بنەمای دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی سەربەخۆ چین ؟

‌نه‌وزاد موهه‌ندیس

ئەسەدوڵا عەلەم وەزیری بیلاتی شاهەنشاهی ئێران لە 1969-1978 لە بیرەوەریەكانیدا لە كتێبی (( الشاه ..و انا))دا دەڵێت.. كە دەوڵەتی شاهەنشاهی ئێرانی كە لەساڵی 1972دا یادی 2500 ساڵەی دەكردەوە واتا ئەو ئیمپراتۆریەتە لە ساڵی 528 پێش زاین دامەزراوە ،دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی میدی كوردی لەلایەن كۆرشی گەورەی ساسانیەكانەوە.ئەو دەڵێت هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا ئەم ئیمپرتۆریەتە لەسەر 4 كۆڵەكەی بنچینەیی دامەزراوە كە پێویستە هەمیشە پابەندبین پێوەی بۆئەوەی نەڕوخێت ، ئەو 4 پایەیەش بریتین لە:
1. داب و نەریتی كۆمەڵگای ئێرانی
2. زمانی فارسی
3. مەزهەبی شیعە
4. پاشایاتی
جا هەركات دابونەریتی كۆمەڵگای ئێرانیمان پشتگوێ‌ خست و گرنگی تەواومان نەدا بە زمانی فارسی و دوور كەوتینەوە لە مەزهەبی شیعە ئەوا بەدڵنیایی سیستەمی پاشایەتیەكەمان كە 2500 ساڵ تەمەنێتی لەدەستمان دەچێت.. هەرواش كەوتەوە و لە ساڵی 1978دا بە ڕوودانی شۆڕشی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی خومەیەنی ئەو سیستەمە پاشایەتیەی كە 2511ساڵ تەمەنی بوو ڕووخا، چونكە محمد ڕەزا شای ئێران كە نزیكەی 37 ساڵ شاهەنشای ئێران بوو پشتی كردبوە هەموو ئەو پایە و كۆڵەكانە كە دەوڵەتی ئێرانی لەسەر دامەزرابو.
• ئەی ئێمەی كورد چیمانكردوە و چۆن هەوڵمان داوە بنەمای دەوڵەتی كوردی دابمەزرێنین؟ بەخەون و خەیاڵ؟ یان بە دزی و گەندەڵی؟ یان بەململانێی ناوخۆیمان؟

ئێمەی كورد لە باشوردا دوای 25 ساڵ لە دەسەڵاتی خۆمان تازەبەتازە دەگەڕێینەوە بۆ چوار گۆشەی ململانێ‌ ناوخۆییە حیزبی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكەمان. مێژووی 2716 ساڵی كوردی هەروا بووە . ئیمپراتۆریەتی میدیا (( 700-553)) پێش زاین كە بەهی خۆمانی دەزانین و بە باب وباپیرانمانیان دادەنێین هەر بەهۆی ململانێی خێڵ و سەركردەكانی كوردەوە لەناو چوو لەسەر دەستی كۆرشی فارسی كە تەنها نزیكەی 147 ساڵێكی خایاندبوو.

ئەمڕۆشمان هەر لەدوێنێ‌ دەچێت!!ئەوەتا ململامنێ و باڵباڵێنی ناو حیزبەكان و سەركردەكان و بەشەكانی كوردستان هەر بەردەوامە.

ئیتر بۆچی گلەیی لە دوژمنان بكەین .. هەموو تاوانی خۆمانە و دەبێت تاڵاواكەشی بنۆشین.و بەداخەوە پێكەوەنانی دەوڵەتی كوردی هەر دەبێت وەك خەون و خەیاڵ لە ئەندێشەماندا بیری لێبكەینەوە و هەرگیز نابێتە واقع و حەقیقەت..


PM:05:32:02/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 2390 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی