نامەیەکی نهێنی بۆ چاوان..!

‌تـوانــا ئەمین

نامەیەکی نهێنی بۆ چاوان..!

~من لەبری هەموو کورد خەجاڵەتی لای تۆم~

ئەی ئەو خانمەی لەوسەری دونیا، ئەم نامەیە دەبینیت، ئەی ئەو ژنەی چەرخی ژەنگگرتووی ئەم کوردە خەریکە لەسەر تۆ دەکەوێتە گەڕ، ئەوەی خەڵک لەم ١٠ ڕۆژەدا بەرامبەر کەرامەتی تۆ کردیان؛ لەدەرونزانییدا ئەلتەرناتیڤێکە پێی دەوترێت (خستنەبر)، خەڵک تۆ دەخەنە بری شەیتانەکەی ناو ناخی خۆیان، توڕەییەکەیان لە ڕۆژگاری خۆیان، پەستییەکەیان لە ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی، لە گەندەڵی حوکمڕانی، لەهەر کێشە و قەرقەشەیەکی خێزانی و خۆییان هەیانە دەخەنە ملی تۆ...

 دۆخێکە کۆمەڵگا توشی مەستییەکی هۆڤیانە دەبێت، جوێندان بە تۆ دەبێت بە سروت، دۆخێکی ڕۆحی و دەستەجەمعی ئاوها دەخولقێت؛ کە ویژدان بۆ ماوەیەکت باش سڕ دەکات، کەشێک دێتە ئاراوە، کەس سەرکۆنەی خۆی ناکات لەوەی بۆ ئەو هەموو بەردە خوێناوییە دەگرێتە تۆ...؟ بۆ ئەوەی باشتر لەم ڕستەیە تێبگەی؛ وا چاکە ڤیدیۆی بەردەبارانکردنی دوعا بهێنیتەوە پێشچاوی خۆت؛ ئەها خەڵک بە چ نەعرەتەکێشان و هوتافدان و شەوق و جۆشێکەوە بەردیان دەگرتە ئەو کچە تەنیایە... بیرتە..؟ ئەمەی بەرانبەر تۆیش کرا هەر ڕەجمکردنێکی وا بوو، ڕەجمکردنێک؛ کە کۆمەڵگا بەردی دەگرتە ڕۆحی خۆی بەڵام لە جەستەی تۆدا..

خانمی بەڕێز، لەم جۆرە دۆخانەدا، خەڵک کە بۆ ماوەیەک خۆیان لەبیردەکەن، هەر بۆ نمونە لەبیری دەکەن لەماوەی ئەم ١٠ ڕۆژەدا فەرماندارەکانیان بەشێوەکی ناڕوون، تەنها ئەوەی خۆیان لە ڕاپۆرتی سامانە سروشتییەکاندا دانیان پێداناوە؛ ڕۆژانە ٥١١٨٨٨(پێنجسەد و یانزە هەزار و هەشسەد و هەشتا و هەشت بەرمیل) نەوتیان فرۆشتووە. بۆ ئەم ١٠ ڕۆژەی خەڵک بە جەنابتەوە سەرقاڵ بووە ٥١١٨٨٨٠ (پێنج میلیۆن و سەد و هەژدە هەزار و هەشسەد و هەشتا بەرمیل) نەوت فرۆشراوە، کە نرخەکەی دەکاتە ١٢٥٤٦٥٣٠٠ (سەد و بیست و چوار میلیۆن و چوارسەد و شەست و پێنج هەزار و سێسەد دۆلار). بەڵام لەبەر تۆ بوارمان نەبووە ئاگامان لەم سەروەتە بێت کە چی لێ هاتووە. ئەو خاکەی تۆی لەسەری و نەوتەکەی فرۆشراوە و داهاتەکەی دیارنییە، بۆ خەڵک پرسیار نییە، بەڵام ژیانی تۆ پرسیار بوو، لەوانەیە نەتبینی بێت و هیوادارم نەیبینی، کە هەر ژنانی کۆڵان و بەردەگا نا، ئەوەی ئەمجارە سەنگەری لەتۆ گرت، ژنانی فێمنیزم و لە دەمدرێژانی مافی ژنیش بوون.

ئەی کەسێک کە نەمدیوی و ناتناسم، تۆ کەوتیتە نێوان دوو بەرداشەوە، بەهۆی پێگەی هاوسەرە نوێکەتەوە –کە من و ئەو نە تەنیا بیروڕامان جیایە، بەڵکو خوداشمان بەحال یەکە- بەڵام تۆ کەوتیتە درزی نێوای دوو حیزب، چەند باڵێک، چەند دەزگایەکی هەواڵگری، دەیان ڕاگەیاندنی ڕووزەرد و سەدان ڕۆژنامەنووسی (....) و بێ ئیش، هەزارن فەیسبووکەوان؛ بۆ یەک مسقاڵ هەستی ئینسانیی تۆیان لەبەرچاو نەگرت و ناوی تۆیان هێناو برد... بەپێی ئەو ئامارە خۆکارەی لەماڵپەڕی گۆگڵدا تۆمارکراوە، بێ هەژمارکردنی نووسینەکانی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر –کە بەدڵنیاییەوە ئەوان لەم ژمارەیە زۆر زۆر زیاترن-، تەنها لەماوەی ئەم ١٠ ڕۆژەدا بە زمانی کوردی؛ ١٣٢ هەزار و ٧٠٠ جار ناوی تۆ نووسراوە!!! ئەوە لە کاتێکدا لە کارابوونی تۆڕی ئینتەرنێتەوە لە کوردستان هەتا ئەم ساتە کە -زیاتر لە ١٦ ساڵە- بەپێی هەمان ئاماری گۆگڵ؛ تەنها ١٤٢ هەزار جار ناوی (سەدام حسەین) نووسراوە! چاوەکەم تەماشا بکە، وەک ئەوەی تاوانی مرۆڤایەتی لە تۆوە دەستی پێ کردبێت... وەک ئەوەی تۆ یەکەم ژن بیت لە هاوسەرەکەت جیابووبیتەوە و کەسێکی ترت هەڵبژاردبێت..

خانمی بەڕێز، لەوەی کە لەم سەردەمەدا دەژیم و کۆمەڵگاکەم بەم جۆرەیە کە ڕێ بەخۆی دەەدات لەبری خواش دادگای خەڵک بکات؛ من بۆ مێژوو لەبەرامبەر تۆدا ددانی پێدا دەنێم؛ دووجار خەجاڵەتم، جارێک وەک کوردێک و جارێکش پیاوێک..!


تێبینی‌: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ په‌یجی‌ توانا ئه‌مین وه‌رگیراوه‌... وێستگه‌ وه‌ك بۆچونێكی‌ جیاواز له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ بڵاویده‌كه‌ته‌وه‌،
(...) وشه‌ی‌ ناو كه‌وانه‌كه‌ وێستگه‌ خۆی‌ لێی‌ پاراست، له‌گه‌ڵ داوای‌ لێبوردن له‌نوسه‌ر.


AM:09:55:12/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 79508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی