لە سیاسەتدا قسە نا لۆژیکیەکان نابنە بەربەست!

‌سەمیر هەورامی


سەبارەت بە مقۆمقۆی چونی وەفدی هەرێم بۆ ڕوسیا و واژۆ کردنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ گەورە کۆمپانیایەکی ئەو وڵاتە، بۆ ئەو پرسە هێندەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی بەر لێشاوی ڕەخنە کەوتوە، هێندە باس لە جۆر و ناوەڕۆکی گرێبەستەکە و سوود و زەرەری نەکراوە، هۆکارەکەشی تەنها ئەو نەریتە بێسەر و بەر و بێ بنەمایەیە فێری بووین کە ڕەخنە لە هەموو شتێک بگرین ئیدی باش بێت یا خراپ گرنگ ئەوەیە شتێک بڵێن وەک وا بێت ئەگەر پۆستێکمان نەبێت یاخود کۆمێنتێکمان نەبێت لەسەر بابەتێک کەمتەرخەمین و دنیا سەرەوژوور دەبێت.

دەربارەی سەردان و گرێبەستەکە قسە ناکەم، ڕووی دەمم لە حزب و لایەنەکانی تر نیە هەرچیەک بڵێن، چونکە کێبرکێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تازە لەسەر ئەو ڕێچکەیە دەڕوات کە "دەبێت کەس یاخود حزبی بەرامبەر بشکێنیت بۆ ئەوەی سەرکەویت" و جەماوەر بۆ خۆت درووست بکەیت وەک ئەوەی هەموو ڕۆژێک هەڵمەتی هەڵبژاردن بێ و دەبێت خەمی کورسی و پلە و پۆست بخۆیت، ئیتر هیچت پێ نەبێت ئاساییە گرنگ ئەوەیە قسەت هەبێت لەسەر بەرامبەرەکەت بیکەیت. 

ڕووی دەمم لە کادیرانی خۆمانە "یەکێتیەکان"، ئەو یەکێتیانەی کە دەبێت درک بەوە بکەن، ئەوە هەڤاڵ قوبادە پیاوی چاکسازیەکانی ئەو بناغە خوارەی لە حوکمداری کەساڵانی ڕابردوو بنیات نراوە، ئەوە هەڤاڵ قوبادە زمانی ئامار و داتای هێنایە هەرێمی کوردستانەوە کە پێشتر نەک هەر نەبوو بەڵکو وەک سەردەمی عانە و فلس لەسەر کاغەز هەموو شتێک دەنوسرایەوە، ئەوە کاک قوبادە دەیتوانی وەک زۆر کەس لە ژیانێکی خۆشی وڵاتی ئەمریکا بۆخۆی بژی (خۆ کوڕی هەڤاڵ مام جەلال-ە و دەیتوانی هەموو شتێکی هەبێت لەوێ) بەڵام هاتەوە بۆ ئێرە بۆ خزمەت کردن، کاتی نیە باسی هەموو شتەکان بکەم..

هەڤاڵان..

من دڵنیام گەر کاک قوباد لەگەڵ ئەو وەفدە نەڕۆشتایە بۆ ڕووسیا دەتانووت " ئاگای لە هیچ نیە و دەسەڵاتی نیە"!، بەڵام کە ڕۆشت و بەئاگاداری ئەو هەموو شتێک کرا کەس باسی ئەوە ناکات، خۆ ئەگەر تەنها چەند ڕۆژێک چاوەڕێی بکەن زۆر ئاسایی دەبوو تا ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەستەکە، کە من دڵنیام زۆر کەس لە حزب لەئاستی باڵادا ئاگاداری هەموو شتێکن.

هەڤاڵانی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی خۆشەویست، فراکسیۆنی سەوز، یەکێتیی بەشێکە لە حکومەت، بەشێکە لە شکست و سەرکەوتنی ئەو حکومەتە، خۆ کاک قوباد کاندیدی ئێوەی بەڕێزە بۆ ئەم پۆستە ئەگەر هی هەمووشتان نەبێ هی زۆرینەتانە، ئیتر بۆ هەر پێمان خۆش بێت لە خێر بخۆین و لە شکست بێبەری بن، دەبوو وا بکەن کادیرەکان پاڵپشتی کاک قوباد بن و هاندەری بن بۆ ڕاستکردنەوەی خواریەکانی پێشوو. ئەگەریش قسەتان لەسەر پارتی هەیە بۆ بە ئاشکرا ڕێککەوتنی ستراتیجی هەڵناوەشێننەوە ، ئیتر پێویست ناکات چەپڵەش لێدەن و ڕەخنەش بگرن......!!!. وەک هەڤاڵ قوبادیش دەڵێت " سیاسەت و حوکمداری بە میزاج ناکرێت"..

ئیتر هەموو کەس سیاسی نیە و هەموو کەس پیاوی دەوڵەتداری نیە و هەموو ڕەخنەیەکیش تەندروست نیە بەو نوسینەی خۆشمەوە.
لەگەڵ ڕێزی
سەمیر هەورامی


AM:11:27:04/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 4932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی