کەس ئاگای لە کۆمەڵگا ماوە؟!

‌مەجید ساڵح

(1)

مامۆستایەکی هاوڕێم کە لە قوتابخانەیەکی حکومی دەرس بە پۆلی یەکەمی سەرەتایی دەڵیتەوە وتی: وەک هەمیشە کە هەستم کرد قوتابییەکان هیلاک بوون، وتم با نەختێک پشوو بدەن. زۆربەی قوتابییەکان داوایان لێم کرد رێگەیان بدەم یاری "pob ji" بکەن..نەمدەزانی ئەو یارییە چییە، پێم وتن ئادەی.. هەر کە وام وت هەر یەکەو باوەشی کرد بەوەی تردا و هاواری دەکرد بیکوژە، ریخۆڵەی دەربێنە..پەنجە بکە بەچاویا.. سەری ببڕە...

کوڕی هاوڕێیەکم کە لە پۆلی چوارەمی قوتابخانەیەکی تایبەتە، نەخۆش کەوتبوو..دایکی پێی وتبوو ئەوە چییتە؟ لە وڵامدا لەجیاتی ئەوەی بڵێ توشی لەرزوتا هاتووم وتبووی (دایە توشی لەرز و تاسە هاتووم!!)

برازایەکم هەیە لە قوتابخانەی حکومییە، بەڵام وانەی بیرکارییان بە ئینگلیزی پێ دەڵێنەوە.. لێم پرسی یەک و یەک دەکاتە چەند؟ وتی: چی؟ نازانم بە ئینگلیز پێم بڵی!!

(2)

بۆ کار بگاتە ئەم رادەیە؟!  ئەمە هەڵتەکانی شیرازی کۆمەڵگایە کە منداڵی پۆلی یەکەمی سەرەتایی لەو تەمەنەدا باسی سەربڕین و  ریخۆڵەدەرکردن و چاودەرکردن بکات... ئەمە نەمانی  سادەترین پێوەری کورد بوونە منداڵێک نەتوانێ رستەیەکی تەواو بە کوردی بڵێت یان بە زمانەکەی خۆی نەزانی کەرێک و کەرێکی تر دەکاتە چەند کەر!!

لە هیندستان کە وڵاتی هەزار و یەک زمانە و زمانی رەسمی ئینگلیزییە، منداڵەکانیان لە سەر زمانی دایکیان رادەهێنن .. لە ژاپۆن کە ژمارەی قوتابخانەی ئەهلی ١٪یە، و تەکنەلۆژیا لەو پەڕی پێشکەوتندایە، منداڵ تا رادەیەکی سنوردار بۆی هەیە ئەو یارییانە بکات کە لە گەڵ تەمەنیدا دەگونجێ..

گەورەکان لە بەرپرسیکی گەورەوە بگرە تا دەگاتە خەڵکێکی سادە، هەر هەمووی سەرقاڵی سیاسەت و ملشکاندن و تەشهیر بەیەک کردنن.. عەتاڵ بەتاڵ ئاگایان لەوە نییە بە خشکەیی بەرەوکوێ مل دەنێن..

کەناڵەکانی راگەیاندن هێندەی سەرقاڵی زنجیرەی تورکی و هیندی و کۆریین، لە یەک بەرنامەدا قسە لەسەر دیاردەکانی کۆمەڵگاکەی خۆمان ناکەن..

کار وابڕوا دەبێ دوای چەند ساڵیک چۆن کۆمەڵگایەکمان هەبێ؟
کێ بەرپرسی ئەم دۆخەیە.. وەزارەتی پەروەردە؟ خێزان؟ میدیا؟
من هەرسێکیان بەرپرس دەزانم..


PM:10:54:19/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 1186 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی