پێشنیازێك بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ...

‌نه‌وزاد موهه‌ندیس

بڵاوبونەوەی دەنگۆی ڕێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و گۆڕان دڵی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی و گۆڕان بەتایبەتی و بەگشتیش هەموو هاوڵاتیانی كوردستانی خۆش كردوە، چونكە ئومێدەكان بە چارەسەریەكان و ئایندە تۆختر و ڕوونتر دەكاتەوە.

جیابونەوەی گۆڕان لە یەكێتی لە 2009دا زۆر بە ئازار بوو بۆ هەموان و سەرەتا بوو بۆ تێكدان و شڵەژانی نێوماڵی كورد و بێهێزكردنی هێزێكی گەورە و كاریگەری وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.هەر بۆخۆشی وەك لە ئێستادا دەركەوتوە هەڵەیەكی مێژوویی بوو لە ئەنجامی باش نەخوێندنەوەی هێز و سەنگ و قورساییەكانی یەكێتی و هاوسەنگی هێزەكان و بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان.

هەربۆیە چۆن جیابونەوەكە یەكەم هەنگاو بوو بۆ لاوازبوون و درزتێكردنی یەكڕیزی نێوماڵی كورد ، بەدڵنیاییشەوە ئەم هەنگاوە و لێكنزیكبونەوەیە دەبێتە سەرەتایەكی خێر و خۆشی و یەكگرتنەوە و توندوتۆڵكردنەوەی نێوماڵی كورد .. كە لە ئێستادا زۆر پێویستە.
بەدڵنیایی گەلێك لایەنی سیاسی نێوكوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و لەوانەشە هەندێك كادر و لایەنگری هەردوولاش ئەم نزیكبونەوەیەیان پێخۆش نەبێت..بەڵام خۆشبەختانە كەمینەن و زۆرینەی هەردوولا و هاوڵاتیان و وڵاتانی زلهێز ئەم هەنگاوەیان پێباشە.

یەكێتی و گۆڕان هەردووكیان یەك سەرچاوەی فكری و یەك پانتایی جەماوەری و یەك ناوچەی نفوز و چالاكی و یەك تێڕوانینی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ناوچەییان هەیە بۆ تەواوی كێشە و مەسەلەكان.كەواتەی خاڵە هاوەبەشەكان زیاترە وەك لەناكۆكیەكان.

• بۆیە بەندە پێشنیاز دەكەم بۆ سەركردایەتی هەردوولا كە واژۆكردن و ڕاگەیاندنی ڕێكەوتنەكە بخەنە بەرواری :

• 22/5 كە وادەی نوسینی یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لە ساڵی 1975 لە سوریا.

• 1/6 كە وادەی دامەزراندنی ڕەسمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەلەساڵی 1975 و دەستپێكردنەوەی شۆڕشی چەكداریە لەساڵی 1976دا.

بەم كارەش ئەو نامەیە دەگەییەننە هەموان كە هەروەك چۆن لەساڵی 1975دا هەردوو ڕابەری گەورە مام جەلال و كاك نەوشیروان و هەڤاڵانی تر یەكێتیان دامەزراند، بەم هەنگاوەشیان جارێكی تر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان زیندوودەكەنەوە و بەهێز و گەشەی زیاتری پێدەدەن.

بەهیوای قبوڵكردنی ئەم پێشنیازەمان..


AM:09:14:11/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 2687 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی