‌ کێشەکە موچەیە یان شتی تر؟!
PM:01:22:06/05/2020
مەجید ساڵح


هەرکاتێک کێشەی پێنەدانی موچە یان دواکەوتنی سەرهەڵدەدا، هەرچی رۆژنامەنەس و نوسەر و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارە دێنە سەر خەت و هەڵایەک بەرپادەکەن ئەوپەڕەکەی دیار نییە، هەرکە حکومەت بڕێک پارە دەدات یان موچەکە رۆژێک لەوادەی خۆیدا دەدات بەرەبەرە هەڵاکە خاودەبێتەوە و دواتر کپ دەبێت..
ئایا کێشەکانی هەرێم هەر موچەیە؟!
بە دڵنیاییەوە نەخێر.. پێنەدانی موچە و دواکەوتنی دەرئەنجامی کۆمەڵێک کێشەی گەورەترە کە سەرەکی ترینیان خراپی سیستمی حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستان..
لە ١٩٩١ەوە هەرێم بە چەندین دۆخی مەترسیدار و یەکجار خراپدا تێپەڕیوە، بەڵام بیر لە چارەسەریان نەکراوەتەوە و قەیران تەسلیم بە قەیران کراوە و و رۆژ لەدوای رۆژ کێشە و قەیرانەکان کەڵەکە بوون تا گەیاندوینەتە ئەم هەلومەرجەی ئێستا کە حکومەت دەستەوەستانە لە ئەنجامدانی بچوکترین ئەرکی خۆی کە پێدانی موچەیە..
قەتیس کردنی کێشەو قەیرانەکانی هەرێم لە (موچە) هەڵهاتنە لە کێشە گەورەکانی تر و دووریش نییە بە مەبەست دروستکرابێ...
کێشەی سەرەکی ئەم هەرێمە لە ١٩٩١ەوە ئەوەیە حزب حکومەتە و حکومەت حزب، حزب پێی وایە هەموو داموودەزگاکان لە قوتابخانەوە تا دەگاتە وەزارەت و پەرلەمان موڵکی ئەوە و قسەی ئەوەڵ و ئاخر دەبێ ئەو بیکات..
کێشەی سەرەکی ئەم هەرێمە ئەوەیە حزب دەنگدەرەکانی کردوەتە موچەخۆر و بەبارمتە لای خۆی گلی داونەتەوە بۆ بانەرۆژ..
کێشەی سەرەکی کاربەدەستانی ئەم هەرێمە ئەوەیە گوێیان لەوانە نەگرت کە پێویست بوو گوێیان لێ بگیرێت، بەقسەی ئەوانەیان کرد کە جگە لە بەرژەوەندی خۆیان زیاتر هیچی دیکەیان لا مەبەست نییە و کە هەرێم توشی گرفت بوو جانتاکانیان کردەوە شان و چوونەوە بۆ لەندەن و واشنتۆن و.. لەدوورەوە گاڵتەیان بەم دۆخە دێت کە کوردستانی تێ کەوتووە...
هەموو ئەو کێشانە بێ متمانەیەکی گەورەیان دروستکردوە لە نێوان دەسەڵات و خەڵک...
چارەسەر چییە؟
سەدان پرۆژە بۆ چارەسەرکردنیان خراونەتەڕوو.. دووبارەیان ناکەمەوە ..


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.