی بەعس تێپەڕێنێت و کۆمەڵێك بەها و فەضیلەت بخاتە شوێنی ئاکار و رەوشتەکانی بەعس. بەدڵنیاییەوە هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسیش ناتوانێت ئەزمونی گەنیوی ئێستای هەرێم تێپەڕێنێت ئەگەر لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێك نەریت و بەها و مۆراڵی باڵا نەهێنێت.

بەوجۆرە کاتێك گۆڕانکاری لە هەرێم دێتە کایەوە کە سەرکردە یان سەرکردایەتیەك بە بەرنامە و فەلسەفەیەکی سیاسی تۆکمە و رۆشن و لە ژێر سێبەری نەریتێکی سیاسی تازە و کۆمەڵێك بەها و مۆراڵی باڵا سەرکردایەتی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتە ئەستۆ و داینەمۆی گۆڕانکاری و رەوتی مێژو بەرەو ئایندەیەکی چاکتر دەچەرخێنێت.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.