كوردایەتی ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

لەم دۆخەی ئەمڕۆی كوردستان رای گشتی خەلك ئەوەندی بە ئاراستەی كێشە تایبەتیەكانی ژیانەوە،نیو هێندە بەلای كێشە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانەوە نیە. ئەو گروپەی لە ترۆپكی ئیدارەدانی دەسەلاتە لە كوردستان بە شێوەیەكی خراپ مامەلەیان لەگەل فیگەرەكان كرد.

دووربین نین بۆ كێشە ستراتیجیەكان لە ئێستادا ئەوەندی خەلكی كوردستان دابەشی سەر گروپ و بۆچوونی دژ بە یەك و دژ بە دەسەلاتی خۆمالی بوونە،نیو ئەوەندە ئاراستەی بۆچوون و خوێندنەوەیان بۆ كێشە نەتەوەیەكان نییە. حزبە كوردیەكان لە جاراندا ئەوەندی ئامرازێك بوون بۆ گەیشتن بە كۆڕی خەباتكردن لە پێناو كوردایەتی، لە ئێستادا لە راستی دوور ناكەوینەوە گەر بلێین كوردایەتی لە پلەكانی خوار حزبایەتیەوە دێت. چونكە ئەوەندە بوون و گەورەكردنی حزب و كەسایەتیەكانی حزب لای ئەندامانی حزبەكانی كوردستان بۆتە ئامانج.

كوردایەتی لەو سۆنگەیەوە دێت كە تۆ چەند هاوسۆزی لەگەل بابەتە حزبیەكان، رای گشتی بۆ بابەتە نیشتمانی نەتەوەیەكان زۆر لاواز بووە. لە سەرەتای روخانی رژێمی بەعس رای شەقامی كوردی زۆرینە رایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو. هەر ئەمەش وایكرد ئەو سەركردایەتیەی كورد كە لە بەغدا بەشداری نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی كرد پشتئه‌ستوربێـت بە دەنگ و رای زۆرینە.

 بەلام ئەزموونی حوكمڕانی كوردستان بە هۆی خراپ ئیدارەدانی  بەمەبەستی خستنە ژێردەستی هەموو كەیسەكانی ئابوری و سیاسی و پەیوەندیەكان بۆ تەنها ناوەندێكی یەك ئاراستە وایكردوە هەرێم بە ئاراستەی پوكانەوەی ئابوری و دیمۆكراسی و ئاشتی كۆمەلایەتی و دیبلۆماسی بڕوات. سومعەی هەرێم لەكەداربێت، ئەگەرنا لە ئێستادا رووداوی زۆر گەورە لە دەوروبەرمان روودەدات.

 كەچی كاتێ‌ سەیری خەلكی كوردستان دەكەین زۆر بە ساردی تێڕوانینیان بۆ پێشهات و گۆڕانە ناوچەیی و جیهانیەكان هەیە كە هاوبەرژەوەندیشە لەگەل كێشەی كورد. كەواتە كێشەكە دیارە. ئەو تیمەی لەسەرۆكایەتی كردنی حزبەكانن ئەم دۆخەیان دروستكردوە. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كەمێك لە بەرژەوەندی تایبەت بەخۆیان و گروپەكانیان دوور بكەونەوە و روویان بە ئاراستە رێكخستنەوەی بۆچوونە سیاسەكان وەرگێڕن و بەسەر كێشە ناوخۆیەكان بەشێوەیەكی تەندروست باز بدەن .

بۆ ئەوه‌ی جارێكی تر خەبات بۆ كوردایەتی گەرم ببێتەوە، خەلكی كوردستان هاوڕا ببنەوە لەگەل بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانی، نەوەك وەك ئێستا زوڵمیان لێبكرێ‌ و نەبان بكرێن لە كێشە نەتەوەیەكان بەهۆی كەموكوڕی و نەزانی ئیدارەدانی هەرێمەكەمان. گەر بەخۆدانەچنەوە ئەوە بەدڵنیایەوە دوای تەواو بوونی جەنگی داعش ئەو پێگە سیاسی و سەربازی و ئاسایشەمان نامینێ‌، ئەوكات بە ئاسانی بچوكمان دەكەنەوە، بۆیە با كوردایەتی گەرم بكرێتەوە .


AM:11:37:13/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 2710 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی