بە ئەمری خودا..! لەبارەی ئاراس فەتاح و مەریوان قانع‌ـەوە..

‌تـوانــا ئەمین

ئارس و مەریوان، دوو ناوی دونیای ڕوناکبیریی ئێمەن، کە لەم ساڵانەی ڕابردوودا و لە کێشەی سیاسی و قەیرانەکانی نێو هەرێمدا، بەر لە هەرکەسێ خوێیان کردۆتە زامەکانەوە و وەک ئەرکی ئەخلاقیی و ڕوناکبیریی خۆیان، لەسەر ئاستی تێۆری و نووسین و هۆشیارکردنەوە ئامادەیی بەرچاویان هەبووە... لەڕاستیدا ئەم دوو پیاوە گۆڕان نین، گۆڕان ئەمانە! ئەمانە مەکۆچیی و چڤاتگەرا نین، ڕایەڵە و ژووریان لە گردەکە نییە، معاشخۆری گۆڕان نین... بەڵکو ساڵی ٢٠٠٨ ڕەنگڕێژی خەتی فیکری ئەو بزووتنەوەیە، لە نمونەکانی؛ چۆنێتی سیستمی حوکمداریی، کۆکردنەوە و دابەشی سامانی گشتی بۆ هەمووان، بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بەگژداچوونەوەی فەسادی سیاسی و ئیداریی، لەسەر دەستی ئەم دووانە و بەختیار و هەردی لە کتێبێکدا چاپ بوو کە تا ئێستایش مانیفێستی گۆڕانە.

مەریوان و ئاراس، مێژووەکەیان ناشرین نییە، بەعسی نەبوون، کە یەکێکێیان لە شاخیش بووە، لیژنەی ئیغتیالات و بەرپرسی سزادانی زیندانییەکانی شۆڕش نەبووە، لە دوای ڕاپەڕین؛ خۆفرۆش و هەڵپەگەر و تاڵانچی نەبوون، کە هێزە کوردییەکان دەکەونە یەکتر خواردن، ئەمان قەڵەمی شەڕی ناوخۆ نین، کوتلەچی و دەمپیس و پاراستن و زانیاری بەکرێگیراو و کڕاو نین. لە خراپترین حاڵەتدا سەری خۆیان هەڵگرتووە لە دەرەوە خەریکی خوێندن و کاری تیۆری بوون و دوو کۆڵەکەی سەرەکی نێو گۆڤاری ڕەهەند بوون، کە ڕۆشنبیریی من و هاوتەمەنەکانم لەم ڕووە قەرزداریانە...

بەڵام کە ئەوەندە چاکن با سوژنێکیشیان پێدا بکەین؛

کۆڕگرتن لە کەلار، لەم هاوینە لەکۆڵەی سەرو پەنجا پلەوە، بەناونیشانی بارزانی کاتەکەی تەواو بووە، شتێکی تازە نییە، ئێوەش نەچوونایە خەڵکی کەلار و من و تۆ و خوێنەری ئەم بابەتەیش ئەمە دەزانێت، ئێوە شتێ بڵێن کە نەیزانین! بەداخەوە هەندێ جار گووتاری ئەم دوو پیاوە دەبێ بەجووینەوە و لوولخواردن لەنێو خۆیدا، -ئەگەر لەنزیکەوە خوێنەریان نەبیت، ناتوانی لەو دێڕەی پێشوو تێبگەیت.- مەریوان و ئاراس هەر نووسەر نین، مامۆستای زانکۆیشن، دەبوو ئەو جەسارەتەی ڕۆشنبیر لە ڕۆژانێکی ڕەشی وەهادا دەینوێنێ، بیاننواندبا و ئازایانە هەستابان بچنە هەولێرێ. ئەگەر وەزیرە ڕۆشنبیرییەکەی یەکێتی نەیوێرا هۆڵێکیان بۆ دابین بکات، ئەگەر پارێزگا و ئاسایش نەیهێشت کۆڕێک بکەن، ئەگەر حەزیان نەکرد بچنە بارەگاکانی گۆڕانەوە، فەرموو بچن لە باخچەیەکدا دانیشن و وتارەکانیان بدەن، بێگومان تەنیا نەدەبوون، سەدان خوێنەری خوێنگەرمی هەولێر، دەیان نووسەر و ڕۆژنامەنووس، چەندان میدیا لەگەڵیان دەبوون و ئەوکاتە، ئەوە هەم کار بوو، هەم کاردانەوەی گەورەشی دەبوو.

بۆ پارتی ئاسانە هاوڵاتییەکی داماوی دانیشتووی هەولێر چاوترسێن بکات، بەڵام ئەوەی لەگەڵ ئەمان پێ نەدەکرا، بەتایبەت ئەگەر بزانیت هەردووکیان هەڵگری رەگەزنامەی هۆڵندیی و ئەڵمانیین، وڵاتەکەیان لەو شارە باڵوێزی هەیە. پارتی بۆ ئەوەی ئابڕۆی خۆی لەدەرەوە زیاتر نەڕوشێنی، بە ئاشکرا ناتوانێ پەنجە بۆ ئەم دووانە بەرێت -بەڵام دوایی لە گەڕانەوەدا یەک تۆز ئاگایان لەخۆیان بێت، چونکە لەو وڵاتەی ئێمەدا؛ نەیارەکان بە عەمری خوا هەر لە خۆیانەوە بە کارەساتی ئوتۆمبێل دەمرن!- خۆ پارتی لەوە زیاتریان لێ ناکات کە یەکێتی لە ڕێبین هەردی کرد، بەوە هەم شکۆی یەکێتی وەک حیزبێکی تولەرانس و سۆسیال‌دیموکرات شکا، هەم ڕێبینی وەک ڕۆشنبیرێک لە کات و ساتی خۆیدا کرد بە ئەفسانە... بەکورتی من وا تێدەگەم؛ ترسەکە لە پارتی زۆر لەوە گەورەترە لە واقیعدا هەیە و پارتییش بەمە دڵخۆشە. ئیشی من و تۆ وەک نووسەر و ڕۆشنبیر ئەوەیە ئەم وێنا دێوئاسایەی پارتی گەورەتر نەکەین، بەڵکو بە بوێری خۆمان، بە گواستنەوەمان لە ئاستی تێکستەوە بۆ واقع، بیشکێنین. بەکورتی ویستم بڵێم کۆڕ لە کەلار، لە پایتەختی نیلییدا پڕۆژەی زەخم و کاری نەکردە و ئیشی گەورە نییە، ئێمەیش و خەڵکیش چاوڕوانی زیاترمان لە ئێوە هەیە، چاوی من، ئێوە دەبێ لە هەولێر بن.



PM:08:40:04/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 3555 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی