گۆڕان و یەکێتی هەنگاوێک بۆ پێشەوە

‌مەجید ساڵح


(1)
جون ستیوارت میل لە کتێبی "ئازادی"دا دەڵێ پرۆسەی سیاسی لە هیچ وڵاتێکدا ناتوانێت بە شێوەیەکی راست و رەوان سەربگرێت گەر دو ئاراستەی دژ بە یەکی تێدا کۆ نەبێتەوە:
یەکەم: پارتێکی موحافزکار 
دوەم: پارتێکی پێشکەوتوخواز یان ریفۆرمخواز

ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتوی وەک ئەمەریکاو بەریتانیاو فەرەنسا... راستی قسەکانی "میل"ی سەلماندوە، ئەو دو ئاراستە ئایدۆلۆژیە لە رێگەی دەستورەوە لە سەر شێوازی گەمە سیاسیەکانی نێوانیان رێکەوتون و بێ هیچ توندوتیژییەک بۆ سەدان ساڵە بێ کێشە وڵاتەکانیان بەڕێوە دەبن.

هەر یەکە لەو دو ئاراستە ناکۆکە لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەوی دیکەیاندا سود لە هەڵەو کەموکوڕییەکانی دەبینێت و جگە لەوەی دوبارەی ناکاتەوە، لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵات چارەسەری بۆ دەدۆزێتەوە. بەڵام هەرگیز یاریەکە ناگەیەنێتە بازنەی ناعەقڵانیەت و خاپورکردنی ئەوەی بونیاد نراوە، خاڵی سەرەکی مانەوەی هەردو ئاراستە ئایدۆلۆژیەکە خۆی لە ئازادی رادەربڕیندا دەبینێتەوە، چونکە دەزانن گەر ئەوە نەکەن هاوسەنگی تێک دەچێت و لایەنێک بە زۆر خۆی فەرز دەکات بەسەر ئەوەی دیکەدا.

(2)
لە کوردستاندا مێژوی ململانێی ئەم دو ئاراستەیە (واتە موحافزکار و پێشکەوتوخواز) دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ململانێی نێوان نەقشبەندی و قادرییەکان. دواتر لە سەردەمی حوکمڕانی شێخ مەحموددا خۆی لە ململانێی نێوان (جل خوارەکان – تورک خوازەکان و لایەنگرانی ئینگلیز)دا دەبینێتەوە. لە شەستەکانی سەدەی رابردوشدا خۆی لە جەلالی و مەلاییدا دەبینیەوە. لە دوای راپەڕین لە نێوان (یەکێتی و پارتی). بەڵام لە دوای ساڵی (2005)ەوە، بەرەی پێشکەوتوخواز بە جۆرێک لە پەرتەوازەییدا تێپەڕ دەبێ و لە پاشەکشەدایە لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان کە نوێنەرایەتی کۆنزەرڤاتیڤکانی کوردستان دەکات. ئەوەی تێبینی دەکرێت بە درێژایی ئەو هەمو ساڵە لە ململانێی نێوان ئەم دو ئاراستەیە لە کوردستان، هیچ کات دانەنیشتون بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ژیرانە لە سەر جۆری ململانێکانیان رێکەون. هەمیشە بە ئاراستەی سڕینەوەی یەکتری کاریان کردوە، بەمەش هەم خۆیان بچوک بونەتەوە و هەمیش داگیرکەرانی کوردستان سودیان لێ بینیوە.

(3)
نزیک بونەوەی گۆڕان و یەکێتی رێکەوتن لەسەر پرۆژەی هاوبەش، هەنگاوێکی گرنگە بۆ رێکخستنی نێو ماڵی ئاراستەی پێشکەوتوخوازەکان، بەڵام ئەو نزیک کەوتنەوەیە نابێ لەسەر حسابی سڕینەوە یان بجوک کردنەوەی ئاراستەکەی دیکە (کۆنزەرڤاتیڤ - پارتی) بێت، چونکە ئەوە هەم مومکین نییە، هەمیش لە گەڵ ئەو بۆچونەی "میل"دا یەک ناگرێتەوە. بڕواش ناکەم دوای ئەو هەمو ئەزمونە تاڵەی شەڕی ناخۆ کەس بیر لە نادیدەگرتنی ئەوەی دیکە بکاتەوە.

بۆیە، لە دوای ئەو هەنگاوەی گۆڕان و یەکێتی بۆ یەکخستنی هەڵوێست و کرداریان، دەبێ زۆر بە خێرایی لە گەڵ ئاراستەکەی دیکەدا (پارتی) کۆ ببنەوە و لە سەر قەواعیدی یارییەکە رێک کەون و کوردستانی باشور لەم گێژاوە سیاسی و ئابوری و ئیدارییەی تێی کەوتوە دەرباز بکەن.. ئەگینا تا رۆژی حەشر ئەمە حاڵمان دەبێ و هەر خەریکی خۆخواردن دەبین.


PM:05:40:03/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 4888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی