نەتەوە یەكگرتووەكان و سەربەخۆیی كوردستان ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌


    نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو رێكخراوەی لە گەرمەی جەنگی جیهانی دووەم (1939_1945)بیرۆكە و بەرنامەكەی گەڵالە كراو پاش جەنگ بوونی راگەێنرا، پەیڕەوی ناوخۆی نەتەوە یەكگرتووەكان كە وەك دەستورێكی گشتیە بۆ رێكخستنی كاروباری ژیان لە جیهاندا. پەیڕەوی ناوخۆی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پێشەكیەكی (9)خالی و (19)بەش و (111)مادە پێك هاتووە.

 لە مادەی دووەم باس لە چارەنووسی میللەتان دەكات بە ئاشتی،هەروەها لە ماددەی (55)بەپێویستی دەزانێ‌ پەیوەندی گەلان لەسەر بنەمای مافی وەك یەكی و ئاشتیانە رێك بخرێت، بەهەمان شێوە لە راگەێنراوی مافی مرۆڤی جیهانی لە 10/12/1948لە مادەی دووەم باس لە مافی ئازادی هەموو تاكێك و پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و كەلتوری دەكات، بۆ بڕیاردان لە چارنووسی شێوەی ژیانی خۆی.

 لە بڕیاری (1514)ی ساڵی 1960ی كۆمەڵەی گشتی دا هاتووە (هەموو میللەتێك مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە،بەپێی ئەو مافە دەتوانێت‌ ناوەندی سیاسی خۆی ئازادانە دیاری بكات)بەهەمان شێوە لە بڕیاری ژمارە (1541)ی ساڵی 1966دا هاتووە: (هەموو میللەتێك مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆی دیاری بكات). لە بڕیاری ژمارە (2526)ی ساڵی 1970دا هاتووە (هەموو میللەتێك مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆی دیاری بكات،بەبێ‌ دەست وەردانی دەرەكی،هەروەها ئازادە لە هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی گەشەی ئابوری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی)
لە كۆنگرە و راگەێنراوە نێودەوڵه‌تیەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئاشكرا و بە روونی باس لە مافی هەموو میللەتێك دەكات بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس، بۆ نموونە لە كۆنگرەی تەمموزی ساڵی 1975 هاتووە (هەموو میللەتێك مافی سەرەكی و بێ‌ لادان لە چارەنووسی خۆی هەیە،خۆی رەوشی سیاسی خۆی دیاری دەكات، بە       ئازادیەكی تەواو بەبێ‌ دەست وەردانی دەرەكی و بیانی). لە راگەێنراوی كۆنگرەی نایرۆبی لە كینیا ساڵی 1981دا هاتووە: (میللەتانی داگیركراو و سەركوتكراو مافی رزگاركردنی خۆی هەیە لە ژێر دەستەیی ،بە پەنابردنە بەر هەموو هۆكارێك كەوا دان پێنراو بێت لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵه‌تییه‌وه‌).

لە راگەیێنراوی كۆنگرەی ڤێنا لە ساڵی 1993دا هاتووە (مافی هەموو میللەتێكە چارەنووسی خۆی دیاری بكات،نكۆڵی كردن لەو مافە پێشێل كردنی مافی مرۆڤە،گرنگی كاركردن بۆ وەدیهێنانی مافی چارەنووس،پێدانی ئەو مافە بەمەرجێك كاریگەری نەكاتە سەر یەكێتی سیاسی ئەو وڵاتانەی كە مل كەچن بۆ بنەما یەكسانەكانی مافی میللەتان لە دیاریكردنی چارەنووسیان)چەندین بڕیار و راسپاردەی تر هەیە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووسی میللەتان دەریكردووە. بەڵام كوردستان چونكە لە هیچ یەكێ لەم وڵاتانەی داگیریان كردووە بە كۆڵۆنیاڵی نەدراوەتە قەڵەم ،بۆیە گەیشتن بەسەربەخۆی قوڕسە.

لە دەستوری هیچ یەكێک لە وڵاتە داگیركەرەكانی كوردستانیش باس لە جودابوونەوەی هەرێمێك لە وڵاتەكانیان نەكراوە، پێویستە كورد لە دەرگای نەتەوە یەكگرتووەكان بدات و بڕیارەكانیان بجوڵێنێ‌ لەسەر ئەو دەوڵەتانەی كە داگیریان كردووە.


PM:04:03:17/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 2879 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی