"تورکەکان رقیان لێمانە ؟"

‌سەرکەوت شەمسەدین


ساڵی (۲٠۱٦) لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لەگەڵ کەمال چۆمانی پێکەوە چوین بۆ ویلایەتی ئۆهایۆ، من بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان و کەمالیش بۆ سەردانی هەندێک هاورێ کە لەزانکۆی سینسناتی دەیانخوێند، ئەم زانکۆ یە یەکێکە لە هەرە زانکۆ گرنگەکانە بۆ خوێندنی بواری کۆمەڵناسی و لێکۆڵینەوەی تاوان (forensics ) و دادگاری تاوان (Criminal Justice)، پۆلیس و پۆلیسی تاوان و ئێف بی ئایی و هاوشێوەکانی لە دونیادا زۆر بایەخی پێ ئەدەن، هەر بۆیە ژمارەیەک زۆر خوێندکاری بیانی ڕودەکەنە ئەم زانکۆیە بۆ خوێندنی ئەم بوارە .

لەو سەردانە ئەو هاورێیانەی سینسناتی، کە ئێمە سوپاسگوزاری میوانداری و رێزداری ئەوانین.

لەگەڵ کاک دانا لە شاری کۆڵۆمبۆسی ئۆهایۆ، بانگهێشتی زانکۆی سینسناتیان کردین و گفتوگۆیەکیان بۆ رێکخستین لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری دکتۆرا و مامۆستایانی زانکۆکە، لە ناو خوێندکارەکان ژمارەیەک خوێندکاری تورکی لێبوو کە بەپێی قسەی ئەو هاورێیانە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ خوێندکارە کوردەکان هەبوو.

گفتوگۆکە زیاتر لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و پرسی پێکەوە ژیان بوو، لەپڕ نازانم چۆن بوو گفتوگۆکە گۆڕا بۆ پرسی کورد لە تورکیا و عێراق.
من و کەمال باسمان لە هەردوو رێکەوتننامەی سیڤەر و لۆزان کرد، باسمان لە جوڵانەوە چەکداریە کوردییەکان کرد لە تورکیا و عێراق، کە بنەماکەی بۆ شێواندن و داڕشتنەوەی سنورەکانی پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دەگەرێتەوە، کە کورد لەو دابەشکارییە بەدۆڕاوی لێی دەرچوو، باسی ئەوەمان کرد کە رێکەوتننامەی سیڤەر تاڕادەیەک دەرفەتی بە کورد دەدا بۆ ئەوەی کیانی خۆی هەبێت، بەڵام دواتر تورکیا توانی بەلۆزان دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆی بگۆرێت.

پاش تەواوبوونی قسەکانی ئێمە، دوو خوێندکارە تورکەکە قسەیانکرد و شۆک ببوون لەوەی کە ئەوان چۆن مێژویەکی تەواو پێچەوانەی ئەوەیان پێوتراوە لە وڵاتەکەی خۆیان.

ئەوان وتیان لە قوتابخانە و زانکۆ و کتێبخانەکانی تورکیا ئەوەی ئێوە باسی دەکەن رێک پێچەوانەکەیەتی لای ئێمە، بۆیە ئێمە و ئێوە دوو شتی جیاوا دەخوێنین هەردوولاشمان خۆمان بە حەق دەزانین.

کەمال پێشنیاری کرد کە ئەو بابەتانە بە تورکی نەخوێنن، بەڵکو پەنا بۆ بەڵگەنامە ئینگلیزییەکان ببەن، دەتوانن بگەنە راستیەکان، هەرچەندە ئەم خوێندکارانە دژی رەگەز پەرستی بوون و پشتیوانی پرۆسەی ئاشتیان ئەکرد.

جارێکی تریش لەگەڵ شنیاری هاوسەرم لە ماڵی هاورێیەکی تورکم داوەت بووین لەئەنقەرە، خاتونێکی بەرێزە و پێشتر پێکەوە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا کارمان کردوە.

بۆ سەری ساڵ لە ماڵی ئەوان بووین، من باسی خراپی ڕەوشی کوردم کرد لە تورکیا، کە چۆن پێویستە کەسانی لیبراڵ لە تورکیا دژی چەوساندنەوەی گەلانی تر بن، ئەو کەمێک لای سەیربوو، وتی رەفتاری خراپی دەوڵەت بەرامبەر هەموانە نەک بەس کورد، وە پێی وابوو کێشەی کورد هەر ئەو بابەتی زمان ەیە، بەڵام بەر لەوەی من وەڵامی بەمەوە کچەکەی کە خوێندکاری بەشی یاسابوو لە زانکۆ وتی "نا دایە وانیە، من لە هاورێ قوتابیە کوردەکان گوێم لێبوە وە لە ئینتەرنێتیش دەیخوێنمەوە لە سەری، هەزاران کورد لەسەر شتی سادە زیندانی کراون، تەعزیب ئەدرێن و هەنێکیان لەبەر زوڵم دەرۆن بۆ شاخ." وتی "دایە تۆ ئەزانی کورد لە سوپا و پۆلیس و دەزگای تری دەوڵەت بە ئاسانی پلەی پێنادرێ و زوڵمی لێ ئەکرێ؟"

دەیان نمونەی تری وام لایە کە چۆن هیچ گەلێک نابێ و نەبووە هەمویان یەک بیرکردنەوەیان هەبێ و یەک ڕەنگ بن، تەنانەت ئەوەش بۆ خێزان زەحەمەتە هەمویان بە یەک شێوە بیر بکەنەوە.

ئیتر بایکۆتی گەشتیار و جلوبەرگ ئەگەر بابەتێکی ئابوری بێت بۆ پشت بەخۆ بەستن ئەوە ئاساییە، بەڵام ئەگەر بۆ سزادانی گەلێک بێت ئەچیتە چوارچێوەی فاشیزم و رەگەز پەرستی، هەرچەندە ئەگەر ئێوە بە حسابی خۆتان بەمە خزمەتی "کورد" ئەکەن ئەوە بەپێچەوانەوە، (۲٠ ملیۆن) کورد لە تورکیایە و بەشی زۆریان لەسەر ئەو ئابوریە دەژین و بژێویان لەسەر گەشتیارانە، لەوەش هەر کارێکی هەڵە دەکەن.

ئێمە لە ناو ئەم ناوچەیە باجی رەگەز پەرستی و فاشیزم ئەدەین، بەرژەوەندیمان لەوەدا نیە هەمان هەڵە دوبارە بکەینەوە، چونکە دواجار هەرخۆمان پێی ئەسوتێین، لەبەر ئەوەی نەژاد پەرستی پرۆسەیە و سەرەتا وەک ئەوەی ئێوە دەیکەن دەر ئەکەوێت، دواتر ریشە دائەکوتێ و دۆزەخ ساز ئەکات.


PM:09:08:21/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 4712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی