نەوشیروان مستەفا ئەرکی سەرشانی تەواو بووە!؟

‌مەجید ساڵح


لە دوای حەفدەی شوبات بوو، رۆژنامەنووس وبیرمەندی ئیرانی ماشەڵا شمس واعزیین سەردانی کاک نەوشیروانی کرد و تا درەنگانی شەو بیروڕایان گۆڕیوە.. یەکێک لە پرسیارەکانی کاک نەوشیروان ئەوەبوو لە شەمس، بۆچی پاکستان کە هێشتا نەریتی خێڵ تێدا باڵا دەستە لە ئێران دیموکراسیترە، کە دەمێکە خاوەنی شارستانیەتن؟! لە وەڵامدا شەمس وتی چونکە بریتانیا کە پاکستان و هیندستانی داگیر کرد حاکمەکان ئینگلیز بوون و نەریتی دیموکراسی خۆیانیان پەیڕەوکرد، بەڵام لە ئێران بریتانییەکان لە رێگەی شایەکەوە فەرمانڕەوایی ئێرانیان دەکرد کە هەر بە مولهوڕی و نەریتی رەعیەت و حاکم پەروەردەکرابوو، بۆیە تا ئێستاش ئەو نەریتە لە پاکستان ماوە لە ئێرانیش هەمان نەریتی فەرمانڕەوایی هەیە..

لە دیدارەکەدا شەمس وتی لە خیلالی چاودێریم بۆ کوردستان دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان و بوونی بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لە پەرلەمان تێگەیشتم کە نەریتی دیموکراسی و ئۆپۆزسێۆن لە کوردستاندا خەریکە دەچەسپێت وئەمەش لەسەر دەستی تۆیە، هەروەها وتی پێم وایە تۆ ئەگەر لەمەولا هیچ ئیشێکیش نەکەیت ئەرکی خۆتت بەرامبەر بە میللەتەکەت جێبەجێ کردوە کە توانیووتە نەوەیەک پەروەردە بکەیت لەسەر باوەڕ بوون بە دیموکراسی و بە ئاشتیانە کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات.. بەڵام ئەوەشی وت کە پێ ناچێ دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر باوەڕیان بە لەدەستدانی دەسەڵاتەکانیان بێت، بۆیە بۆ ئەم قۆناغە تۆ بە ئەرکی سەر شانی خۆت هەستاویت وباقی ئەرکەکە بە جێ بهێڵە بۆ نەوەی داهاتوو...

ئەم قسانەی شەمس زۆر واتادار بوون، بە تایبەتی پێش ئەوەی بێت بۆ سلێمانی ژیانی پڕ رەفاهیەتی دەسەڵاتدارانی هەولێری بینیبوو، پێی وابوو کە ئەوان بە ئاسانی مل بۆ لەدەستدانی دەسەڵات و ئەو رەفاهیەتە نادەن کە تێدا دەژیان.. شەمس کە سادەیی و بەساتەتی ژیانی کاک نەوشیروانی بینی زۆر سەرسام بوو کەسێک کە ئەو هەموو ساڵە خەباتی کردبێت ونەخشەی راپەڕینی داڕشتبێت کەچی ئێستا بە تەمای هیچ نەبێت جگە لە بەختەوەری گەلەکەی و بەرقەرارکردنی سیستمێکی دیموکراسی.. دوایی شەمس تێگەیشت ئەرکەکانی کاک نەوشیروان هێشتا لە سەرەتادایە و تواناو وزەی ئەو پیاوە بۆ تێکۆشان کانیەکە وشک کردنی بۆ نییە.. ئەو نەریتە لە تێکۆشان لە ئێستادا بووتە خوویەک نەک هەر بۆ گۆڕانخوازان، بەڵکو بۆ دەیان گەنج و لاوی ئەم نیشتمانە وهەمیشە پێیان وایە قەرزاری گەل و نیشتمانەکەیانن..


PM:02:41:13/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 10424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی