گۆڕان چی بکات؟

‌مەجید ساڵح


گۆڕان دوو ئەگەری لەبەردەمدایەیان بەشداری کردنەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێکەوە کارکردن لە گەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ چاککردنی دۆخەکە؛ یاخود هاتنەدەرەوە بەشێوەیە تەواوەتی و بوون بە ئۆپۆزسیۆن و خۆرێکخستەنەوە و خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئایندە.

دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر تا ماوەیەک پێم وابوو ئەمانە دەرسیان لە هەڵەکانیان وەرگرتووە و ئامادەن دەستەبەرداری بەشێک لە دەسەڵاتەکانیان ببن، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەم حکومەتە نایەوێت ئەو خووەی گرتوویەتی بە شیری، بەم هەرزەکارییە تەرکی بدات تا بەتەواوەتی پیر دەبێ ؛ درێژە پێدەری هەمان رێگە و هەمان مەنهەجی ئیشکردن دەبێ.  بۆیە حەق نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا بگەڕێتەوە ناو حکومەت، بە کشانەوەی وەزیرەکانی ئەو پەیامە بدات بەم دەسەڵاتدارانە و پێیان بڵێ چۆن دۆخەکەتان گەیاندوە بەم رۆژە، فەرموون خۆتان چاکی بکەنەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان نابێ لەمەولا کاتی خۆی بە وتووێژ و کۆبوونەوە لە گەڵ حکومەت و حزبەکاندا خەرج کات.
بۆیە باشترین ئەگەر لەبەردەم گۆڕاندا لەم قۆناغەدا بریتییە لە:

یەکەم: خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئایندە لە رێگەی ئامادەکردنی لیستێک بۆ کاندید کردنی کۆمەڵێ کەسی بەتوانا لە بوارە جیاجیاکان کە ئامانجیان خزمەت کردنی خەڵک بێ، نەک خۆیان. کاندیدێک کە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بێ، نەک بزوتنەوەکە بۆ ئەو.

دووەم: دروستکردنی لیژنەیەک بۆ سەرپەرەشتی کردنی کەمپینی هەڵبژاردن لە خەڵکانی شارەزا و کۆمەڵایەتی کە کاریگەریان هەبێ لەسەر جەماوەر.

سێیەم: بە هەموو توانایەکەیەوە هەر لە ئێستەوە کار بکات بۆ پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران، نەک لە رۆژانی نزیک هەڵبژاردن بە پەلەپەل هاواری لێهەستێ و بۆشی جێبەجێ نەکرێت.

بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە لە گەڵ خەڵکە دڵسۆز و رەخنەگر و ئازا و جەسورەکانی خۆی ئاشت بێتەوە و گوێ لە پێشنیاز و راوبۆچون و رەخنەکانیان بگرێ.


PM:08:08:18/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 4084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی