خەیاڵتان خاوە، ویژدانی خەڵک نەمردووە

‌ ئاسۆس هه‌ردی



ماوەیەکە بە بەرنامە هەڵمەتێکی ناشرینی درۆ و ساختەکاری دژی خانەوادەکەمان لەلایەن پەیجە بێدایک و باوکە حیزبییەکانەوە دەستی پێکردووە. دیارە ئەمە یەکەم جار نیە باجی هەڵوێستەکانمان دەدەین و دەستوپێوەند و مفتخۆرەکانی ئەم حیزب و ئەو حیزب جنێوبارانمان دەکەن و درۆی شاخدارمان بۆ هەڵدەبەستن. بەڵام پێدەچێت ئەم هەڵمەتەی ئەمجارە جیاوازبێت، چونکە حیزب هەرچی توانای چەواشەکاریی هەیە بەکاری دێنێت بۆ ناشرینکردنمان و، بەخەیاڵی خۆیان بۆ چاوترساندن و پەشیمانکردنەوەمان لەو رێگا راستەی لە قوتابخانەی هەردیدا فێری بووین. قوتابخایەک کە فێریکردین بێدەنگ نەبین و داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خۆمان و خەڵکی کوردستان بکەین. سەیرلەوەدایە ئەوانەی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی و تەنانەت ئاسمانی کوردستانیشیان قۆرخ کردووە و بەتاڵانی دەبەن، هێرشدەکەنە سەر ئەوانەی بەدرێژایی تەمەنیان دژی گەندەڵیی و نادادیی وەستاون و باجەکەیشیان بەقورسیی داوە. 

خۆ هەر دوێنێ بوو خۆیان وتیان "شەهید نەبووە و کردوومانە بە شەهید. زیندانی نەبووە و کردوومانە بە زیندانی سیاسیی"! ئەی ئەوە نیە کوردستانیان مایەپووچ کردووە و خەڵکی بێدەرەتانی کوردستان باجەکەی دەدات؟ ئەوانەی لەشکری داگیرکەرانیان هێنایە سەر کوردستان، لەبری ئەوەی شەرم بیانگرێت، هێرشی ناڕەوا و بێ ئابڕووانە دەکەنە سەر ئەوانەی لە خەباتی نهێنی و شاخ و پێشمەرگایەتییەوە تا ئەمڕۆ، داکۆکی لە بەها ئینسانیی و نیشتمانییەکان دەکەن! کێ هەیە نەزانێت کێن ئەوانەی جاش و موستەشاریان کردووە بە پێشمەرگەی سەنگەر؟! ئەوانەی بەبەرچاوی خەڵکی کوردستان و جیهانەوە ئازادیخوازان تیرۆردەکەن، پەلاماری داکۆکیکارانی ئازادی دەدەن! بڕۆن تەماشای لیستی ڕەشی پێشێلی ئازادییەکان و گەندەڵکارییەکان بکەن، ساڵ نیە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناویان لەو لیستەدا تۆمار نەکەن! ئەوانەی لەشەڕی حیزب و بەرژەوەندییەکانیاندا دەستیان بە خوێنی لاوانی نیشتمان سووربووە، لەبری ئەوەی سەری شۆڕیان کزکەن و خۆیان لەچاوی خەڵکی کوردستان و کەسوکاری ئەو شەهیدانەی لە شەڕەکانی خۆیاندا بەکوشتیان دان، بشارنەوە، بێشەرمانە دەنگ بەسەر ئەواندا هەڵدەبڕن کە بەدرێژایی دژی ئەو شەڕە نەگریسانە وەستاون و لە هیچ ساتێکدا بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبوون!

ئێمە دڵنیاین خەڵکی هۆشیار و وریای کوردستان، ئەم درۆودەلەسە و پڕوپاگەندانەیان بەسەردا تێناپەڕێت، چونکە زۆر باش دەزانن ئەوە خەڵکە دڵسۆز و ئازادیخوازەکەن کە بەر هێرشی حیزبە گەندەڵەکان دەکەون. بۆیە راستیان گوتووە، دەبێ هەمیشە گومان لەوانە بکەی کە حیزب و دەستوپێوەندکانی ستایشیان دەکەن. متمانەش بەوانە بکەی کە گەندەڵەکان هێرشیان دەکەنەسەر. لە کۆتاییشدا بە ئیجازەی پیرەمیردی نەمر بەو ڕووزەرد و دەمزەردانە دەڵێین: "ویژدانی خەڵک نەمردووە، خەیاڵتان خاوە". ئەو جۆرە جنێوفرۆشییەش هەرگیز نامانترسێنێ و لەو ڕاستە رێگایەی گرتوومانە، پەشیمانمان ناکاتەوە. ئێمە منداڵ بووین کە باوکی ڕەحمەتیمان فێری کردین، رێگای ڕاست پڕە لە قۆرت و تەگەرە و کێشە، بەڵام هەر ڕێگای ڕاستە و نابێت لەژێر هیچ گوشارێکدا لێی لابدەین و تەسلیم بین.


PM:03:16:31/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 2860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی