وتمان لەگەڵ ڕیفراندۆمداین بەڵام بەم شێوەیە نا !!!

‌نه‌وزاد موهه‌ندیس


وەك یەكێتیەك ،هەم بۆ بەرژەوەندی یەكێتی و هەمیش بۆ بەرژەوەندی گەلەكەشمان ..ئەم تێبینیانە دەخەمە ڕوو لەسەر كۆبونەوەكەی كاك مەسعود لەگەڵ حیزبە سیاسیەكان(( 15 حیزبی‌ كه‌وره‌ و بجوك)) و بڕیارەكانیان:

1. بۆچی 25/9 دیاریكراوە بۆ ڕیفراندۆم، لەكاتێكدا دەكرا هەردوو پڕۆسەكە بەیەكەوە بكرێت و یەك خەرجی تێبچێت، بۆچی ڕیفراندۆم خرایەوە پێش هەڵبژاردنەكانەوە ،كە تەنها لێرەدا پارتی قازانجی لێدەكات،چونكە بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕیفراندۆم و پەسەندكردنەكەی دەبێتە دەسكەوت بۆ پارتی نەك یەكێتی كەخۆی هەڵگری ((مافی چارەنوسە ‌وئەندازیاری فیداڕاڵیشە ))لەساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی ڕابووردوەوە. كە ئەمەش لە هەڵبژاردنەكاندا بە قازانجی پارتی دەشكێتەوە و دەنگ و كورسی زیاتر دێنێت و بەزیانی یەكێتی تەواو دەبێت.بەڵام ئەگەر پێكەوە سازبدرێن ئەوا هێندە بە قازانجی پارتی ناشكێتەوە.

2. بڕیاردراوە كە لە 6/11دا هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم بكرێت.. باشە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 2 ساڵە لەگەڵ 3 حیزبەكەی تردا(( گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوودا)) دروشمی سیستەمی پەڕلەمانیتان بەرزكردۆتەوە وكە دەبێت سەرۆك لەناو پەڕلەماندا هەڵببژرێدرێت. ئەی ئەم بڕیارەتان لەچی و بۆچی؟ئەگەر سەرۆك لەلایەن گەلەوە هەڵببژێردرێت كە داواكاری و مەرجی پارتی بوە..ئەی ئەم هەموو ساڵانەبۆچی بەرەنگاری ئەم بڕیارەتان كرد و میلەتان برسی و نائومێد كرد؟

3. ئایا دڵنیان كە زۆرینەی 51% دەنگ بەبەڵی دەدات بۆ ریفراندۆم؟ ئەگەر گۆڕان و كۆمەڵ دەنگ بەڕیفراندۆم نەدەن و دڵنیاشم گەر ئیلتیزامی حیزبی نەبێت ئەوا زۆرێكی تریش لە لایەنگران و ئەندامانی یەكێتی و یەكگرتوش دەنگ نادەن بە بەڵی بۆ ڕیفراندۆم . جا ئەگەر پەسەندنەكرا ،ئەوا دووجار مایەی ریسوایی و شەرمەزاری دەبێت لەبەردەم جەماوەری گەلەكەمان و لەبەردەم عێراق و وڵاتانی دراوسێ و دونیاشدا..

4. بۆیە بۆئەوەی هەموان بە گیانی نیشتیمان پەروەری و كوردایەتی و بەوپەڕی ویژدان و ڕازیبونەوە بەشداری ئەو دوو پڕۆسەیە بكەن ،پێویستە پێش وەخت:

1. پەڕلەمان كارا بكرێتەو ەو یاسای پێویست دەربكات بۆ ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەكانیش
2. پاشكەوتی مووچە نەمێنێت و گوزەرانی خەڵكی باش بكرێتەوە.
3. تەبایی و ئاساییبونەوەی دۆخی سیاسی هەرێم یەك و یەكگرتوو بكرێتەوە.
4. نێوماڵی كورد ڕێكبخرێتەوە و هەموان پێكەوە ئەم كارانە بكەن.

بەپێچەوانەوە هیچكام لەم دوو پڕۆسەیە سەركەوتوو نابێت و ئەوەی شەرمەزاری گەورەش دەبێت بەداخەوە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێت.ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای‌ دروستبوونی‌ جه‌ندین كیشه‌ی‌ ناوخۆیی‌ و دواتریش له‌كه‌ل عیراق و ناوجه‌كه‌شدا. كه‌هه‌موانیان به‌ زیانی‌ كه‌وره‌تر ده‌شكینه‌وه‌ به‌سه‌ر میله‌ته‌كه‌ماندا.


PM:12:37:08/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 3368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی