رێككەوتنەكەی یەكێتیی و گۆڕان بەرەو كوێ؟

‌سەمیر هەورامی


ئاشكرایە لە سیاسەتدا نە دوژمنی هەمیشەیی ونەدۆستی هەمیشەیی هەیە، بةتایبەت لەم ناوچەیەی ئێمەدا بە حوكمی فڕە حیزبی وكێبركێی لایەنەكان لەسەر فراوانتركردنی قاعیدە جەماوەری وكۆكردنەوەی زیاترین دەنگ وكورسی ودەسەڵات، كە ئەمەش حاڵەتێكی ئاساییە ولە وڵاتانیش هەیە بەڵام كەمێك لای خۆمان تەندروست نیە ..

مەبەستمە لەسەر پەیوەندی نێوان گۆڕان ویەكێتیی ودەنگۆی گەڵاڵە كردنی رێككەوتنێكی سیاسی وهەندێك جار باس لە یەكگرتنەوەی هەردوو حیزبەكە یاخود بە كورتیەكەی هاتنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو یەكێتیی بەو پێیەی گۆڕان هەر بەشێك بوو لە یەكێتیی ولەرەحمی ئەوەوە لە دایك بوو.. لەسەر ئەو مەسەلەیە چەند خاڵێك دەخەمە روو كە بۆچونی خۆمە:

یەكەم: بەكورتی، بەدووری دەزانم جارێكی تر بزوتنەوەی گۆڕان بێتەوە ناو یەكێتیی، نەك هەر دوور، پێم وایە قەد شتی وا نابێت وروو نادات، بە حوكمی ئەوەی ئێستا ئەو دوو لایەنە هەریەكەو ئایدیا ومەنهەجی خۆی هەیە لەسەر كۆی مەسەلەكان كە ئەمە شتێكی تەندروستە، ئەگەر چی لەسەر هەندێك مەسەلە هەردوولا كۆكن، بەڵام دواجار هەریەكەیان خاوەن قاعیدەی جەماوەری خۆیەتی كە لەسەر بنەماو ورەوتی كاری خۆی كەسپی كردون یاخود بونەتە لایەنگری.

دووەم: رێكەوتنی سیاسی نێوان دوو لایەن یاخود دوو حیزب وزیاتریش كارێكی زۆر ئاساییە، بەڵام مەودای رێكەوتنەكە وجۆری رێكەوتنەكە وزەمینەسازی بۆ فراوانتركردنی پانتاییەكەی ورێككەوتن لەسەر خاڵە هاوبەشەكان وهێشتەوەی خاڵە ناكۆكەكان، ئەمانە هەموویان رۆڵیان دەبیت لە بنیاتنانی قورسایی ئەو رێكەوتنە، مەبەستم ئەوەیە، گۆڕان ویەكێتیی تا چ ئاستێك موتەفیقن لەسەر مەسەلەكان وكام مەسەلانە؟، خۆ گومانی تێدا نیە لەسەر زۆرێك لە دۆسیەكان جیاوازی هەیە وئەگەر ئیختیلاف نەبوایە ئەوا هەر گۆڕان لە یەكێتيی جیا نەدەبویەوە..

سێیەم: بە حوكمی بیئەی سیاسی لە زۆنی سەوزدا، وبەو پێیەی زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر  یەكێتیی بوون، دەتوانین بڵێن ئەندامانی هەردوولا خوێنی سیاسییان بۆ یەك دەگونجێت بەڵام مانای ئەوە نیە دڵ وجەستەیان بۆ یەك بێت یاخود وەك یەك وابن سەد لەسەد، ئەكرێت بوترێت نزیكترن لەیەك هەر  بۆیە دەتوانن پێكەوە كاری باش بكەن وخزمەتی میللەتی كورد بكەن..

چوارەم: هەر رێككەوتنێك لەنێوان یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان، دەبێت سەرەتا زەمینە سازی بۆ بكرێت ولە بچوكە مەسەلەكانەوە هەنگاو بۆ مەلەفە گەورەكان بنرێت، هاوڕا بوون لەسەر یەك بابەت كیفایەت نیە بۆ رێككەوتنی دوو حیزب كە دواتر پێیاتن بوترێت هاوپەیمانن، بەنمونە هاوڕا بوون لەسەر بە پەرلەمانی كردنی سیستەمی دەسەڵات لە كوردستان مانای ئەوە نیە تەواو گونجاوین بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی سیاسی ستراتیجی بكرێت، خۆ ئەشكریت لەسەر  تەنها ئەو مەسەلەیە رێككەوتن بكەن وئەمە شتێكی زۆر تەندروستە بەپێی هەموو عورفە سیاسییەكان.

بەشبەحاڵی خۆم زۆرم پێ خۆشە رێككەوتن هەبێت لەنێوان حزبەكان، چونكە دواجار لەپێناو دەستەبەركردنی بەرژەوەندی میللەت دەبێت، ئەگەریش یەكێتیی وگۆڕان ڕێككەوتنێك ئەنجام بدەن دڵنیام لەوەی كە گۆڕانكاری لە كۆی پڕۆسەی سیاسی لێ دەكەوێتەوە، ..
رێككەوتنەكەی یەكێتیی و گۆڕان بەرەو كوێ؟ بە پرسیاری دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەی مەسەلەی رێككەوتن یا رێنەكەوتنى یەكێتیی وگۆڕان یەكلا دەبێتەوە!!!
 


PM:03:50:02/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 2528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی