زۆر ده‌ترسم!!!
نه‌وزاد موهه‌ندیس
مایه‌ی خۆش حاڵیه كه وه‌ك ڕاگه‌یه‌نراوه ته‌نها 10% ی خاكی عێراق به‌ده‌ست داعشه‌وه ماوه و دوای ڕزگاركردنه‌وه‌ی موصڵ ئیدی داعش له‌ناو عێرقدا حسابی نه‌بوونی بۆ ده‌كرێت.
داعش به‌ڵایه‌كی مه‌ترسیدار بوو بۆ هه‌موان به‌تایبه‌تیش بۆ گه‌لانی سوریا و عێراق و كوردیش ماوه‌ی 2 ساڵ زیاتره به‌ده‌ستیوه ده‌ناڵێنین.
هه‌رچه‌نده داعش بۆ هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن بوه مایه‌ی خێر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر زیانبه‌خشیش بوو.
له‌مێژووی عێراق و كورد و ناوچه‌كه‌شدا گه‌لێك مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه و سه‌ركرده و ده‌سه‌ڵاتداری خراپ هه‌بوه و بینراون و دوایش چوونه‌ته زبڵدانی مێژووه. به‌ڵام دواتر هه‌موان په‌شیمان بوینه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌وان و خواستویانه كه نه‌ڕۆیشتنایه.
هه‌مووان حوكمی پاشایه‌تی و دواتر كۆماری و به‌عسیه‌كانمان بینیوه و له‌دوای هه‌موان ئاواتمان خواستوه به سه‌رده‌می پێشووتر وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی ساڵ به ساڵ خۆزگه‌م به پار.
له ئێران سه‌رده‌می حه‌مه‌ڕه‌زاشا بینراو دواتر ئیسلامیه‌كان به‌ڵام خۆزگه به سه‌رده‌می شاده‌خوازرێت. له‌توركیای فاشیستدا سه‌رده‌می كه‌مال ئه‌تاتورك و عیلمانی و سه‌ربازیه‌كان بینرا و دواتریش ئه‌ردۆگانیه‌كان و ئێستا ئاوات به سه‌رده‌می سه‌ربازی و عه‌سكه‌ر ده‌خوازرێت.
له‌سوریادا هیچ كات ئاوات نه‌به‌سه‌رده‌می ئه‌سه‌دی باوك و نه به به‌شاری كوڕی ناخوازرێت.
بۆیه زۆر ده‌ترسم له‌دوای له‌ناوچوونی داعش خۆزگه به‌سه‌رده‌مه‌كه‌ی بخوازین و له‌و خراپتر ڕووبكاته وڵاتمان و كاول و وێرانی بكات.
كورد هه‌میشه چانسی له‌به‌دبه‌ختیدایه زۆر نزیكه دوای داعش شه‌ڕی سونه و شیعه به‌رۆكمان بگرێت و ئاوات به‌سه‌رده‌می داعش بخوازین..هه‌روه‌ك ئێستا له‌به‌ر گه‌نده‌ڵی و خراپی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كوردیه‌ی خۆمان هه‌ندێ جار ئاوات به‌سه‌رده‌می صدامی باوه‌كوشته‌ی كورد ده‌خوازین و ڕه‌حمه‌تی بۆ ده‌نێرین.
PM:05:48:25/09/2016
ئه‌م بابه‌ته 2021
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی