من و یەڵدا...

‌سەرکەوت شەمسەدین

پار ساڵ ئەمرۆ سەر لە بەیانیکەی لەگەڵ برادەرانی ئێن ئارتی مەوعیدێکمان دانابوو لەگەڵ نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە گەرەکی عەلی ناجی. من بەیانیەکەی لەگەڵ شنیاری هاوژینم بە تەکسی و بێ هیچ ترسێ رۆشتینە نوسینگەی پەرلەمان.

پێش من برادەرانی ئێن ئارتی دەستیان بە گفتوگۆکردبوو لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری گۆران و کۆمەڵ.

برادەرانی ئێن ئارتی داوای هەڵوێست و پشتیوانی پەرلەمانتارانیان دەکرد دژی داگیرکردن و داخستنی ئێن ئارتی وە من سەرنجێکم هەبوو کە بەو حوکمەی پارێزگار گۆرانە دەبێت پەرلەمانتارانی گۆران و پارێزگاری سلێمانی ئاسایش دوربخەنەوە لە ئێن ئارتی و پۆلیس ئەرکی پاراستنی ئێن ئارتی هەبێت وە داوامانکرد پەرلەمانتاران برۆنە گوندی ئەڵمانی و دۆخەکە بەچاوی خۆیان ببینن.

بەڵام نە پەرلەمانتارەکان توانییان برۆنە گوندی ئەڵمانی نە پارێزگاریش دەسەڵاتی هەبوو یەک ئاسایش دوربخاتەوە.

پاش کەمێک لە کۆبونەوەکەمان لەگەڵ پەرلەمانتاران کە هەنێکیان جگەلە پشتیوانی زارەکی کەوتنە رەخنەگرتن لە نەوەی نوێ و ئەوەی کە نەوەی نوێش رەخنەی لە هێزەکانی تر گرتوە .

هێشتا لە نوسینگەی پەرلەمانبوم تەلەفۆنێکم بۆ هات کە چەکدارەکانی ماڵی تاڵەبانی لە گوندی ئەڵمانی بەدوای من دا دەگەرێن و فەرمانی گرتنیان پێیە(کڵۆڵی ئەم هێزە ئەوەیە کە من لە هەموژیانم شەوێک لە گوندی ئەڵمانی نەمابومەوە بەڵام ئەوان هەواڵیان وا بۆچوو بو کە من لە گوندی ئەڵمانی دەژیم).

منیش شنیارم ئاگادارکردەوە و دوای تەواوکردنی کارەکانمان چاوەرێی کەسێکی نزیکی خۆمانکرد کە بە ئۆتمبێلەکەی ئەو برۆین بۆ گوندی ئەڵمانی بۆ هەواڵ پرسینی کەس و کاری هاورێیان کاک رابون و کاک شاسوار کە پێشتر لە لایەن چەکدارەکانی ماڵی تاڵەبانی یەوە دەستگیر کرابون.

کاتژمێر ۲ پاش نیوەرۆ، من و شنیار لەگەڵ چونەدەرەوەمان و پەرینەوەمان بۆ شەقامی بەرامبەر پەرلەمان و سوار ئۆتۆمبێل بوین و سێ ئۆتۆمبێلی پر لە چەکدار چواردەوریان گرتین.

من پێشتر زانیبوم کە ئاسایش وەک مادەی هۆشبەر بەدوای مۆبایلەکانی من هاورێکانمانەوەیە. بۆیە پێشتر شوێنێکی ئەمینم بۆ مۆبایلەکەم ئامادەکردبوو .

چەکدارەکان داوایانکرد دابەزم و لەگەڵیان برۆم، بەڵام شنیار هەڵیدایێ و ووتی: ئێوە کێن و بە چ حەقێ دەستگیری دەکەن؟

وتیان ئێمە ئاسایشین و فەرمانمان پێیە بەڵام هیچ نوسراوێکیان پێنەبوو.

من دەزانم چەکداری ئەم ناوچەیە بەشی زۆریان لەسەر بێ رەوشتی و شەلاتێتی راهێنراون وە ئەوان خاوەن بریار نین، بۆیە من بریارم دا لەگەڵیان برۆم. بەڵام شنیار زۆر بە توندی روبەرویان بویەوە وتی "ئێوە چەتەن ئەگینا سەرکەوت نارفێنن."

لەگەڵ چەکدارەکان رۆشتم بەڵام وتم ئەوە بزانن ئەمە رفاندنە و ئێوە هیچ بەڵگەیەکی یاسایتان نییە. دوای ئەوەی لەگەڵیان رۆشتم پاش کەمێک ماسکێکی رەشیان خستە سەرچاوم و ویستیان دەستم کەلەپچە بکەن بەڵام تەلەفۆنێک هات بۆ ئەفسەرەکە کە لە پێشەوە دانیشتبوو دیاربوو دەربارەی من بوو، وتی: بەڵێ گەورەم سەرکەوت شەمسەدین ە .

دوای ئەم تەلەفۆنە ئەفسەرەکە وتی: کەلەپچە مەخەرە دەستی و ئاساییە. ئۆتۆمبێلەکان زۆر بەخێرایی دەرۆشتن و هەرچەندە بەرچاوم تاریک بوو بەڵام هەستمکرد بەرەو باشوری سلێمانی رۆشتن و گەشتنە چۆڵی و بێدەنگی. ئەفسەرەکە تەلەفۆنێکی بۆ هات و گوێم لێبوو پێیان وت کە بگەرێتەوە بۆ "دائیرە" و ئیتر من نەمتوانی بە هەست شوێنەکە بناسمەوە کاتێک چاومکردەوە لە ژورێکی داخراو و سارد دا بوم.

هێشتا دونیا رۆشنبوو ، پەنجەرەیەی بچوک لەسەر شەقامێکی گشتی بوو چونکە دەنگی منداڵ و ئیسعاف زۆر دەهات. هیچ گەرم کەرەوەیەک لە ژورەکەم نەبوو جگە لە دوو بەتانی وسەرینێک. ئەو رۆژە هیچ کەس بۆ هیچ بابەتێک پرسیاری لێ نەکردم بەڵام چەند جارێ کەسێک دەهات ناوی پرسیم. داوای کتێب و رۆژنامە م کرد وتیان: ببورە ناتوانین هیچ نوسینێکت بۆ بێنین، من بیرم نایەت ۲٠ ساڵیشە شەوێکم بێ خوێندنەوە بەسەر بردبێ.

لە دەرەوە لە دوای رفاندنی من شنیاری خێزانم روبەروی چەکدارەکانی تر بوبویەوە و دەستبەجێ لایڤی کردبوەوە و باسی روداوی رفاندنەکەی می کردبوو وە لە تویتەریش لەگەڵ ژمارەیەک هاورێی ئازیزی کورد و ئەمریکی لەسەرخەت بوو وە شنیار زۆر ئازایانە کاریکردبوو بۆ هێنانە سەرخەتی کەسان و شوێنی کاریگەر.

بەختی من ئەو شەوە شەوی یەڵدابوو هەر کۆتای نەدەهات. سەر دیوارەکان نوسراوی سەیر و سەمەرەی تێدابوو، دیار بوو بەشێک لە گیراوەکانی پێشوو داعش و کەسانی سەر بەو گروپانەبون، هەنێ نوسینی تر کەسانێک بوون کە حومی ئیعدامیان هەبوو. هەنێکی تر یادگاری زیندانی کورد و عەرەب بون. نوسینێک زۆر سەرنجی راکێشام و هەستی جوڵاندم ئەویش نوسرابوو: دایەگیان، بابە گیان بەخوا من تاوانی وام نەکردوە و تێوەگلاوم بەڵام تازە رزگاربونم نییە(٤.٦). دیاربوو بە تۆمەتی کوشتن حوکمدرابوو.

منیش بۆ ئەوەی کەمێک کاتم لێبروات سەرقاڵی خوێندنەوەی نوسینەکان بوم وە جار جارەش رومدەکردە کامێرای ژورەکەم و دوو ناسنامەی رۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپیم پێبوو دەمخوێندنەوە بەڵام کات هەر نەدەرۆشت. دوو جار پاسەوانی ژورەکەم دەرگاکەی کردەوە و پرسی ئەگەر تونیمبێت یان برسی ئەوە ئەتوانن خواردنم بۆ بێنن، واتە جگە لە ژەمی ئاسایی. منیش وتم پێویست ناکات و وەک زیندانییەکانی تر.

بویە نیوەشەو پاسەوان گۆرا و پاسەوانە نوێیەکە زۆر بە حەسرەتەوە وتی: "کاک سەرکەوت زۆرم پێ ناخۆشە کە گیراویت." منیش پێکەنینێکم کرد و وتم گرنگ ئەوەیە بۆ زیندانیەکانی تریش وابن.

نازانم کەی بوو خەوملێکەوت بەڵام بۆ بەیانی پاسەوانەکە زۆر بە هێواشی بانگی کردم کە ئەگەر پێویستم بە بەکارهێنانی حەمام هەیە وە خواردنی بەیانی هێنا بەڵام من بەس نان روتیم خوارد.

کات بویە نیوەرۆ و خواردنی نیوەرۆ هات بەڵام من بە تەنیا دیسان تەنیا نانەکەم خوارد. تەواوی ئەفسەرەکان بە بینی من بێتاقەتبون و هەستم دەکرد زۆر تورەبن.

دەوروبەری دوانیوەرۆ بوو چەند کەسێک هاتن و ماسکێکیان خستە بەرچاوم وە بەرەو ژورێک رۆشتین و دەرگای ژورەکە کرایەوە و کەسێک لە ژور بوو کە منی بینی تورە بو وتی: ئەوە چییە؟! چاوی بکەنەوە دەی خێرا!
کە چاوم کردەوە بینیم وەستا حەسەن ی بەرپرسی ئاسایش ی سلێمانی بوو کە منی بینی هەستایە سەرپێ و داوای لێبوردنی کرد و ئەفسەر و پاسەوانەکانی لە ژورەکەی کردە دەرەوە و وتی: پێویست ناکات پاسەوان و لێکۆڵەری لێبێت وئێمە هەندێ گفتوگۆ دەکەین و کەس لێکۆڵینەوە لەگەڵ کاک سەرکەوت ناکات و بە دادوەر بڵێن کە تەنیا بۆ پرسیارکردن و گفتوگۆ بانگمان کردوە.

نزیکەی کاتژمێر و نیوێک گفتوگۆمانکرد و بەراشکاوی پێموت کە گرتنی شاسوار عەبدولواحید و رابون مەعروف و خۆبەخشان جگە لە تورەکردنی زیاتری خەڵک هیچ ناگۆرێت و وە من بەردەوام ئەبم کە هەڵوێستی خۆم لە پشتیوانیکردنی خۆپیشاندان ناگۆرم بەڵام ئەو باسی ئەوەی دەکرد کە کەسانی تر تورەیی خەڵکیان قۆستۆتەوە بۆ تاڵانی و فەرهود. 
دیاربوو بەرپرسە حیزبی و حکومییەکان ترسێکی زۆریان لەو خۆ پیشاندانە هەبوو وە نزیک بوو لە کۆنترۆڵ دەربچێ. 
وەستا حەسەن کە بۆخۆی باری تەندروستی تەواو نەبوو وە زۆریش ماندو دیار بوو، تکای کرد کە ئەگەر قسەمکرد بۆ میدیا وەک خۆی باسی مامەڵەی ئاسایش بکەم وە جارێکی تر داوای لێبوردنی کرد. و وتی کە پارێزگاری سلێمانی چاوەرێم دەکات لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت. من پێم وت کە پارێزگار دەبینم، بەڵام تا هاورێکانم بەرنەبن نە جێگری سەرۆکی حکومەت و نە هیچ کەسی تر نابینم.

کە هاتمە دەرەوە لە ژورەکە زانیم کە ئەوە ئاسایشی سلێمانییە و من لەوێ زیندانی بووم. وەستاحەسن تا بەر دەرگا لەگەڵم هاتە دەرەوە و داوایکرد کە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی برۆم بۆ ئۆفیسی پارێزگار، لەو کاتەدا ژمارەیەکی زۆری کارمەندانی ئاسایش لە حەوشەی ئاسایش بوون تورەیی و بێتاقەتی دایگرتبون بەتایبەت کە هەرچی کاری ناشیرینە بەوان دەکرێت بەڵام دوای بەرپرسەکانیان خۆیانی لێ بێ بەریدەکەن.

من دەم زانی لە دەرەوە فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەبوو دژی دەستگیرکردنی من ئەوە جگە لە کەمپینێکی فراوانی ناو تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بۆ پشتیوانی من، وە دەمزانی پارتی و یەکێتی هێندە مەرد نین رێزی رۆژنامەنوس و کەسی ئازادیخواز بگرن بەڵکو هەمیشە دەبێت بە فشاری دەرەکی ناچار بکرێن.

دوای ئازادبونم من دەستمکردەوە بە کەمپین و پشتیوانی کردنی هاورێیانی ترم لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە تا ئازاد کران زۆر توندتر لە پێش دەستگیرکردنەکەم.
پلانی من ئەوەبوو کە پشتیوانی هاورێیانم بکەم تا کاتی هەڵبژاردن و دواتر من بگەرێمەوە ئەمریکا، بەڵام ئەو تەحەدایە و دەستگیرکردنم وایکرد کە راستەوخۆ پشتیوانی ئەم پرۆژە سیاسییە بکەم و بتوانین لەگەڵ هاورێیان و خۆ بەخشان مەترسییەکی جدی بۆسەر جوت حیزبی جوت بنەماڵە دروست بکەین بە دانپێدانانی خۆیان. 
ئەمرۆ پاش ساڵێک لەو روداوە ئێمە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کاک رابون خۆمان دەبینمەوە وە متمانەی هاوڵاتیانی کوردستان رۆژ بە رۆژ بەم پرۆژە سیاسییە زیاتر دەبێت.
ان الله مع الصابرين


PM:11:53:20/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 3402 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی