كورد و بەغدا ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

لە كۆتایی ساڵی 2012 یەكێ لە كاراكتەرە بە هێزەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد « مام جەلال» بە هۆی نەخۆشی لە بەغدا نەما، ئەمە بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی كورد لە كۆڕی بریاری سیاسی لە بەغدا لاواز بێت یان داببڕێ‌. دواتر لەسەرەتای ساڵی 2014 بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حكومەتی بەغدا و ملنەدانی هەرێم بۆ رێكارە یاسایەكان لەگەڵ بەغدا هێندەی تر كوردی لە پێش چاوی بەغدا رەش كرد. شەڕی داعش و لاواز بوونی پەیوەندی بەغدا بە ناوچە دابڕاوەكان ئەویش هێندەی تر ئەم كەلێنەی نێوان كورد و بەغدای گەورە تر كرد .

لە ئێستادا كورد لە بەغدایە،بەڵام وەك دەبینرێ‌ لاواز و بێ‌ بەرنامەیە. بەغدا خەریكە نوقمی قەیرانە سیاسی و ئابوریە و مەزهەبیی و ئەمنی و گەندەڵیەكان دەبێت. ئەگەرچی كوردستان زۆر باشتر نییە. بەڵام كورد بەشێوەیەكی ئەنقەست و ملنەدان بۆ قانوون وای لێكراوە.

بۆیە بوونی كورد لە بەغدا ئەوەندی بۆ هەندێ‌ بابەتی تاكتیكی بەكار دەهێنرێت، بابەتە ستراتیجیە دوور مەودا و نیشتمانیەكان زیاتر لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانن و كەس نایان ووروژێنی،

نموونە هەقە كورد لەم ئاژاوە و ململانێ‌ سیاسیەی ناو حكومەت و پەرلەمانی بەغدا دوورە پەرێز بێت و ئەوەندە خەم لە پۆست نەخوات، بەڵكو كێشە و دۆسیە گرنگەكانی خۆی بخاتە بەردەم ئەو هێز و لایەنانە كە ململانێ‌ دەكەن.

كامەیان پێش وەختە بەڵێنی جێبه‌جێكردنی دا لە رووی دەركردنی مادەیەكی قانوونی لەسەری ئەوە ئەوكات كورد پشتگیری بكات بۆ وەدەست هێنانی مەرامە سیاسیەكانی بەڵام ئەوەی دەبینرێ‌ كورد شەڕێك دەكات بۆ ئەوەی بزانێ‌ لولەی تفەنگەكەی لە كێ‌ یە و دووژمنەكەی ناوی چییە و بۆ دووژمنەیەتی و ئەگەر ئەو دووژمنە هێز و دەسەلاتی گرتە دەست چی بەرامبەر كورد دەكات. راستیەكە ئەوەیە كورد كاراكتەر و گفتوگۆكەری باش و بەهێز و شارەزای لە بەغدا نەماوە، لە هەمانكاتیشدا لە هەرێم لە دۆخێكی زۆر خراپی سیاسی و سیستەمی و ئابوری ژیان دەگوزەرێنی،بۆیە بەغدا كوردی وەك بۆڵەبۆڵه‌ كەرێكی باخچەی پشت ماڵان هەژمار دەكات و ئەوەندە ناوەستێ‌ بزانێ‌ چی دەڵێ‌ و بۆ قسە دەكات، كەواتە كورد دەبێ‌ بەلای كەمەوە دووان یان یەك لە سێ‌ خاڵە لاوازەكەی كە لە بەغدا تووشی بووە چارەسەری بكات.

ئەگەرنا بەغدا ئەم جارە بەخۆی خۆی دەرباز بكات و هەركەسێك ببێتە كوێخای بەغدا ئەوە كورد بەدەست بەتاڵی بەرەو ماڵ رەوان دەكاتەوە. ئەگەر بەتەمای بەغدا ماوە ئەگەرنا ئەم هەموو سەر ئێشە بۆ دەكات و با بارگەی خۆی هەڵگری و بێتەوە باشترە،نەوەك دەربكرێ‌.


PM:01:18:20/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 2367 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی