لە نێوان ھەرێم و ئەسیوپیادا

‌عومەر عەلى محەمەد

کۆتایی ساڵەکانی ھەشتا سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیھان، ھەر لەو کاتەوە سیستمی نوێی جیھانی ھاتە ئاراوە و کۆتایی بە سیستمی دوو جەمسەری ھات، ئەمەش بووە سەرەتای چانسێکی گەورە بۆ کۆمەڵێک گەل و نەتەوە کە ھەنگاو بەرەو ڕزگاری و سەربەخۆیی بنێن و ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، لەوانەش کۆمەڵێک دەوڵەت لە ناوچەی بەڵقان و کۆمەڵێک کۆماری نوێش لە پاش جیابوونەوەیان لە یەکێتی سۆڤیەت سەربەخۆییان راگەیاند.

وەک بەشێک لە ھەلێکی مێژوویی گەورە، کوردیش لە عێراق ئەو ھەلەی ھاتە بەردەست و ڕاپەڕینی کرد و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاند، ئەمە سەرەتای مێژوویەکی نوێ بوو، بەڵام ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە سەرکردەی کارامە و لێھاتو و پلانی ستراتیجی ھەبوو، کە ئەگەر ئەو دوو فاکتەرە بەھێز بوونایە ئێستا کورد خاوەنی دەوڵەت بوو، بەڵام سەد مەخابن لە دوای ٢٧ ساڵ لە دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی، حکومەتی ھەرێم سەرەڕای ئەوەی لەڕووی فۆڕمی سیاسییەوە ھیچ گەشەیەکی ئەوتۆی نەکرد و ھەتا ئێستاش نەیتوانیوە لەڕووی جوگرافییەوە لە سنوری ئۆتۆنۆمییەکەی رژێمی بەعس دەربچێت، لە زۆر ڕووی تری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە، یەکێکە لە وڵاتە دواکەوتووەکان کە دەچێتە ڕیزی ئەریتریا و ئەفغانستان و تەنانەت ناتوانێت بچێتە کێبڕکێوە لەگەڵ ئەسیوپیاش، چونکە ئەگەر بەراوردێک لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەسیوپیادا بکەین، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو دەوڵەتێکی خاوەن سیاسی و سەربەخۆیە بەڵام لەھەمانکاتدا وڵاتێکی ئەفریقی بێ نەوت و گاز و ناوچەی گەشتیارییە و خاوەنی ھیچ دەرامەتێکی ئابوری ئەوتۆ نییە، بەڵام بەپێی داتاکانی بواری گەشەپێدانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ئێستادا یەکێکە لە پێنجەمین وڵاتی دنیا کە بەرەو گەشەپێدان و پێشکەوتن ھەنگاو دەنێت، ئەمەش لە دوای ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی شوباتی ٢٠١٨ ھات کە ئەبی ئەحمەد پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەدەستەوە گرت و دەستی دایە پڕۆژەیەکی چاکسازی ھەمەلایەنە، ئەگەر بە تێڕوانینێکی سەرپێیانەوە ئەمە بەراورد بکەین، تاکە ھۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ئێستا لە ئەسیوپیادا ئیرادەیەک ھەیە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و بنیاتنان، واتە لە ئاست سەرکردەکانی ئەم وڵاتەدا ھەست کردنێک ھەیە بە بەرپرسیارێتی بۆ بنیاتنانەوە و گەشەپێدانی دەوڵەت، بەبوونی ئەم ئیرادەیەش (سەرەڕای خراپی باری ئابوری و نەبوونی سەرچاوەکانی دارایی)، بەڵام لەھەمانکاتدا دەتوانرێت گۆڕانکاری دروست بکرێت و ژیانێکی باشتر بۆ ھاوڵاتیان دابین بکرێت، بەڵام لە کوردستاندا بە پێچەوانەوە بەھۆی سەرقاڵ بوونی سەرکردە و پارتە سیاسییەکان بەشێوەیەکی گشتی بە ھەندێک خەونی بچوک و لەبیرچوونەوەی خەمە نیشتمانییە گەورەکان، ئەو پڕۆژانەی لە ئارادان پڕۆژەی وێران بوون و دواکەوتن و ھەرەس کردنی دامەزراوەکانی حکومەتە، بەجۆرێک ئەگەر سەرنج بدەین لە ئێستادا حکومەت لە دواکەوتووترین و لاوازترین دۆخدایە.

ئەو دۆخەی ئێستا ھەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت زۆر ناسک و ھەستیار و مەترسیدارە، چونکە دۆخی ھەرێمی کوردستان وەک ھیچ وڵاتێکی دەوروبەر و ناوچەکە نییە، بەڵکو تایبەتمەندییەکی کوردستانی ھەیە، بەتایبەتیش کە ئێستا کوردستان خاوەنی سیادە و دەوڵەت نیە و ھەتا ئێستاش بەشێکە لە عێراق و ئەو فیدراڵیەتەش کە ھەیە و ھەرچەند وەک مافێکی دەستوری وایە، بەڵام تەنانەت ئەو پارتانەی لە بەغدا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە دانیان پێدانەناوە و ھەر جارە بە بیانویەک ھەڕەشەی لێ دەکەن و تەنانەت ھەندێک دەنگی نەشاز ھەیە کە دەیانەوێت ھەندێک ماددەی دەستوری عێراق ھەموار بکرێتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکرێت، یان وەک لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شارەکانی باشوری عێراق گوێبیستی دەبین داوای گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی دەکەن بۆ سەرۆکایەتی، لەلایەکی ترەوە ئێستا ناوچەکە ڕووی لە گۆڕانکارییەکی ترە و بەھۆی توندبوونی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەگەری ئەوە ھەیە گۆڕانکارییەکی تر ڕوو لە ناوچەکە بکات و زۆر پێویستە لە ئێستاوە خۆی بۆ ئامادە بکرێت و ھێزە سیاسییەکان بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵدا بکەن کە لە بەرژەوەندی کورددا بێت.

ھەموو ئەو فاکتەرانەی کە باسمانکرد، ئەوە دەخوازێت لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و دوو پارتەکەی دەسەڵات کە لەسەر ئاستە گشتی و نیشتمانییەکە خاوەنی پلانێک بن ھەتا کورد بە ھاوڵاتی و ھێزە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەیەک ئاراستە بۆ سەرخستنی کێشەی ڕەوای کورد ھەنگاو ھەڵبگرن، لەلایەکی تریشەوە ئەمە ھیچ ناکۆک نییە لەگەڵ ئەوەی کە لە پێناو گەشەپێدانی دیموکراسی و رێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی خەڵک و چالاککردنی ڕۆڵی پەرلەمان و حکومەت لە رێگەی ھەڵبژاردنەوە ململانێی توند بکەن و ھەردوولایان بەرژەوەندی ھاوڵاتی لەچیدا بێت ئەو ھەنگاو بنێن، چونکە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ھەردووکیان بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی لە نێو سیستمی دیموکراسیدا و دەبێت دەسەڵاتیش ئەو ڕاستیە بزانێت کە ھەر لاوازبوونێکی ئۆپۆزسیۆن بە لاواز بوونی دیموکراسی  و پرۆسەی سیاسی وشەفافیەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی کۆتایی دێت و گەندەڵی زیاتر گەشەدەکات و ئەمەش سەرەتای ھەنگاوێکە بۆ گەڕانەوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی تاکڕەوی و عەسکەرتاری کە ھەمووی بە زیانی گەل و سیستەمە سیاسییەکە تەواو دەبێت.

کەواتە ئەرکی ھەموو لایەکە لە ئێستادا بەراوردێک لە نێوان ھەرێم و وڵاتێکی وەک ئەسیوپیادا بکەن و بزانن ئەوان کە لەڕیزی دواکەوتوترین وڵاتانی دنیادابوون، ئێستا لە چ ئاستێکدان و دەیانەوێت بە کوێ بگەن و کوردوستانیش لە کوێدایە و بەم ئاستەوە بە کوێ دەگات؟


AM:01:54:26/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 3494 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی