پێنج وەسیەتەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ کورد

‌مەجید ساڵح



دوای راپەڕینی 1991، نەوشیروان مستەفا تاکە خەونی ئەوە بو ئەو ئەزمونەی کوردستانی عێراق "ئەگەر بۆ هەفتەیەکیش بێ، با بۆ دنیای ئیسپات بکات کە ئەتوانێ حکومڕانی خۆمان بکەین، ئەگەر وازمان لێ بێنن خۆمان ئەتوانین حکومرانی خۆمان بکەین". لەو پێناوەدا هەوڵی زۆری دا سەرەتا لە گەڵ هاوسەنگەرەکانی شاخدا، دواتر کە زۆر زۆر نائومێد بو لەوان، هانای بردە لای ئیسلامیەکان و داوای هاوکاری لێکردن و بە مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیزی وت: "من بۆ خۆم لە بەر دەمی ئێوەدا ئیعتراف ئەکەم کە رەنگە لە زۆریان خوێنەوار تر بم، چونکە من بێجگە لەوەی جامیعەی بەغام خوێندوە، چوار ساڵیش لە ڤییەنا دەرسم خوێندوە. لە زمانیشا کوردی ئەزانم، عەرەبی ئەزانم، فارسی ئەزانم، ئەڵمانی زۆر باش ئەزانم، ئینگلیزی‌ش ئەزانم کەچی هێشتا خۆم بە شایستەی ئەوە نازانم دانیشم لە شوێنکا، وەک سلێمانی من محافزی سلێمانی بم". پاشان بۆ چاکردنی دۆخی خراپی ئیداری دوای راپەڕین بۆ پەنای بۆ ئەکادیمیسیەنەکانی شار برد، ئەوانیش هەریەکەو بە بیانویەک شانی خۆیان لەسەر بەرپرسیارێتیەکە دزیەوە، شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤ دەستی پێکرد و هەمو پرۆژە ئیسلاحییەکانی نەوشیروان مستەفای پەک خست.

لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە 2003، بەهۆی تێوەگلانی هێزە سیاسییەکانی عێراق بە جەنگی تائیفی و هەروەها بە هۆی ناکۆکییە ئیقلیمییەکان و بەدیاریکراوی ململانێی ئێران و عەربی سعودیەوە، هەلومەرجێکی گونجاو بۆ هێزە سیاسیەکانی کوردستانی عێراق رەخسا بۆ ئەوەی لە حکومەتی بەغدا پۆستی سەرۆک کۆمار و چەندین وەزارەتی گرنگ وەرگرن، سەدی حەڤدەی بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کرا، بەڵام سەرکردایەتی سیاسی هەرێم لەجیاتی پێداگری لەسەر مافی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی، جەنگی و فەرهەنگی بۆ کورد، بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەییەکانیان کرد بە ئەولەویتی خۆیان، لە هەلومەرجێکی وادا نەوشیروان مستەفا لە رێگەی نوسین و چاوپێکەوتن و دیدارەکانیەوە، پێنج ئەولەویەتی بۆ قۆناغی دوای روخانی رژێم دیاری کرد و داوای لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد بیکەن بە ستراتیژ و بەرنامەی کاری خۆیان، بەڵام ئەوان وەک جاری پێشو، بە بیانوی جیاجیا خۆیان لێ دزیەوە. لەپێناوی تێگەیاندنیان لە ساڵی 2006 کۆمپانیای وشەی دروست کرد و بە دروشمی "رەخنە بەزمانی گوڵ" هەوڵێکی میدیایی زۆردا، دیسانەوە گوێیان نەگرت، ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی پەرلەمانی دروست کرد و ئەو ئەولەویەتانەی کرد بە پاکێجی ئیسلاحی و گوشارێکی زۆری کرد، بەڵام دیسانەوە دەسەڵات خۆی لێی دزیەوە، لە 2013 چوە ناو حکومەتەوە و ویستی بەهەرنرخێک بوە جێبەجێ بکرێن، بەڵام وەڵامی ئەوان داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان بو.

 پیش کۆچی دوایی بە ساڵێک، بە دوای رێگەی دیکەدا دەگەڕا بۆ ئەوەی ئەو ئەولەیەتانە جێبەجێ بکرێن و هیچ نەبێ حوکمڕانیەکی جێگەی متمانەی خەڵک دروست بکرێ، بەڵام لە 19/5/2017 کۆچی دوایی کرد، کاری جێبەجێکردنی ئەو پێنج ئەولەویەتەی بۆ هەڵگرانی بیروباوەڕەکەی وەک وەسیەتێک لە نوسینێکدا بەجێهێشت؛ وا لەخوارەوە دەیانخەینەڕو :

یەکەم: ئەولەویەتی سیاسی:
سەرەکی ترین ئەولەویەتی سیاسی بەلای نەوشیروان مستەفاوە بۆ ئەو قۆناغە وەک خۆی نوسیویەتی: "گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان" بو، نەوشیروان مستەفا دوای روخانی رژێم لە ساڵی ٢٠٠٣  پێی وابو: "كورد له‌ عیراق، له‌ پاش چه‌ندین ساڵ خه‌بات و چاوه‌ڕوانی هه‌لێكی مێژویی بۆ هه‌ڵكه‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ  له‌ خواسته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی، به‌ تایبه‌تی دیاریكردنی سنوری كوردستان، بچه‌سپێنێ"، بەڵام بڕیاربەدەستانی کورد لەجیاتی ئەوە: "چاره‌نوسی هه‌مو ئه‌و ناوچانه‌یان حه‌واڵه‌ی سه‌رژمێرێکی دیاری نه‌کراو و، ریفراندۆمێکی "ئه‌نجام نه‌زانراو" کرد". ئەو رای وابو: "هیچ گه‌لێ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی پارچه‌یه‌ک له‌ نیشتمانه‌که‌ی ڕاپرسی قبول ناکا"، بەڵام "سه‌ركردایه‌تی كورد، "به‌هۆی ململانێ ی حیزبیی ناوخۆیانه‌وه‌، بۆ رازی كردنی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌م هه‌له‌ی له‌ ده‌س دا".

بۆیە لە نوسینێکدا بە کورت و پوختی نوسیویەتی: "یەکێک لە ئەولەویەتە سیاسیەکانی کاری سەرکردایەتی ئێستای کورد دەبێ گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بێت".

لە دوای راپەڕینەوە خولیای سەرەکی نەوشیروان مستەفا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی  و ئیداری خزمەتگوزار و شەفاف بوە لە کوردستان، دوای روخانی سەدام لە ساڵی 2003 هەر لەو نوسینەدا دەڵێ: "دەبوایە دوای روخانی رژیمی به‌عس و هاتنی ئه‌مه‌ریکا بۆ عیراق، دیمۆکراتیزەکردنی هەرێمی کوردستان و بە چەسپاندنی فرەیی سیاسی، سەربەخۆکردنی دەسەڵاتەکانی داوەری و تەشریعی و تەنفیزی بکرێت بە ئەولەویەتی سەرکردایەتی کورد".

دوەم: ئەولەویەتی ئابوری
رەخنەی دیکەی نەوشیروان مستەفا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوری کوردستان کەمتەرخەمییان بو لە دروستکردنی ژێرخانێکی ئابوری پتەو. ئەو پێی وابو  کوردستانێکی بەهێز پێویستی بە ئابورییەکی بەهێز هەیە و ئەو بودجە زەبەلاحەی کە لە عێراقەوە دێت بۆ کوردستان گەر بەشێوەیەکی دڵسۆزانە و زانستیانە خەرج بکرێت دەکرێ  کوردستانێکی خۆشگوزەرانی پێ دامەزرێنرێت. بۆیە لە رەخنەکانی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد نوسیویەتی: "ئەبوایە دامەزراندن و پتەوکردنی ژێرخانی ئابوری لە ئەولەویەتیاندا بوایە، بە تایبەتی کە سەدی حەڤدەی بودجەی گشتی عیراق بۆ هەرێم تەرخان کرا".

سێیەم: ئەولەویەتی کۆمەڵایەتی

یەکێکی دیکە لە پرۆژەکانی نەوشیروان مستەفا دیزاینکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی بو لە دوای کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە، ئەو پێی وابو رژێمی سەدام لە ماوەی دەسەڵاتیدا بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو شیرازەی کۆمەڵگای کوردی تێکداوە. بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کۆمەڵگای کوردی پێویست بە بەرنامەیەکەکی زانستی دەکات و دەبێ ئەولەویەتێکی دیکەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بریتی بێت لە: "نزیک کردنەوەی ئاستی گوزەرانی چینە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان شار و لادێ، نێوان هەژار و دەوڵەمەن، نێوان زەرەرمەندی ئەنفال و شۆڕش و هاوڵاتییانی ئاسایی".

چوارەم: ئەولەویەتی فەرهەنگی

دوای راپەڕینی ١٩٩١ نەوشیروان مستەفا هەوڵێکی بێوچانی دەدا بۆ بونیادنانەوەی دامودەزگا ئەکادیمیەکانی کوردستان و سڕینەوەی ئاسەواری تەبعیس کردنی کایەی فەرهەنگی و کولتوری لە کوردستان، دامەزراندنەوەی زانکۆی سلێمانی و کردنەوەی ناوەندی گرنگیدان بە ئەرشیف و دیکۆمێنتە مێژویەکانی کردبو بە خەمی روناکبیرانی هاوڕێی. بەڵام ئەم  بەرنامەی ئەو دەیویست بۆ بەرزکردنەوەی کایەی فەرهەنگی، بەلاسایی کردنەوەی رژێمی بەعس لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە بەرگێکی حزبیان بەبەردا کرد. بۆیە لەوبەرنامەیەی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد داینابو رەخنەی لێ گرتون و روبەڕو پێی وتون: "ئەبوایە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆ و پەیمانگاکا و دامەزراندنی ناوەندی نیشتمانی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر بکرێت بە ئەولەوێتێکی سەرەکی".

پێنجەم: ئەولەویەتی جەنگی
نەوشیروان مستەفا، بەکەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی دورودرێژی ئیمارەتەکانی کوردستان و هێزە سیاسییەکان،  چی ئەو دەمەی لە شاخ بو، چی لە دوای راپەڕین و چی لەدوای روخانی سەدام،  پێی وابو هەمیشە بونی دو هێز یان زیاتری چەکداری، جگە لە یەکترکوشتن هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە، بۆیە لەدیدارەکەی ساڵی 1991 راست و رەوان بە مامۆستا ع.عەبدولعەزیز دەڵێ: "من پێم باشە ئێوە، بە راستی زۆر زۆر تاکید لەسەر ئەوە بکەن کە حزبەکان ئیجبار بکەن پێشمەرگە یەک بخەن، هێزی پێشمەرگە تەوحید بێ، وە بکرێ بە جەیشێ بۆ هەمو کورد، دیفاعی لە حدودی کورستان پێ بکرێ". ئەو دەم کەس گوێی لێنەگرت، شەڕی ناوخۆ دروست بو، کوردستان بو بە مەیدانی رمبازی هێزە ئیقلیمییەکان و هێزە سیاسییە چەکدارەکانیش بون بە بازیچەی دەستیان.

دوای روخانی سەدام، ئەم مەترسیەی نەوشیروان بۆ یەکنەخستنی هێزە چەکدارەکان لە چەندین پرۆژەدا درا بە بەرپرسە باڵاکانی کورد، بەڵام لەمەشدا چەندین بیانویان بۆ یەکنەخستنی هێنایەوە، ئەو دواتر بە حەسرەتەوە دەنوسێ: "ئەبوایە گۆڕینی هێزی پێشمەرگە بوایە لە هێزێکی حیزبی هەژارەوە بۆ هێزێکی نیزامی عەسری لە روی عەقیدەی عەسکەری و چەک و رێکخستن و پێکهاتەوە".

لە دوایین هەڵسەنگاندنی کاک نەوشیروان بۆ گوێ نەدانی سەرکردایەتی سیاسی کورد بەو ئەولەویەتانەی کە ئەو بۆی دیایر کردون نوسیویەتی: "بەڵام سەرکردایەتی هەردو حیزب کەمترین بایەخیان بەم ئەولەویاتانە دا، بەڵکو ئەولەویەتی ئەوان بو بە ستراتیجی خۆ قایمکردن و، بۆ ئەو مەبەستەش تەرخانکردنی هەمو ئیمکانیات و توانای تازەپەیدا بوی ئابوری، بازرگانی، سیاسی، دیپلۆماسی، قانونی، جەنگی لە سەر ئاستی هەرێم و عیراق و لە سەر ئاستی ئیقلیمی و ناودەوڵەتی بۆ قایمکردنی دەسەڵاتی حیزبی خۆیان و، چەسپاندنی حوکمڕانی هەتاهەتایی خۆیان".

نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد، لە دوای خۆی لە رێگەی ئەم نوسینەوە، وەسیەتە پێج خاڵیەکەی کە جێبەجێکردنی ئەو ئەولەیەتانەیە، بۆ هاوبیرەکانی بەجێ هێشتوە، باشترین وەفا بۆی بەدیهێنانی ئەو ئەولەویەتانەیە و لەسەروی هەموشیانە گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە دابەڕاوەکانی کوردستانە.


AM:10:00:19/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 2928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی