بیره‌وەری بەنگلادیشییەك

‌زیره‌ك كه‌مال

(شیشیلە لە شان) گەنجێكی بەنگلادیشییە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا خەمی ژیان و ئازاری نەبوونی گەیاندییە كوردستان، كەس نەیدەزانی ئەو گەنجە دەرچووی زانكۆیە و نووسەرو شاعیرێكی بەتواناشە، بۆیە ئەو چەند ساڵەی لە هەرێمی كوردستان بوو وێڕای پەیداكردنی بڕێك پارە، هەروەها بە وێنەی كۆمەڵناسێك و گەنجێكی بە سەلیقە و وردبین بەشێكی زۆری بیرەوەرییەكانی ئەو چەند ساڵەی وڵاتەكەمانی یاداشتكردووە و وەكو ستونێكی رۆژنامەوانی لە رۆژنامەیەكی وڵاتەكەیدا بڵاوی دەكاتەوە.

لە كوردستان مانگی رەمەزان مانا  و برەوێكی زۆری هەیە، بەشی زۆر خەڵكی ئەو وڵاتە بە رۆژو دەبن، بيانووى  بە رۆژوبوونەكەشیان ئەوەیە دەوڵەمەند و تێرەكان  برسی و هەژاریان بەبیربێتەوە و بیكەنە دەرفەت و بۆنەیەك بۆ ئەوەی لەو مانگەدا لە چوار چێوەی سی رۆژدا هەمووان وەكو یەك برسی بن، بەڵام ئەوەی سەیرە كوردەكان لەو مانگەدا بەقەد هەر یازدە مانگەكەی تر نان دەخۆن، لەو مانگەدا سەدا هەشتای ئاژەڵ و پەلەوەر سەر دەبڕدرێن و ئێواران دەخرێنە سەر سفرەی بەربانگ شكاندن.

هەر لە رەمەزاندا خەڵكی لە جیاتی ئەوەی لاوازبن قەڵەو دەبن زۆرجار لەبەر خواردن نوێژ و ئەركە ئاینییەكانی تریان لەبیر دەچێت، لەو مانگەدا ئەوەی نەخۆشی شەكرە و درێژخایەنی هەبێت هێندە گۆشت و شلەو برنج و شیرنەمەنی دەخوات یان دەمرێت یاخود لە پەلوپۆ دەكەوێت و حەپ و تەپ جووڵەی نامێنێت، ئەوەی وەكو گوێزی هەورامانیش ساغە زۆریان تووشی قۆڵۆن و گوشاری خوێن و ئازاری گەدە و دوازە گرێ دەبن، ئەو ماڵەی من تیایدا چایچی بووم كابرای خاوەن ماڵ سێ حەجی كردبوو، سێ ژن و هەژدە منداڵی هەبوو، جا لەوەش گەڕێین كە حاجی چەندە بەچاوێكی سووك سەیری منداڵەكانی دەكرد تەنانەت ناوی هەندێك لە منداڵەكانیشی لەبەر نەبوو.

ئێواران نیوەی منداڵەكانی دەناردە سەربان بۆ ئەوەی بزانن مەلا بانگی دا یان نا، كاتی بەربانگ شكاندنیش ئەگەر جۆرەها گۆشت و شلەو برنج و سەوزە و میوە لەسەر سفرە دانەندرابا چی پاقڵاوەو گندۆرە و سەلكە تور هەیە دەیگرتە ژنەكانی، سەعاتێك بەرلە بانگدان لەبرسان داركاری یەك بەیەكی هەر هەژدە كوڕ و كچەكەی دەكرد، ناوە ناوەش دەیگوت ژن زەعیفە و (ناقس العقلن).

هەر لەو مانگەدا نرخی خواردەمەنی چەند قات بەرز دەبێتەوە و رەمەزان دەبێتە دەرفەتێك بۆ خۆ دەوڵەمەندكردنی فرۆشیارەكان، لەكاتێكدا سەرجەم فرۆشیارەكان خۆشیان بەرۆژون.

جارێكیان لەمانگی رەمەزان كوڕی خاوەن ماڵەكە ناچاری كردم لەگەڵیا بچم بۆ دزینی گیسكێك، شەو هێنامانەوە گوتی رووە و قیبلە سەری ببڕە! گووتم بۆ رووە و قیبلە؟ گووتی لە شەریعەتی ئاینەكەماندا هەر ئاژەڵێك رووە و قیبلە سەر نەبڕدرێت گۆشتەكەی حەرام دەبێ!!

منیش گووتم ئاخر گیسكەكە دز یارییە؟ گووتی قەیناكە شەریعەت بەڕێی خۆی و دزیش بەڕێی خۆی.


PM:02:03:14/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 2052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی