ماجرەرای هوتێل رەمەدا چی بوو، و چی وترا؟!

‌مەجید ساڵح

(١)
پەنجا ساڵە نەیارەکانی نەوشیروان مستەفا دەڵێن:
- نەوشیروان مستەفا بشکێنن، کۆمەڵەی رەنجدەران هەرەس دەهێنێ..
- نەوشیروان مستەفا بشکێنن، یەکێتی نشتمانی دەفەوتێ..
- نەوشیروان مستەفا بشکێنن، بزوتنەوەی گۆڕان وەک ئاردی ناو دڕکی لێ دێت..
- دوای مەرگی خۆشی دەڵێن کوڕەکانی بشکێنە، نەوشیروان مستەفا دەشکێت..

سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی کە دران بۆ شکاندنی نەوشیروان مستەفا بەڵام کۆمەڵە بوو پتەوترین رێکخراوی سیاسی کوردی، یەکێتی بوو بە جێبەجێکەری راپەڕینی ١٩٩١ و بزوتنەوەی گۆڕانیش بوو بە قەڵای بەکژاچوونەوەی گەندەڵی و ئەندازیاری چاکسازی..لە راستیدا نەوشیروان مستەفا نە بە کەس بچوک دەبێتەوە و نە بەکەسین گەورە دەبێ، چونکە نەوشیروان مستەفا خۆی گەورەیە، گەورەیەکەشی بە میراتی بۆ بەجێ نەماوە، بەڵکو بەرهەمی ٦٠ ساڵ تێکۆشان و خوێندن و نوسین و کاری پڕ لە زەحمەت بووە..

(٢)
٢٦/١٠/٢٠١٩ (سەنتەری پەی) کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ هەڵسەنگاندنی کاروبارەکانی پەرلەمان رێکخست، بەندەش داوەتی ئەو کۆبوونەوەیە کرابووم.. کاک یاسین تەها مەسەلەی متمانەی هێنایە ئاراوە و باسی سەید سیستانی کرد کە لەبەر ئەوەی ماڵی لە گەڕەکێکی هەژارنشینی نەجەفە و بە سادەیی دەژی بۆیە خەڵک متمانەیان پێیەتی. دکتۆر مەحەمەد کە پێشتر لە گۆڕاندا بەرپرسی ژوری توێژینەوە بوو، هەڵیدایەوە و وتی (زۆرکەس لێرەش باوکی هەژاران بوو کەچی دەرکەوت باوکی دەوڵەمەندەکانە) منیش داوام لە بەڕێوەبەری کۆبونەوەکە کرد کە رێگری بکات لەوەی هەندێ کەس (ژەهری ئەفکاریان دەڕژێنن، ئەگینا ئێمەش قسەی ترمان دەبێ). 

دواتر نورە هاتە سەر من لە وڵامی ئەوەی بۆچی پەرلەمان ناکارایە؟ رای خۆمم دەربڕی ئەمە کورتەکەیەتی:

- دوو لایەن بەرپرسن؛ یەکێتی و پارتی بە پلەی یەکەم، چونکە خەڵکانێک دەنێرن بۆ پەرلەمان کە توانای یاسا دانانیان نییە و شارەزا نین و تەنها بۆ ئەوەی مەعاشێکی باش وەرگرن.

دوای ئەوان ئۆپۆزسیۆن و لە ئۆپۆزسیۆنیشدا گۆڕان بەرپرسە، چونکە وای لە خەڵک گەیاند کە هەر پەرلەمانتارێک زۆرتیرن جوێن و قسەی ناشیرین و قیڕە قیڕ بکات و لە میدیاکانەوە دەرکەوێ، ئەوە پەرلەمانتارێکی باشە، لە حەقیقەتیشدا ئەم جۆرە کەسانە وەک من لێکۆڵینەوەم کردوە لە پرۆتۆکۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەماندا ئەمانە کەمترین قسەیان کردوە و لە لە کەمترین یاسادا رۆڵیان هەبووە..

(٣)
دوای دانیشتنەکە هاتنیە دەرەوە، بە دکتۆر سەروەرم وت لەم جۆرە دانیشتانەدا ئەو جۆرە کەسانە قسە بە کاک نەوشیروان بکەن ئێمە بێ دەنگ نابین و قسەی ترمان دەبێ.. کاک عەبدوڵاش وتی منیش لە بەر خاتری دانیشتنەکە کۆبوونەوەکەم تێک نەدا ئەگینا هەموو ئەو قسانەی تۆ مەبەستت من بوو، پێم وت مەبەستم کەس نەبووە گەر تۆ دەیبەیتە سەر خۆت با وابێ.. دواتر وتی (قسەکانی دکتۆر محەمەد راستن باوکی هەژارانی چی کۆڕەکانی خاوەن شەش ملیار دۆلار و خۆشی درۆزنتری و دزترین سیاسی کوردستانە...)
منیش لەوەڵامدا وتم ئەگەر پیاویت ئەو قسانەت دەنوسیت و بڵاوی دەکەیتەوە...

گلەیم لە دکتۆر شێرکۆ حەمەدەمین  کرد بۆ بێ دەنگ بوویت و قسەت نەکرد خۆ تۆ رەفیقی کاک نەوشیروان بوویت؟ بێ دەنگ بوو!!... دواتریش بە تەلەفونی قسەم لە کاک عەبدولرەحمان کرد و پێم وت ئەوە دۆستەکانی کاک نەوشیروانن.. کاک عەبدولڕەحمانیش وتی وەڵا چی بکەین ئیتر .. ئەوە هەموو رووداوەکەی ئوتێل رەمەدا بوو..

(٤)
لەو کاتەوە تا ئێستا من  لە یەک دوو جێگە ئەو قسەیەم کردوە و هەندێ جاریش گەر کەسێک پرسیاری کردبێ، وتوومە بەڵێ ئەوە رویداوە، بۆیەش لە کاتی خۆیدا نەمنووسی چونکە پێم وایە ئەوە یەکەمین جار و دواجار نابێ کاک نەوشیروان بەو شێوە پەلاماری بدرێ و لە هیچ کاتێکیشدا رێگەی نەداوین وڵامی یەک کەس بدەینەوە. 

هەرچەندە من ناڕازی بووم کاک سەروەر رەحیم ئەوە بڵاوکاتەوە. بەڵام دوای بڵاو بوونەوەی زۆرێک لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان بە نامەو وپەیوەندی تەلەفونی داوایان لێ کردم راستی رووداوەکە بسەلمێنم..

دوای بڵاوبوونەوەشی کاک عەبدوڵا ئینکاری دەکات لەوەی قسەی وای کردبێت و نامەی یەک دوو کەسیشی بڵاو کردوەتەوە، هەندێکیان من هەر ناوم نەهێناون چونکە لە دانیشتنەکەی دوای کۆبوونەوەکە لەوێ نەبوون، لە راستیشدا لە وڵامی نامەکاندا دەردەکەوێ گوایە من وتومە عبدوڵا لە کۆبوونەوەکەدا وای وتووە!! حەقیقەتش ئەوەیە کاک عەبدوڵا دوای کۆبوونەوەکە و لەبەردەم هۆڵەکە وای وت..

ئەوانەی من دەناسن دەزانن لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هاتومەتە گردەکە و راوێژکاری میدیایی کۆمپانیای وشە بووم و بۆ دڵنیاییش سەیری یەکەمین ژمارە رۆژنامەی رۆژنامە بکەن.. لەو کاتەوە تا ئێستا پابەند و راستگۆ بووم لە گەڵ کاک نەوشیروان و تا رۆژی حەشریش دڵسۆزی رێگا و بەرنامەکەیم و زەڕەیەک لێی لانادەم.. هەر ئەوەش وای کردوە هەم خۆی و هەم کوڕەکانی هەموو بەرهەمە بڵاوکراوە و نەکراوەکان و دەستخەتەکانی بە ئەمانەت بسپێرن بە من. 

من هیچ مەجبوور نیم قسە بە ناوی خەڵکەوە هەڵبەستم و پیاوی راستەقینە و راستگۆ ئەو پیاوەیە لە هەموو جێگەیەک قسەی دڵی لەسەر زبانی بێت و بۆ رازی کردنی دڵی ئەم و ئەو لێی پەشیمان نەبێتەوە .. ئەوانەی وا دەزانن نەوشیروان مستەفا بە قسەی ئەوان لێی کەم دەبێتەوە، دەمێکە سەریان داویەتی لەبەرد و چونکە ئەو لە دڵی خەڵکدا دەژی و هەر لە ترسی کاردانەوی خەڵکیشە پەشیمان دەبنەوە لە قسەکانیان... و رۆژگاریش راستی و دروستی زۆر کەس ئاشکرا دەکات..


PM:06:55:14/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 2472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی