کۆتایی سوپا و سەردەمی میلیشیا

‌مەجید ساڵح

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە ئەو دەم سادق خاڵخاڵی سەرۆکی بوو، شەپۆلێکی گەورەی لە سێدارەدانی ئەفسەرانی پایە بڵندی سوپای شاهەنشاهی دەست پێکرد. لە ١٦/٢/١٩٧٩ یەکەمین دەستەی ئەفسەرانی ئێران کە بریتی بوون لە چوار جەنەرال بە فەرمانی دادگاکەی خەڵخاڵی لە سێدارەدران. بە پێی راپۆرتەکانی کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، دوای سەرکەوتنی شۆڕش تاوەکو مانگی ئازاری ١٩٨٠، ژمارەی ئەفسەر و دەرجەدارە لە سێدارە دراوەکان گەیشتنە ٤٣٨ کەس.

دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕش بە پێی فەرمانێکی ئیمام خومەینی لە ساڵی ١٩٨٠ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ بەرگریکردن و پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش دامەزرا. لە ئێستادا ئەم سوپایە جگە لە هێزی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی، خاوەنی دوو هێزی دیکەیە بە ناوەکانی (قودس) کە ئەرکی لە سنورەکانی دەرەوەی ئێرانە و (بەسیج) کە بۆ پاراستنی ناوخۆییە. ئەم سوپایە لە ژێر فەرماندەیی رابەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەدایە، جگە لە چالاکی سەربازی، چالاکی ئابوری و سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەکات.

ئەندامانی سوپای پاسداران زۆر بە وردی دەستنیشان دەکرێن و ئیمتیازاتی مادی و مەعنەوی زۆریان هەیە و رۆڵی گەورەیان گێڕاوە لە پاراستن و سەقامگیر بوونی سیستمی جمهوری ئیسلامی لە ئێران.
بە دامەزراندنی سوپای پاسداران، ئەرتشی ئێران رۆڵی جارانی نەماوە و تەنها بە روکەش ماوەتەوە.
(عێراق)

مێژووی دامەزراندنی سوپای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ٦ کانونی دووەمی ١٩٢١، یەکەمین فەوجی ئەو سوپایە لە کاتی ئینتدابی بەریتانی دامەزرا. ساڵی ١٩٣١ هێزی ئاسمانی بۆ زیاد کرا و لە ساڵی ١٩٣٧ هێزی دەریایی هاتە مەیدانەوە. لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران ژمارەی هێزە چەکدارەکانی عێراق گەشتە یەک ملیۆن چەکدار. ساڵی ٢٠٠٣ پۆل بریمەر حاکمی مەدەنی بە بیانوی ئەوەی ئەم سوپایە ملکەچی رژێمی پێشوویە، سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەڵام دوای یەک مانگ سەر لە نوێ سوپاکەی دامەزراندەوە.

پێش هاتنی داعش بە یەکێک لە سوپا پڕچەک و خاوەن دیسپلینەکان دادەنرا و بە پێی پێگەی (globalfirepower)) پلەی ١١٢ هەمین سوپای هەبوو لە سەر ئاستی دونیا.
دوای کەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤، شانو شکۆ ئەم سوپایە بە تەواوەتی تێکشکا و لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بە چاوی سوک سەیر دەکرا. بە نزیک بونەوەی داعش لە بەغداد، مەرجەعیەتی شیعە لە نەجەف جیهای کەفائی راگەیاند و لە ماوەیەکی کەمدا میلیشیایەک دروست بوو بە ناوی (الحشد الشعبی)، ژمارەی چەکدارەکانی ئەم هێزە دیاری نەکراوە. بودجەی هێزەکە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت و تەنها لە ساڵی ٢٠١٥  شەست ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، بە ناو لە ژێر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراقدایە، بەڵام لە راستیدا فەرمان لە مەرجەعە ئایینیە شیعەکان وەردەگرن، لە کاتی جەنگەکاندا لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەکرێن. لە ئێستادا لە ناوچە شیعە نشین و جێناکۆکەکاندا رۆڵی زۆر گەورە دەگێڕن و هەوڵی سەپاندن و گۆڕینی دیمۆگرافی ئەو ناوچانە دەدەن.

لە عێراق سوپا رۆڵی جارانی نەماوە و شیعەکان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان پشت بە میلیشیای حەشدی شەعبی دەبەستن.
(تورکیا)
سوپای تورکیا(TSK)  یەکێکە لە کۆنترین سوپاکانی ناوچەکە، بە پێنجەمین سوپای ناتۆ دەهاتە ژماردن. رۆڵی گەورەی هەبوە لە بونیاد نانی تورکیای نوێ. بە پارێزەری سیستمی کەمالیزم و عەلمانیەتی تورکی دادەنرێت. چەندین جار لە بڕگە جیا جیاکانی مێژووی هاوچەرخی تورکیا لە رێگەی کودەتاوە نەیهێشتوە سیستمی سیاسی لە تورکیا بکەوێتە دەستی هێزە چەپ و ئیسلامییەکان و لە جینۆساید کردنی گەلی کورددا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.

دوای هاتنە سەرکاری AKP  لە ساڵی ٢٠٠٢، وردە وردە کار لە سەر هەڵوەشانەوە و کۆنترۆڵ کردنی کراوە. جەنرالەکانی سوپا بۆ دەرباز بوون لە کۆنترۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆمەڵێک ئەفسەری خانەنشین کە لە رێکخراوی ئەرگەنەگۆن ئەندام بوون، هەوڵی کودەتایەکی سەربازییاندا، بەڵام دواتر لە پرۆسەی (چەکوش) ١٩٦ ئەفسەر دەسگیرکران، پاشان لە ساڵی ٢٠١٠ بە بیانوی ئەندامێتی لەو رێکخراوە، ٢٧٢ ئەفسەری دیکە لە ناویاندا باچبوغ سەرۆکی پێشوی ئەرکانی سوپا رەوانەی زیندان کران.    ئەردۆغان سەرکەوتوو بوو لە گرتن و شکاندنی ئیرادەی جەنراڵەکانی سوپا کە بەشی زۆریان هەڵگری ئایدۆلۆژیای کەمالیزمن.

 لە ١٥ تەموزی ٢٠١٦ ئەردۆغان لە رێگەی سیناریۆی کودەتایەکی ساختەوە توانی دوا بزمار بدات لە تابوتی ئەو سوپایەی کە بە درێژایی مێژووی نوێی تورکیا نەیهێشتوە ئیسلامیەکان بگەنە دەسەڵات و هەرکاتێکیش گەیشتبێتنە دەسەڵات ناچاری کردون دەستبەرداری ببن. دیمەنەکانی شەوی ١٥/١٦ تەموز کاتێک جەنەراڵ و ئەفسەرەکانی سوپا بە دەست لایەنگرانی ئەردۆگان و حیزبەکەیەوە وەک جەلەب دەرانە بەر و لە تەویلەی مانگا و ئاژەڵدا رووت دەکرانەوە، ئاماژەیەکی روون و ئاشکرایە، کە رەجەب تەیب ئەردۆغان هاوشێوەی ئیمام خومەینی و شیعەکانی عێراق چیتر سوپایەکی ناوێت مەلکەچی دەوڵەت و دامەودەزگاکانی دەوڵەتداری بێت، بەڵکو میلیشایەکی حیزبی تایبەت بە AKP دادەمەزرێنێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکانی خۆی و بنەماڵەکەی.

لە خۆڕاش نییە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان چەندین ساڵە، بە دەنگ ئەو هەموو بانگەوازەوە نایەن کە دەمێکە داوای دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستان دەکات.. بۆیە سەردەمی سوپا بەسەر چوو، سەردەمی میلیشیایە.


PM:02:26:22/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 5292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی