‌ بەیاننامەکەی نیوەشەو
AM:11:58:25/10/2017
مەجید ساڵح


٢٦/٦/٢٠١٥ بە مەبەستی گەیاندنی دەستپیشخەریەکی کاک نێچیرڤان بارزانی لە ماڵی خۆیان چاوم پێکەوت، هەرچەندە دانیشتنە دبوایە زۆر کورت بوایە، بەڵام نزیکەی ٣ سەعاتی خایاند، ناوەڕۆکی دەستپێشخەریەکە و هەڵوێستی کاک نەوشیروان بەجێدێڵم بۆ دەرفەتێکی دیکە. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بۆ من لەو دیدارەدا ئەوە بوو کە کاک نێچیرڤان وتی (بە مەکتەبی سیاسی خۆمانم وتووە ئەگەر هەموو دامودەزگاکان لە دەستی ئێمەدا -پارتی- بمێنێتەوە و لایەنەکان بەشداری راستەقینە نەبن، من پێشبینی کارەساتێکی گەورە، گەورەتر لەوەی ١٩٧٥ دەکەم، ئەو کاتە ئەگەر هەرچی روویدا بەسەر ئێمەدا دەشکێتەوە و ئێمە بەرپرسین لێی..).

هەروەها وتی (ساڵی ١٩٧٥ ئەگەر مام جەلال لە پارتیدا بەرپرسیار بووایە، بەشێکی ئەو شکستە بەر ئەویش دەکەوت، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ پۆستێکی نەبوو، بۆیە ناکرێ هیچ ئۆباڵیک بخەینە سەر ئەو..).. ئەوەشی وت (من داوام کردوە کە لە پۆستە گرنگەکان دەبێ یەکگرتوو، یەکیتی و گۆڕان و کۆمەڵ رۆڵیان هەبێ).. تەنانەت بەسەری منداڵەکانی سوێندی خوارد کە ئامادەیە پۆستەکەی رادەستی هەرکەسێک بکات کە لەسەری رێکدەکەون..

بەڵام وتیشی (چی بکەم لە ناو ئێمەدا عەقلیەتێک هەیە، دەیەوێت هەموو شتێک لە دەستی ئێمەدا بێ..)

کە گەڕامەوە ئەم قسانەم بۆ کاک نەوشیروان باس کرد، وتم نێچیرڤان پێی وایە شکستێکی گەورە چاوەڕوانی کوردستانە و وتویەتی ئامادەم پۆستەکەم رادەست بکەم.. کاکەش وتی: - با بە (عەمەل)ی بیبینین، من باوەڕم بە (قسە) نییە..

رۆژگار سەلماندویەتی ئینفرادکردن بە قەرار و چارەنووسی میللەتێک لە لایەن کەسێک یان لایەنێکەوە، دەرئەنجامەکەی وەک ١٩٧٥ و ٢٠١٧ دەبێ، ئەوەشی سەلماندوە رووبەڕوبوونەوەی مەترسیەکان پێویستی بە جورئەت هەیە و نابێ خاتری کەس بیگرێت.. گەر لە کاتی خۆیدا کاک نێچیرڤان ئەو بۆچوون و تێبینی خۆی بکردایە بە (عەمەل) و هەر (قسە) نەبووایەن بڕوا ناکەم ئێستا پێویستی بە دەرکردنی بەیاننامەی بێت لەو نیوە شەوەدا.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.