ئەردۆغان چۆن کوردێکی دەوێت؟

‌مەجید ساڵح

لە کتێبەکەیدا "قوڵایی ستراتیژی تورکیا" داود ئۆغڵۆ بەشێکی بە ناوی (کێشەی کورد لە نێوان هاوسەنگیە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەکاندا، باکوری عێراق و تورکیا) تەرخان کردوە بۆ مەسەلەی کورد ئۆغڵۆ لەو بەشەدا بە تەنها لە سەر مەسەلەی کورد لە تورکیا و باکوری عێراق هەڵوێستەی نەکردوە، بەڵکو کوردی هەر چوار پارچکە.

ئەو پێی وایە نیشتمانی کوردەکان لە رووی جوگرافیەوە پێگەیەیکی گرنگی هەیە و جگە لەوەی چەند کیشوەرێک پێکەوە گرێ دەدات، لە هەمان کاتیشدا بەشی هەرە زۆری سامانە سروشتیەکانی وەک نەوت و غاز و ئاو لە ژێر پێی کوردەکاندایە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش دەبێ رێگە نەدەن بە جیابونەوەی کوردەکانی تورکیا، چونکە تورکیا بە بێ ئەو زەویانەی کە کوردی تێدا دەژی هەژار و لاواز دەبێ، بۆ باشوری کوردستانیش کە ئێستا وەک دیفاکتۆیەک مەوجودیەتی خۆی سەپاندوە، دەبێ تەواوی هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە هەموو رەوەکانیەوە لەو بازنەیە دەرنەچێ کە زەرەر بە تورکیا بگەیەنێت، هەڵسوکەوتیشیان لە گەڵ رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەک بێت کە ئەزمونی باشوری کوردستان لەو بەشانەدا دووبارە نەبنەوە.

داود ئۆغڵۆ ئەم کتێبەی لە ساڵی ٢٠٠٠ نوسیوە ئەو کات هیچ پلەو پۆستێکی نە دەوڵەتی تورکیا و نە لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکەکانی ئەردۆغاندا نەبووە، بەڵکو پۆرفسۆری بواری مێژوو و جوگرافیا بوە. دواتر لە چاپەکانی دیکەدا و بە پێی گۆڕانە سیاسیەکان شتی دیکەی بۆ کتێبەکەی زیاد کردوە.

لە کتێبەکەیدا داود ئۆغڵۆ پێشبینی ئەوە دەکات کە لە داهاتودا کێشەی کورد لە کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی کە تێدا دەژین دەربازی دەبێ و دەبێتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زل هێزیش بەکاری دەهێنن بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان، بەڵام بە هۆی پێکهاتەی خێڵەکی کوردەکان و نەبونەی یەک گوتاریەوە زەرەرمەندی یەکەم دەبن لەو ململانێ نێو دەوڵەتیەی کە لە سەر جوگرافیەکەی ئەواندا روودەدات.

"رەگەزەکانی ململانێی رەق لەنێو ئەو پێکهاتە سیاسیانەی کە کلتوری خێڵەکی بەرهەمی هێناون بازنەیەکی بۆش دروست دەکات، لە دور مەودادا توانای لایەنێکی دیاریکراو لاواز دەکات، لەبەر ئەوەی لایەنە دیاریکراوەکان بە گوێرەی پێویست توانای تێگەیشتنی ئەو راستیەیان نییە، پەنا بۆ تاویل کردنی سەرکەوتنە کاتیەکان دەبن و پێیان وایە سەرکەوتنی کۆتاییان بەدەست هێناوە".

داود ئۆغلۆ پێی وایە لە رابردودا وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزە نێو دەوڵەتیەکان کاریان کردوە لەسەر راگرتنی هاوسەنگی لە نێو لایەنە بەشەڕهاتوەکاندا بۆ ئەوەی لاواز بن و هیچ بە هیچ نەکەن، بەڵام ئەم کێشەیە بۆ هەتا هەتایە بەو شێوەیە بەردەوام نابێ. ئەو پێی وایە ئۆرۆپیەکان پێیان وایە کێشەی کورد کێشەی تورکیایە، بۆیە لە داهاتودا دەستوەردانی زیاتر دەکەن لەو بوارەدا، هەروەها باس لەوەش دەکات گەر جەنگی تاڵەبانی و بارزانی نەبوایە ئەمریکا دەمێک بوو کاری بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەکرد.

لە کۆتایدا داود ئۆغڵۆ باس لێک نزیکی کلتوری کورد و تورک و پەیوەندیە مێژوویەکانی هەردوو گەل دەکات و دەیکاتە بنەمایەک بۆ پێکەوە ژیان لە ئایندەدا بۆ ئەوەی کێشەی کورد لەو بازنەیەدا بمێنێتەوە کە خۆیان دەیانوێت پێشنیار دەکات کار لە سەر دوو خاڵ بکرێت: یەکەمیان: بەهێز کردنی هەستی مەرجەعیەتی کۆمەڵایەتی وەک یەکەیەکی دانەبڕاو لە یەک و پشتیوانی کردن لەو کەسایەتیە مێژوویی و ئاینی و کلتوری و جوگوکرافیانەی کە لە گەڵ ئەم بۆچونەدان.

دوەم: بۆ رێگرتن لە دەست وەردانی دەروە گرەنتی ئەوە بدرێت مافی یەکسانی ۆەیڕەو بکرێت کە بنەمای شەرعیەتی سیاسیە. لە راستیدا ئەردۆغان کە کەسێکی ملهوڕو سەرکێشی سیاسیە، هەر لەسەرەتادا تەبەنی هەموو بۆچونەکانی داود ئۆغلۆی کرد و بەوەشەوە نەوەستا هێنایە ناو پرۆسەی سیاسی تورکیاوە و لە ئێستادا ئەرکی پراکتیزە کردنی بسترتیژەکانی بە خودی ئۆغڵۆ سپاردوە.

ئەگەر سەیری رووداوەکانی ئێستای باکوری و باشور و رۆژئاوای کوردستان بکەین دەبینین تورکیا بە هەموو توانایەکیەوە کار لەسەر ئەوە دەکات لە کوردەواریدا ئەو مەرجەعیەتە کۆمەڵایەتی و سیاسیە کوردیانە بدۆزێتەوە کە پشتیوانی لەو بۆچونەی ئۆغلۆ دەکەن و توانای مادی و مەعنەوی و تەنانەت سەربازیشیان دەخاتەبەردەت بۆ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع ستراتیژەکەی جێبەجێ بکەن کە لەسەروی هەمویانەوە مانەوەی کیشەی کوردە لە چوارچێوەی بەرتەسکی ناوخۆیی و رێگرکرتنە لە بە نێودەوڵەتی بونی.

بەڵام وەک چۆن لە رابردودا ستراتیژی (سفر کێشە) سەرنەکەوت و لە بری ئەوە تورکیا بوو بە وڵاتی (هەزار کێشە)، بە دڵنیاییەوە ئەو مەرجەعیەتە کۆمەڵایەتی و ئاینی و مێژویانەی کە لە ئێستادا تورکیا پەنای بۆ بردون بۆ دژایەتی کردنی مەرجەعیەتە راستەقینەکانی کوردەواری جگە لە شکست هیچیان دەست ناکوێت، چونکە ئەو کۆمەڵگا خێڵەکەی کە ئۆغڵۆ لە هزری خۆیدا بۆ کوردستانی وێنا کردوە، کۆتایی هاتوەو هۆشیاری نەتەوەیی و بیری ناسیونالیزمی کوردی کە دەیان ساڵە تورکەکان کار بۆ خامۆشکردنی دەکەن بە هزرێکی ئینسان دۆستی جێگەی گرتوەتەوە.


PM:12:23:01/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 3792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی