‌ ئێران.. له‌به‌رده‌م دوڕیانێكی‌ زۆر هه‌ستیاردایه‌ (مانه‌وه‌ یان نه‌مان)
PM:12:17:31/10/2018
نه‌وزاد موهه‌ندیس



• ململانێكانی‌ ئه‌مریكا وئێران زۆر له‌مێژه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی‌ 40 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ له‌ئێراندا له‌پاشایه‌تیه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌ڕابه‌رایه‌تی‌ ئیمام خومیه‌نی‌.سیسته‌مێكی‌ ئیسلامی‌ وه‌لی‌ فه‌قیی‌‌و شیعه‌ مه‌زهه‌ب كه‌ له‌بڕیارو سیاسه‌ت و تێڕوانینه‌كانیاندا گه‌رچی‌ به‌ڕوكه‌شیش بێت توندڕه‌وو ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی‌ هه‌موو به‌هاكانی‌ دیموكراسی‌ و دونیای‌ ڕۆژئاوایین،به‌ڕابه‌رایه‌تی‌ ئه‌مریكا. ئیدی‌ له‌و كات‌و زه‌مانه‌وه‌ ئێران‌و ئه‌مریكا هیچ كات په‌یوه‌ندیه‌كی‌ توندوتۆڵ‌و گه‌رموگوڕیان پێكه‌وه‌ نه‌بووه‌،جگه‌ له‌هه‌ندێك قۆناغ نه‌بێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ردوولا وایخواستوه‌ كه‌ جۆره‌ نزیكبونه‌وه‌یه‌ك یان په‌یوه‌ندیه‌كی‌ ژێربه‌ژێریان هه‌بێت له‌ڕێگه‌ی‌ لایه‌نی‌ سێهه‌مه‌وه‌.

 

• ئه‌وه‌تا له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ جه‌نگی‌ 8 ساڵه‌ی‌ عێراق ئێرانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌مریكا پشتیوانی‌ عێراقی‌ كردوه‌ و دواتریش له‌ده‌یه‌ی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ ڕابووردوشدا هه‌میشه‌ ئێران و ئه‌مریكا ناته‌بابوون و ئێران ئه‌مریكا به‌ ده‌ستێوه‌ردان و هاندانی‌ باڵه‌كانی‌ ناو سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ تاوانبار ده‌كرد به‌نیازی‌ تێكدانی‌ ئارامی‌ ناوخۆی‌ ئێران و باڵی‌ ڕیفۆرخوازه‌كانی‌ ئێرانیشی‌ به‌ سازشكار و نه‌رمی‌ نواندن تۆمه‌تبار ده‌كرد بۆ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا.له‌سه‌ده‌ی‌ بیست و یه‌كه‌میش و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2000كانه‌وه‌ ئه‌مریكا هه‌میشه‌ ئێران و سوریا و كۆریای‌ باكوری‌ به‌ پاڵپشت و هانده‌ری‌ تیرۆر و تیرۆریستانی‌ داده‌نان و ناوی‌ خستبونه‌ لیستی‌ ڕه‌شه‌وه‌.ئیدی‌ له‌دوای‌ ڕووداوه‌كانی‌ سێپته‌مبه‌ری‌ 2001ی‌ ئه‌مریكا له‌لایه‌ن ڕێكخراوی‌ قاعیده‌ی‌ تیرۆریست و جه‌نگی‌ ئه‌فغانستان و ڕووخانی‌ ڕژێمی‌ به‌عسی‌ صدامی‌ ئێران له‌لای‌ ئه‌مریكا بۆته‌ دوژمن و نه‌یاری‌ پله‌ یه‌ك وسه‌رسه‌ختی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیشی‌،بۆیه‌ له‌و كاته‌وه‌ ئه‌مریكا له‌ڕووی‌ سیاسی‌ و ئه‌منی‌ و ئابوری‌ و فه‌رهه‌نگیشه‌وه‌ له‌هه‌وڵدایه‌ كه‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌ ناوخۆی‌ ئێران تێكبدات و هه‌وڵی‌ گۆڕانكاری‌ و ڕووخاندنی‌ ئه‌و سیستمه‌ حوكمڕانیه‌ش ده‌دات.له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێرانیش وه‌ك ولاَتێكی‌ گه‌وره‌ و خاوه‌ن نفوزی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بی‌ و ئابوریه‌كی‌ به‌هێز و زۆری‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوان و پانوپۆڕی‌ خاكه‌كه‌ی‌ و بوونی‌ هێزێكی‌ سه‌ربازی‌ و ئه‌منی‌ به‌هێز و به‌توانا توانیویه‌تی‌ ململانێكانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ته‌واوی‌ ئه‌وروپاشدا درێژه‌ و به‌رده‌وامی‌ پێبدات و زۆر جارانیش له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی‌ واقع سه‌ركه‌وتنیشی‌ وه‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ ولاَتانی‌ لوبنان و سوریاو عێراق و یه‌مه‌ن و …هتد.به‌شێوه‌یه‌ك له‌ئێستادا ئێران بۆته‌ هێزی‌ یه‌كه‌می‌ تۆقێنه‌ر و مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌ ولاَتانی‌ سعودیه‌ و به‌حره‌ین و ئیمارات و و ئیسڕائیلیش و ده‌سه‌لاَتی‌ گه‌وره‌شی‌ له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌ عێراق و سوریا و لوبنان و یه‌مه‌ن و عومانیشدا هه‌یه‌.

بۆیه‌ ئه‌مریكا گه‌ره‌كێتی‌ چیدی‌ ڕێگه‌ بگرێت له‌و پاوانخوازی‌ و فراوانبونی‌ هه‌ژموونی‌ ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ گه‌لێك هه‌وڵی‌ تێكدان و نانه‌وه‌ی‌ پشێوی‌ خوڵقاند له‌ناو ئێران و خۆپیشاندانه‌ چه‌ند ڕۆژ و مانگه‌كانی‌ ڕابووردووی‌ جه‌ماوه‌ری‌ شاره‌كانی‌ ئێرانی‌ دروستكرد ،هه‌موانیشی‌ به‌ ئامانجی‌ تێكدان و پشێوی‌ نانه‌وه‌ بۆ حوكمڕانانی‌ ئێران،به‌لاَم تائێستا كاریگه‌ریه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌رنه‌كه‌وتوه‌ لسه‌ر به‌ره‌ی‌ ناوخۆیی‌ ئێران.هه‌ربۆیه‌ ئه‌مریكا له‌یه‌ك كاتدا گه‌مارۆی‌ ئابوری‌ و جه‌نگی‌ ده‌روونی‌ و دارایی‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ته‌عریفه‌ی‌ گومركی‌ له‌سه‌ر كالاَ پیشه‌سازیه‌ گرنگه‌كانی‌ توركیا و ئێران و پیلانگێڕی‌ دژی‌ نرخی‌ لیره‌و تومه‌نی‌ ئێرانی‌،وایانكردوه‌ كه‌ هه‌ردوو ولاَت به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریه‌كانی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ ئه‌مریكاوه‌ و خه‌توخاڵی‌ تێكچوونی‌ بار و دۆخی‌ ئابوری‌ ڕوویكردۆته‌ ئێران و توركیا. له‌ ئێستادا ئێران نرخی‌ دراوه‌كه‌ی‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دابه‌زیوه‌ كه‌ بۆ هه‌ر 100 دۆلارێك 1600000 تمه‌ن ده‌كات كه‌ له‌مێژووی‌ تمه‌ندا ئه‌م نرخه‌ی‌ به‌خۆوه‌ نه‌دیوه‌،ئابوری‌ ئێران و گرانبوونی‌ نرخه‌كانی‌ كالاَو پێداویستیه‌كان به‌ڕێژه‌یه‌ك به‌رزبونه‌وه‌ كه‌ كاری‌ كردۆته‌ سه‌ر گوزه‌رانی‌ ته‌واوی‌ هاولاَتیان و سێكته‌ره‌كانی‌ ژیان و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕابه‌ری‌ ئێران خامنه‌ئی‌ دان بنێت به‌ خراپی‌ دۆخی‌ هاولاَتیاندا.
هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵدا كه‌ سه‌رۆك ترامپ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2015 ولاَتانی‌ ((5+1 و ئێران))هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی‌ گونجاوتر واژۆی‌ ده‌كاته‌وه‌ و ئێرانیش به‌مه‌ ڕازی‌ نه‌بوو.

• له‌ئێستادا ئه‌مریكا له‌مانگی‌ 5/2018 وه‌ چه‌ند ڕێوشوێنێكی‌ ئابوری‌ گرتۆته‌ به‌ر دژی‌ ئێران و كاریگه‌ریه‌كانی‌ ئه‌وه‌یان ده‌رخستوه‌ كه‌ ئێران ناتوانێت بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دوورودرێژ بتوانێت خۆڕابگرێت، ئه‌مریكا بڕیاریشداوه‌ له‌ 4/11دا گوژمه‌ی‌ دووه‌می‌ گه‌مارۆكانی‌ بۆ سه‌ر ئێران ده‌ستپێبكات و به‌مه‌ش هێنده‌ی‌ تر كاریگه‌ری‌ و مه‌ترسیه‌كان زیاتر ده‌بێت بۆ سه‌ر ئێران و كۆمه‌ڵگای‌ ئێرانی‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئێران وه‌كو توركیای‌ دراوسێی‌ سازش و نه‌رمی‌ نه‌نوێنێت و كڕنۆش نه‌بات بۆ ئه‌مریكا و به‌مه‌رجه‌كانی‌ ڕازی‌ نه‌بێت ئه‌وا زۆر نزیكه‌ كه‌ گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ ته‌نانه‌ت ڕووخاندنی‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانیه‌كه‌شی‌ لێبكه‌وێته‌وه‌.
• ئه‌مریكا له‌سه‌ر زاری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مایك بۆمبیۆ ڕایگه‌یاند((كه‌چیتر ئێران ده‌ستكراوه‌ نابێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ژموونی‌ خۆی‌ بسه‌پێنێت له‌ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوه‌ڕاستدا))و كۆمه‌ڵێك مه‌رجی‌ داناوه‌ بۆ ئێران بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا ڕێكبكه‌وێت و گه‌مارۆكانی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبگرێت له‌وانه‌ش:

1. ئاشكراكردنی‌ وورده‌كاری‌ سه‌ربازی‌ پێشووتری‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ بۆ ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌.2. ڕاوه‌ستاندنی‌ هه‌موو كاری‌ پیتاندنی‌ یۆڕانیۆم و به‌رهه‌منه‌هێنانی‌ بلۆتۆنیۆمیش و داخستنی‌ كارگه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ ئاوی‌ قورسیش له‌((ئاراك)).
3. ڕێگه‌دانی‌ بێ‌ مه‌رج به‌ پشكنه‌ره‌كانی‌ ئاژانسی‌ وزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ چوونیان بۆ هه‌موو ئه‌و جێگایانه‌ی‌ كه‌ به‌رنامه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ تیادا جێبه‌جێده‌كرێت له‌ ئێراندا.
4. ڕاگراتنی‌ ڕۆكێتی‌ بالیستی‌ و ڕۆكێتی‌ هه‌ڵگری‌ كلاَوه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌.
5. ئازادكردنی‌ هاولاَتیانی‌ به‌ندكراوی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ ئێران و ولاَتانی‌ هاوپه‌یمانی‌ ئه‌مریكا كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ گیراون.
6. ڕاگرتنی‌ پشتیوانی‌ بۆ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان له‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوه‌ڕاستدا له‌ناویشیاندا حیزبولاَی‌ لوبنانی‌ و بزوتنه‌وه‌ی‌ جیهادی‌ ئیسلامی‌.
7. ڕێزگرتن له‌سه‌روه‌ری‌ حكومه‌تی‌ عێراق و ڕێگه‌دان به‌ چه‌كداماڵینی‌ میلیشیا شیعیه‌كان.
8. ڕاگرتنی‌ هاوكاریه‌كانی‌ بۆ گروپی‌ حوسیه‌كان له‌یه‌مه‌ن و چاره‌سه‌ری‌ سیاسیانه‌ی‌ كێشه‌ی‌ یه‌مه‌ن.
9. كشانه‌وه‌ی‌ هه‌موو هێزه‌كانی‌ ئێران له‌ناو سوریادا.
10. ڕاگرتنی‌ هاوكاری‌ بۆ تاڵیبان و تیرۆریسته‌كانی‌ تر له‌ ئه‌فغانستان و ناوچه‌كه‌ و ڕێگه‌ نه‌دان به‌ قاعیده‌ بۆ مانه‌وه‌یان له‌ ئێران.
11. ڕاگراتنی‌ هاوكاری‌ و پشتیوانی‌ بۆ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ په‌یوه‌ست به‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ جیهاندا.
12. ڕاگراتنی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ بۆ دراوسێكانی‌ و له‌ناویشیاندا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌ناوبردنی‌ ئیسڕائیل و ڕۆكیت گرتنه‌ سعودیه‌ و ئیمارات و هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ بۆ هاتوچۆی‌ ئاوی‌ جیهانی‌ و هێرشه‌ تێكده‌رانه‌كانی‌.

به‌م شێوه‌یه‌ گه‌ر ئێران ئه‌م مه‌رجانه‌ جێبه‌جێبكات ئه‌وا ده‌بێته‌ ولاَتێكی‌ بچوكی‌ بێ‌ ده‌ست و په‌ل وپۆ و نفوزی‌ خۆی‌ له‌ده‌ستده‌دات له‌ناوچه‌كه‌دا و ده‌بێته‌ ولاَتێكی‌ ده‌سته‌مۆی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌مریكاو ،ئه‌گه‌ریش جێبه‌جێیان نه‌كات ئه‌وا ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك گه‌مارۆی‌ ئابوری‌ تری‌ ئاماده‌كردوه‌ بۆ سه‌ر ئێران و بۆ سه‌ر هه‌موو ئه‌و ولاَت و كۆمپانیایانه‌شی‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ بازرگانی‌ و نه‌وت و ئابوری‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش ئێران ده‌چێته‌ ژێر بارێكی‌ سه‌ختی‌ ئابوریه‌وه‌ و ناتوانێت بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دوورودرێژ خۆی‌ ڕابگرێت و ته‌نها دوو ڕێگه‌ی‌ له‌به‌رده‌مدایه‌ یان ته‌سلیمبون به‌ سیاست ومه‌رجه‌كانی‌ ئه‌مریكا یانیش ڕووخاندن و له‌گۆڕنانی‌ ده‌سه‌لاَت و سیسته‌می‌ حوكمڕانیه‌كه‌ی‌ كه‌هه‌ردووكیان وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ جامێك ژه‌هر بخواته‌وه‌ به‌ناچاری‌ هه‌روه‌كو چۆن ئیمام خومه‌ینی‌ ئه‌و پیاڵه‌ ژه‌هره‌ی‌ خوارده‌وه‌ به‌ناچاری‌ كه‌ بڕیاری‌ شه‌ڕ ڕاگرتنی‌ دا له‌گه‌ڵ صدام حسێندا له‌ساڵی‌ 1988دا.

جا ئه‌مریكا له‌ ئێستادا لیستێك گه‌مارۆی‌ ئاماده‌كردوه‌ بۆ سه‌ر ئێران كه‌ له‌ 4/11/2018وه‌ جێبه‌جێیان ده‌كات و هه‌ر له‌ئێستاشه‌وه‌ گه‌وره‌ ولاَتانی‌ ئه‌وروپا و چین و كۆریای‌ باشور و یابان و هندو ..گه‌لێكی‌ تر،پابه‌ندبونی‌ خۆیان ڕاگه‌یاندوه‌ به‌و گه‌مارۆ و سزا ئابوریانه‌وه‌،بۆیه‌ ساڵی‌ داهاتوو ساڵێكی‌ پڕ قه‌یران و سه‌خت و دژوار ده‌بێت بۆ ئێران و ئێرانیه‌كان ئه‌گه‌ر سه‌رسه‌ختی‌ بكات و بوه‌ستێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا و دواتر به‌ له‌ده‌ستدانی‌ سه‌ری‌ خۆی‌ ته‌واو ده‌بێت هه‌روه‌كو ڕژێمه‌كه‌ی‌ صدام حسێنی‌ عێراق.

• لیستی‌ گه‌مارۆ نوێكانی‌ ئه‌مریكا كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 3 مانگی‌ داهاتوودا جێبه‌جێده‌كرێن بریتین له‌:
1.دانانی‌ مه‌رج و كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر فرۆشتنی‌ دراوی‌ ئه‌مریكی‌ به‌ ئێران.
2.دانانی‌ كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر كڕینی‌ ئاڵتون و كانزای‌ به‌نرخ له‌ ئێران.
3.دانانی‌ كۆتوبه‌ندی‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر كڕینی‌ ئاسن و ئه‌له‌منیۆم.
4.دانانی‌ كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانی‌ سه‌نه‌داتی‌ ئێرانی‌.
5.دانانی‌ كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر گریبَه‌سته‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا پیشه‌سازیه‌كانی‌ ئۆتۆمبێلی‌ ئێرانی‌.
6.دانانی‌ كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ گه‌وره‌كان به‌ دراوی‌ ئێرانی‌((ڕیاڵ)).
7.دانانی‌ كۆتوبه‌ند به‌سه‌ر بواری‌ كه‌رتی‌ ئۆتۆمبێلی‌ ئێرانیدا.
8.دانانی‌ كۆتوبه‌ند به‌سه‌ر بازرگانی‌ فه‌رش و كه‌لوپه‌لی‌ خۆراكی‌ ئێرانی‌.
9.هه‌روه‌ها هه‌ڵده‌ستێت به‌ كێشانه‌وه‌ی‌ مۆڵه‌تی‌ هه‌نارده‌كردن له‌ كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ فڕۆكه‌وانی‌ شارستانیه‌وه‌ و له‌ناویشیاندا كۆمپانیای‌ بۆینگ و ئێرباص.
• دوای‌ 180 ڕۆژیش ئه‌م گوژمه‌ نوێیه‌ی‌ سزاكانیش ده‌كه‌ونه‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌:
1.گه‌مارۆكان په‌لده‌كێشن بۆ بواری‌ به‌نده‌ره‌كانی‌ ئێران و پاپۆڕ و كارگه‌ی‌ دروستكردنی‌ پاپۆڕه‌كانیش.
2.سه‌پاندنی‌ گه‌مارۆ بۆسه‌ر ئاڵوگۆڕی‌ دارایی‌ له‌نێوان ده‌زگا داراییه‌ بیانی‌ و بانكی‌ مه‌ركه‌زی‌ ئێرانیدا.
3.سه‌پاندنی‌ گه‌مارۆ به‌سه‌ر نوسراو و دڵنیایی‌ و گێڕانه‌وه‌ی‌ دڵنیایی‌.
4.سه‌پاندنی‌ گه‌مارۆ بۆ سه‌ر مامه‌ڵه‌ په‌یوه‌سته‌كان به‌ چالاكیه‌ نه‌وتیه‌كانه‌وه‌.

• له‌كۆتاییدا زۆر سه‌خته‌ كه‌ ئێران و ڕژێمه‌كه‌ی‌ بتوانن مقاوه‌مه‌ت و به‌رگه‌ی‌ ئه‌م هه‌موو گه‌مارۆیانه‌ بگرن و 80 ملیۆن كه‌س بتوانن ئیداره‌ به‌ده‌ن وگوزه‌رانیان بۆ دابین بكه‌ن وبۆ ماوه‌یه‌كی‌ دووردرێژ ڕازیان بكه‌ن كه‌ دژی‌ ئه‌مریكا بجه‌نگن،چونكه‌ له‌ بنچینه‌دا هاولاَتی‌ و كۆمه‌ڵگای‌ ئێرانی‌ به‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانیانه‌وه‌ ماوه‌ی‌ 39 ساڵه‌ ناڕازین له‌م ده‌سه‌لاَته‌و گه‌ره‌كیانه‌ به‌زووترین كات له‌كۆڵیان ببێته‌وه‌ و ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كانی‌ ئێران وه‌كو زه‌مانی‌ شای‌ ئێران به‌سه‌ر هه‌موو دونیادا بكرێنه‌وه‌ و ئه‌وانیش وه‌كو دونیای‌ پێشكه‌وتوو به‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادیه‌ ڕاسته‌قینه‌كان شاد ببن.بۆیه‌ گه‌ر ڕژێمی‌ ئێرانی‌ گه‌ره‌كێتی‌ سه‌ری‌ سه‌لامه‌ت بێت ده‌بێت به‌نه‌رمی‌ و له‌سه‌رخۆیانه‌ بكه‌وێته‌ گفتوگۆوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌كه‌وێته‌ به‌ر قین و نه‌فرت وخه‌شم و لێدانی‌ ئه‌مریكاوه‌ چونكه‌ ته‌نها ته‌قاندنی‌ تۆپه‌كه‌ ماوه‌ ئه‌گینا ئێران له‌هه‌موو كات زیاتر ته‌نهاتره‌ و ڕاسته‌وخۆ كه‌ۆتۆته‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ نیشانه‌گرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكاوه‌ بۆ لێدان و ڕووخاندنیشی‌.ئه‌وه‌ش زه‌مان و ئاینده‌ بۆمان ڕوونتر ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌م بابه‌ته 318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.