کەژاڵ ئەحمەد بکەن بە وەزیری ڕۆشنبیری..!

‌تـوانــا ئەمین

کەژاڵ ئەحمەد ژنە شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە، ناوبانگەکەی هی مێینەبوونی نییە، هی داهێنانی ئەو ستیڵە لە شیعری ئیرۆتیکدایە، کە لە هەشتاکانەوە خۆی لە ئەدەبی کوردیدا سەرقافڵەیەتی. ئەم خانمە خەڵکی کەرکوکە و ساڵانێکی زۆر لە هەولێر ژیاوە و سلێمانی شاری ئەوە.، کەژاڵ سیمایەکی هەم ئاشنا، هەم خۆشەویستە لە نێو کوردانی هەر چوار پارچەدا، لە ڕووی کارگێڕییەوە جگە لەوەی خاوەن بڕوانامەیە، توانستیشی هێجگار بەرزە؛ لە لێپرسراوی لاپەڕەوە تا بەڕێوبەری نووسین و جێگری سەرنووسەری بەناوبانگترین گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی بووە بە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)یشەوە. لە ڕووی ئیتیکییەوە ڕۆژنامەنووسێکی بوێر و دەژەباوە، لە ڕووی پرەنسیپەوە -بەتایبەت لەساڵانی دوایی کارکردنیدا- سەربەخۆ و بێلایەنە، ئەوە جگە لەوەی دەنگی هەرە دیاری بزوتنەوەی فێمینستی کوردییە.

بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ کەژاڵ ئەحمەد باشترین و گوناجاوترین و شیاوترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ڕۆشنبیری، کە هەم بە خانمبوونی؛ ڕوویەکی شارستانیی دەدات بە کابینەی نوێ، هەم کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاوە.

بەپێ ئەزموونی پڕ و دوورودرێژی؛ ئەو لە هەر کەسێکی تر باشتر دەتوانێت مامەڵەیەکی مەدەنیانە لەگەڵ میدیا و فەرهەنگ و کلتوری کوردیدا بکات. ئێستا کە دوای ١٠ ساڵ بێدەنگیی گەڕاوەتەوە و لە سلێمانییە؛ بۆ یەکێتی هیچ کەسێک لە دانانی کەژاڵ لە پۆستی ڕۆشنبیریدا ئاوەزمەندانەتر نییە. بۆ پارتی -کە وا دەردەکەوێ ئەمجارە دەیانەوێ سود لە کەسانی سەربەخۆ و تەکنۆکرات وەربگرن- کەژاڵ ئەحمەد شیاوی ئەوەیە تەکلیفی وەرگرتنی پۆستی وەزیری ڕۆشنبیری وەک ژنێک، وەک شاعیر و نووسەرێکی بەناوبانگ، وەک کەسایتییەکی سەربەخۆ لێ بکرێت.

کەژاڵ ئەحمەد جگە لەوەی شاعیر و نووسەر و وەرگێرە و خاوەنی زیاتر لە حەوت کتێبی سەنگینە، شیعرەکانی بۆ زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی، نەوریژی وەرگێڕدراوە و پێگەیەکی دیار و هەرێمیی و نێودەوڵەتیی لەسەر ئاستی ئەدەبی کوردیدا هەیە..

بۆ من بە ناونیشانی نووسەر و وەرگێڕێکی کورد؛ دوای چاپکردنی ٢٠ کتێب ئێستایش نازانم، وەزیری ڕۆشنبیریی لە کابینەی پێشوودا کێ بوو؟ ناوی چی بوو؟ ئەدی دەبێ بۆ خەڵکی تر چۆن بێت! ئەو کەسەی بۆ پێکهێنانی کابینە نوێی حکومەت ڕادەسپێردرێت دەبێ بزانێت؛ وەزیری ڕۆشنبیری لە هەر حکومەتێکدا تەنها پۆستێکی کارگێڕیی نییە، وەزیری ڕۆشنبییرییەک؛ نووسەر و هونەرمەندەکان نەیناسن و ناویان نەبیستبێت، نە دەتوانێ لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەو وەزارەتەدا بێت، نە لە تواناشیدایە باری سەختی پاراستنی فەرهەنگ و کلتوور و زمانی کوردی لە ئەستۆ بگرێت.

کە ئەم دێڕانە دەنووسم لەدڵەوە خەمی فەرهەنگی نەتەوەکەمە و بۆ زانیاریی خوێنەرانیش؛ من لە ژیانمدا نە کەژاڵ ئەحمەدم بەڕاستی بینیووە، نە تەوقەیەکم لەگەڵ کردووە، نە چایەکم لەگەڵ خواردۆتەوە و نە لە نزیکیشەوە دەیناسم!


PM:02:18:06/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 2612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی