ئەمریکا دەهۆڵەکەی خامۆش کرد

‌سەمیر هەورامی

ئەمریکا دەهۆڵی "حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی" خامۆش کرد

لەپەراوێزی بەیاننامە گرنگەکەی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا کە ئێوارەی ئەمڕۆ ٣٠-١٠-٢٠١٧ بڵاوی کردەوە، ئاماژە گەلێکمان بۆ دەردەکەوێت، کە کۆی بابەتەکەش هەڵئەگرێت تەحلیلاتی جۆراو جۆری بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە، ئەمریکا لەگەڵ هەوڵ و پیلانە ناوخۆیی و دەرەکیەکان نیە بۆ تێکدانی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و بەتایەبەت پرسی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بگرە دژی بیرۆکەی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیە.

لەو بەیاننامەیە بۆ یەکەم جار ڕاستەوخۆ ناوی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت دەهێنرێت و پشتگیری خۆیانی بۆ دووپات دەکاتەوە، هەر لەو بارەیەوەش داوای لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە هاوکاری نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی بن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی سیاسی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، تەنانەت لەو پەیامەدا شەرعیەت و ئەحەقیەت دەدات بە حکومەتی هەرێم کە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکەن لەسەر کۆی کێشە هەڵپەسێردراوەکان نەک لایەنە سیاسیەکەن کە ئەمەش ڕاستیەکی تاڵە بۆ هەندێک بەڵام تەندروسترە.

هەر لەو پەیامەی ئەمریکا و بەیاننامەکانی تریشیان، چەند پابەندی بە یەکپارچەیی خاکی عێراق تێدایە، دوو هێندەش بە یەکگرتووی و یەکپارچەیی هەرێمی کوردستانی تێدایە، هەمان کاتیش ئیعازدانە بە بەغدا کە تەنهاو و تەنها لەگەڵ حکومەتی هەرێم گفتوگۆ بکات بۆ گەیشتن بە چارەسەر.

دیارە ئەمریکا لە گەمە نێوخۆیی و دەرەکیەکان زۆر بە ئاگایە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی نیە!!، ئەو حکومەتەی کە زۆر کەسی بە ناو سیاسەتمەدار باسی دەکەن و بێئەوەی هیچ زانیاریەکیان لەسەری هەبێت، لای هەندێک لەوانە کە حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی تەنها مانای ئەوەیە کە ئەم حکومەتە ئێستا هەڵبوەشێتەوە، ئێ ئەمریکاش بەم پەیامە ئەو دەهۆڵەی خامۆش کرد و دژایەتی خۆی ئاشکرا کرد.
والسلام علی من اتبع الهدی


PM:10:44:30/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 8347 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی