کە باسی کۆنگرە دەکەین، باسی چی دەکەین؟

‌سەمیر هەورامی

رەنگە باس کردن لە گرنگی بەستنی کۆنگرەی یەکێتی، بوبێتە بابەتێکی وەرزی و ھەندێک جاریش بە جۆرێک لە جۆرەکان بوبێتە زەنگێک بۆ باس وخواسی کادیر لەسەر شەرعییەت و ناشەرعییەت بوونی ھەڤاڵانی سەرەوەمان «لەگەڵ رێزمدا بۆ ھەموویان» کە لەکۆنگرەی سێ متمانەی یەکێیەتییان پێ بەخشرا.

بە چەندین ھۆکاری جیاواز و ئێجگار واقیعی، بەستنی کۆنگرە بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پێویستییەکە کە بواری دواخستنی نەماوە و بەرھەمھێنانی ھەر بیانوویەکیش بۆ نەبەستنی، راستەوخۆ پرۆمۆتکردنی ئەو ھەڤاڵانەیە کە فرسەت لەدەست نادەن بۆ گەورەکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و پاراستنیان. ئەو بەرژەوەندییانەش، نەک خزمەتی یەکێتی و یەکێتییەکان و میللەتەکەمان ناکا، بەڵکو تا دێت یەکێتی لە ئەرکە چارەنووسسازەکانی خۆی دووردەخەنەوە و کارێکیان کردووە، حیزبەکەی مام، بئ رووئیا و بێ پلان بێت. لە کاتێکدا ئەزموونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پلان و خەبات و خوێن و وردبینی یەکێتی دروست بووە.

لە پەیامەکەی (قوبادی مام جەلال)دا بۆ یادی ٤٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی، ئاشکرا ئەو فشارە زۆرەمان بینی کە کادیرانی یەکێتی بۆ بەستنی کۆنگرە دروستیان کردووە تا بتوانرێت نەسلی نوێی یەکێتییەکان خۆیان بێنە سەرەوە و کار بۆ ئایندەی خۆیان و یەکێتییەکەیان بکەن، چونکە بەڕێوەبردنی حیزب لەم سەردەمەدا، ئاڵۆزتر بووە و پێویستی بە تێگەیشتنی نوێ بۆ بارودۆخەکە ھەیە. ئاخر گۆڕانکارییەکان خێران، ئاڵنگارییەکان زۆرن، مەترسییەکان گەورەن. ھەموو ئەمانەیش، یەکێتی بەو لەشقورسییەی ئێستایەوە ناتوانێت بەڕێوەیان ببات.

لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، بەبۆچوونی لایەنە سیاسییەکان، یەکێتی لە ئێستادا خەریکە لەوە بکەوێت بتوانێت مناوەرە و مانۆڕی سیاسیی خۆی بکات و پرۆژەی ھاوبەش لەگەڵ حیزبەکانی دیکەدا دروست بکات و خەباتیان بۆ بکات، لەبەرئەوەی روئیای یەکێتی بۆ گەلێک مەسەلەی گرنگ و مێژوویی، نەک ھەر بۆ نەیار و دۆست، بگرە بۆ یەکێتییەکانیش، ھەندێک جار ڕوون نییە. لە کاتێکدا لە مێژووی زیاتر لە چل ساڵی رابردوودا، یەکێتی تاکە حیزب بووە کە خەباتی بەرەیی بە ئامانج گەیاندووە. ھەموو ئەمانەیش، لە بڕوا و تێگەیشتنە فراوانەکەی مام-ەوە بوو کە یەکگرتوویی نێو ماڵی کوردی، بە گرەنتیی سەرکەوتن دەزانی. 
بۆیە یەکێتی دەبێت لەو ڕووەوە بگەڕێتەوە سەر ئەو پرەنسیپە و ھەموو ئەو ئامانجانەی کە بە ڕێگەی پرۆژەی ھاوبەش بەدەست دێت، بە پرۆژەی خۆی بزانێت. 

لە ئاستی عێراقدا، یەکێتی پێشڕەوی خەباتی نەتەوایەتی بووە، بەدەستھێنەری چەندین دەستکەوتی گەورە بووە و لە دەستووری ھەمیشەییشدا، چەسپاوە. لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان لە مەترسیی حەقیقدان و یەکێتی خۆی بە خاوەنیان دەزانێت. لەو ڕووەوە یەکێتی پێویستیی بە ھیممەتێکە تا لەگەڵ ئەو مێژووە پڕ شانازییەدا بێتەوە کە بۆ کەرکوکی کردووە. ھەموو ئەو ئامانجانەش، بە یەکێتییەکی سازو تەبا و پتەو و یەکدەست بەدی دێت.

لە چەند ساڵی رابردوودا، زنجیرەیەک بیانووی جۆراجۆر ھەبوون؛ شەڕی داعش، ترسی جیابوونەوەی ناوخۆیی، قەیرانی دارایی، ریفراندۆم، ھەڵبژاردنەکان. بەڵام ئێستا ھیچ ھۆکارێک نییە و ئیتر حەقە کادیرانی یەکێتی بە چاوی ناتەندرووست سەیری ئەوانە بکەن کە لەمپەر لەبەردەم بەستنی کۆنگرەدا دروست دەکەن و بەرژەوەندییەھۆکاری بۆ دروست دەکەن. 
بۆیە بەرپرسیارێتیی ھەموو یەکێتییەکانە ھەر لە ئەندامێکی سادەوە تا جێگری سکرتێری یەکێتی کاری بۆ بکەن و سەرکردایەتییش بە ئەرکی مێژوویی خۆیان ھەستن و رۆژی کۆنگرە دیاری بکەن تا ھەر لە چوارچێوەی دروشم و راگەیەندراوی میدیاییدا نەمێنێتەوە.

لەگەڵ رێزی
سەمیر ھەورامی


PM:12:03:02/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 5576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی