رێباز حەملان و مەولود باوەمراد

‌كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا


لە ماوەی سێ رۆژدا ئەو دوو پیاوە، بێ ئەندازە کەوتنی مەدح و سەنای نێچیرڤان بارزانی.

هەردووکیان یەک قسەیان کرد کە تا لە نزیکەوە نێچیرڤان بارزانی نەناسی، نازانی چ ئینسانێکی گرنگ و بلیمەت و ئەفسانەیە!

ئایا دەکرێ میللەت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە نێچیرڤان بارزانی بناسێ، دانە دانە بچن بۆ ماڵەکەی چایی لەگەڵ بخۆنەوە وێنەی لەگەڵ بگرن؟

سەرۆکوەزیرانی باش حوکمڕانییەکەی باشە نەک شەخسێکی بەخوڵک و دەسودڵ کراوەبێ بۆ ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسن.

ئەو دوو پیاوە کە من گومانم لە کارزانی ولێهاتوویی و قسەزانییان نییە لە بواری خۆیاندا، بەڵام گومانم لە هەبوونی ویژدان و ئەخلاقی مرۆییان هەیە کە ئەوەندە بێ چاووڕوو لەبەردەم ملیۆنان کەسدا بەشان و باڵی سەرۆکوەزیرانێکی بێ ئەندازە حوکمەت گەندەڵ و ستەمکاردا هەڵبدەن و خەڵک بەوە تۆمەتبار بکەن لە دوورەوە خراپەیان دەڵێن و لە نزیکەوە نایان ناسن!

ئینسان خەجاڵەتی ئەو هەموو مامۆستا و فەرمانبەر و کەسوکاری شەهیدانە نەکێشێ کە لەبەردەم شاشەکاندا بۆ موچەی دزراویان هۆن هۆن دەگریان. ئینسان خەجاڵەتی ئەوە نەکێشێ میللەتەکەی بەرمیلێ نەوتی سپی پێ نەکڕدرێ و تاقم و پێڕێکی کەم بەسەر سامانی دزراوی نیشتمانەوە شاهانەیەکی بێچاووڕوو بژین. ئیتر چۆن گومانی لێناکرێ.

خۆ من گومانم نییە نێچیرڤان و قوباد و مام جەلال و کاک مەسعودیش پیاوی باشن و باشبوون لە نزیکەوە، بەڵام لە دوورەوە بۆنی گەندەڵیی و ستەمیان میللەتێکی کاس کردووە، ئیتر بە چی دەچێ؟

باوەمراد و حەملان بۆچی چاکە کەمەکانی ئەوان هەڵناگرن بۆ خۆیان و نەیەن بیفرۆشنەوە بەخەڵک!

چ چاووڕوویەکە بەمجۆرە پیاوێکی هۆشیار و بەرپرسیار لەناو سیستمێکی تەواو گەندەڵ و دزدا، ئامادەبێ چاو لەهەموو خراپەکان بپۆشێ، بێت خەڵک تاوانبار بکات بەوەی سەرۆکوەزیرانە بلیمەتەکەیان نەناسیوە ئەگینا سۆپەرمان و ئەفسانەیەکە کە دەتوانێ شاهانە خەڵک بژیەنێ.

ئەوە سیاسەتی روون و ڕاشکاوی نێچیرڤان بارزانییە، بۆ چاوپۆشی لەهەڵەو تاوان و خراپەکانی حکومەتەکەی، دەمی هەموو ئەوانە چەور دەکات کە نزیکی دەبنەوە. دواتر وەکو حەملان و باوەمراد لە نزیکەوە دەزانن چ پیاوێکی مەرد و گرنگە و  پێی سەرسام دەبن.


PM:01:57:20/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 3908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی