لە کوردستان "نەیار "و لە بەغداد "یار"؟!

‌سەرکەوت شەمسەدین

نەوەی نوێ جیاوازییەکەی ئەوەیە خاوەن هەمان گوتارە، چ لە بەغداد و چ لە هەولێر، بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی باوی سیخناخ بە گوتاری قەومی موزەیەف.

ئێمە لە بەغداد وەک تاکە لایەن هیچ هەماهەنگی و هاوپەیمانییەک لەگەڵ پارتی و یەکێتی ناکەین و نەکرد بۆ هیچ بابەتێک (بۆ نمونە پێکهێنانی لیژنەکان)،چونکە ئێمە کە پارتی و یەکێتی بە دوو هێزی ناشیرین دەزانین ئامادەنین بۆ پۆست و دەسکەوت ببینە "برایان."
وە دەزانین پاڵنەری ئەو دوو حیزبە بریتییە لە سەفقاتی ژێر بەژێر (باسی قسەی بەتاڵی سەر تیڤی ناکەم، یان هەڵوێستی شەخسی بەڵکو وەک ستراتیژ).

ئێمە خاوەن روئیایی خۆمانین لەسەر بنەمای بەرژەوەنی نیشتیمانی نەک گوتاری بەتاڵی (قەومی)، ئێمە باوەرمان بە کاری پەرلەمانی هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ پێکهاتەکانی تری عێراق.

بۆیە بۆ پێکهێنانی لیژنەکان رەتمانکردەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی هەماهەنگی بکەین، بەڵکو بە کۆششی خۆمان و بە کارکردن لەگەڵ ئەو هێزانەی دیدیان لە ئێمە نزیکە کارمانکرد وە کاردەکەین (بەپێچەوانەی لە هەندێ هێز کە زۆربەی کات بۆ دەسکەوتی شەخسی و کاتی دەچنەوە ژێر چەتر پارتی و یەکێتی بەناوی ماڵی کوردی).

خۆی ماڵی شیعی و ماڵی کوردی و سونی دەروازەی نەگبەتی و گەندەڵی یە لە عێراق.

ئێمە فەلسەفەی دامەزراندنمان لێدانە لەم گوتارە درۆیینە قەومی و تایفی یە، خۆشبەختانە لە عێراق هاوبەشمان هەیە وردە وردە لای شەقامی عێراقی ش هێزە عنصوری تائیفییەکان قێزەون ئەبن.



PM:03:39:14/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 3440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی