كورد چی لە بەغدا دەوێ؟ ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

لە دوای روخانی رژێمی بەعس ساڵی 2003 لەسەر دەستی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، كورد رۆلێكی دیاری هەبوو ئەستێرەی گەشاوە بو، چونكە ئەمەریكا یەكسەر دوای تەواو بوونی شەڕ هاتن داوایان لەسەركردە كوردەكان كرد بێنە بەغدا و دەست بە راوێژكردن بكەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەو عێراقەی كە هەموان دەیان ساڵ بوو خەباتیان بۆ دەكرد و خۆزگەیان بۆی دەخواست. كورد رۆلی خۆی بینی لە بونیادنانەوەی دەوڵەت و نووسینەوەی دەستوور و دەنگدان بۆی. ئەوەندی پرسی سیاسی بەغدا لە هەولێر و سلێمانی بوو، ئەوەندە لە بەغدا نەبوو. وای لێهاتبوو بلێن كورد دوو حكومەتی هەیە عێراق و كوردستان. بەلام لە ئێستادا كورد رۆژ بە رۆژ بێبایەخ و كاریگەر دەبێ‌ لە پڕۆسەی سیاسی عێراق. ئەوە لە كاتێكدا عێراق و هەرێم دووچاری شەڕێكی قوڕس بوونە لەگەل داعش.

ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە لە وەستان بەرامبەر ئەو بەرە دوور و درێژەی شەڕ لەگەل داعش لەوانە بوو داعش گورزی زۆر كوشندەتری لە بەغدا بدابایە. كەچی بەغدا هەم لە ساڵی 2014 كە حكومەتی دروستکرد هەم لە ئێستادا كە چاكسازی و گۆڕان لە حكومەت دەكرێ، منەتی كورد نازانرێ‌. دیارە هۆكارەكە كورد خۆیەتی. ئەو كاراكتەرانە سیاسەتی كوردی بەڕێوە دەبەن ناتوانن ئیدارەی  هاوپەیمانێتی و چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەل بەغدا بدەن. هەروەها لە دوای نەمانی تاڵەبانی كاراكتەری بەهێز لە بەغدا نەماوە و كوردستانیش تەنها لە دوورەوە چەندین كەلێنی گەورەی دروست كردوە لەگەل بەغدا.

 ئێستا ئێمە بودجەمان لە بەغداوە بۆ نایەت. هەموو رۆژ باس لە راگەیاندنی سەربەخۆیی دەكەین. كەچی ئەم هاتو هاوارەمان لە چیە بۆ چەند وەزارەتێك. كەوا وەزیر لە بەغدا ئیش و كاری عێراق دەكات نەوەك كوردستان. كاتێ بودجەی كوردستان بڕدرا جێگری سەرۆك وەزیران كورد بوو.

ماوەی دوو ساڵە وەزیری دارایی كوردە بەس توانیان چی بۆ بودجەی هەرێم بكەن. كەواتە بەغدا دەزانێ‌ كورد بێ‌ بەرنامەیە. هەروەها پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم زۆر شلۆق و تێكشكاوە. لەبەردەم رای گشتی ناوخۆ و دەرەوە ئەزموونی كوردی ناشیرن كراوە. هەروەها جاران كورد یەكگرتوو بوو. بەلام ئێستا یەكگرتوو نیە و كاراكتەری بەهێزیشی نیە. ئەگەر هەشیبێ‌ لە بەغدا نیە. بۆیە هەق نیە كورد ئەوەندە خۆی بە خاوەن ماف بزانێ‌ لە بەغدا چونكە كوردیش كۆمەلێك ئەركی هەیە لەبەرامبەر بەغدا جێبەجێی ناكات. راستیەكەی واباشترە كورد زیاتر كار لە پەرلەمان بكات و لەوێوە داوای مافە دەستوری و نیشتمانیەكانی بكات، نەوەك وەزیر و گزیر.


PM:05:15:06/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 2335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی