كێ‌ عیراق یەك دەخاتەوە؟ ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

عیراق لە بنەڕەتدا لە سێ‌ پێك هاتەی سەرەكی پێكهاتووە . هەرگیز ئەو پێكهاتەی كە دەوڵەتی لەدەست بووە نەی توانیوە بای ئەوەندە لە مافەكانی خۆی خۆشبێت و بیداتە پێكهاتەكانی تر بۆ ئەوەی ئەویش هەست بە نامۆ بوون نەكات لەم وڵاتە .

بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ مێژووی دەوڵەتی عیراق،باس لە ئێستای ئەم وڵاتە دەكەین . كورد شتێكی ئەو تۆی لەبەغدا نەماوە جگە لە پۆستی چەند كەسێك،سوننەكان كەس خۆزگە بەحالیان نابات ،چونكە ئەوان جیاواز لە كورد ناوچەكانی خۆشیان بە دەستەو نیە و ئاوارەن ، هەتاكو ئێستا وا دادەنرا كەوا شیعەكان لەژێر چەتری مەرجەعەكانیان یەكگرتوون و كێشەیەكی ئەوتۆیان نیە ،

 بەلام  ڕاستیەكەی هیچ یەكێ لە پێك هاتەكان ئەوەندە مشتوماڵ و بێ‌ كێشە نین . كورد لەناوخۆی تەواوی دامەزراوەكانی ئیفلیج كراوە لەسەر دەستی خۆی ،سوننە كەس و گروپێكی وایان نیە كە زۆرینە لە ژێر چەتریدا ئارام بگرن،شیعەكان لە ئەنجامی دروست كردنی ئەو هەموو گروپە چەكدارەی بەناوی حەشدی شەعبی خەریكە نەخشی خۆیان دادەڕێژن بۆ دوای شەڕی داعش،ئەویش بۆ یەكلایكردنەوەی دەسەڵات و پێگەی خۆیان ، ئەوە لە كاتێكدا لە بەغداش زۆر لە دامەزراوە دەوڵەتیەكان ئیفلیج كراوە بەتایبەت پەرلەمان. كورد لە 25 ساڵ و عەرەب لە 13 ساڵی دوای رووخانی رژێمی بەعس نەیانتوانی دامەزراوە نیشتمانی و دەوڵەتی دوور لە پشك و بەشكاری نەتەوەیی و مەزهەبی و حزبی دابمەزرێنن ،

بۆیە عیراق بەتەواو بوونی شەڕی داعش شەڕی تری بۆدێتە پێش ئەویش شەڕی براکانە ،لە ئێستادا كە سوپای عیراق و حەشدی شەعبی و تەواوی هێزەكانی تر خەریكی پەلاماردانی فەلووجە و ناوچەكانی تر و پاشان نەینەوان بۆ ئەوەی لەدەست داعش رزگاری بكەن ، گروپی سەرایەی سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر لە شارەكانی باشوری عیراق خەریكی مانۆڕ و مەشق و راهێنانە،ئەمەش ئاماژەیەكی روونی ئەو گروپەیە بۆ گرتنە دەستی دەسەلات بە هێز ،بەدڵنیایەوە هێزەكانی تریش وا بەئاسانی ناچنە ژێر باری فشارەكانی  سەدرەوە، كەواتە یەكخستنەوەی عیراق زۆر قوڕسترە لە لیبیا،

 چونكە لیبیا كێشەی سەرەكی ئەو جوگرافیا و قەبائیلە، بەلام عیراق چەندین كێشەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و وگرافی و حزبی و بنەمالەییە ، بۆ عیراق دابەش بوونی بە شێوەیەكی ئارام و دوور لە شەڕ، باشترە وەك دابەشبوونێكی نا سروشتی بە زەبری چەقۆ ،چونكە كەس لەم وڵاتە براگەورە نەماوە و هەمووی خۆی بە برا گەورەی ئەویتر دەزانێ‌ ، بەبێ‌ ئەوەی ئەوان بە براگەورەی بزانن .


PM:03:41:25/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 2350 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی