كوردستان لە قۆناغی یەكلاكەرەوەدا ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

ژیان بەردەوام لە گۆڕاندایە، هیچ قۆناغێك لە قۆناغێكی تر ناچێ‌، مەبەست لە گۆڕان زەوی و ئاسمان و شێوەی مرۆڤەكان نییە. بەڵكو بیركردنەوە و پێویستی و هۆكارەكانی مرۆڤە. هەر نەوەیەك جیاوازە له‌گه‌ڵ نەوەیەكی تر،چونكە ژیان لەسەر تەمەن و بیركردنەوەی هیچ نەوەیەك ناوەستێ‌. بۆیە دوو جۆر گۆڕان هەیە لە ژیاندا گۆڕانێكیان سروشتی زەمەن بە رێوەی دەبات ،ئەمەیان بەیەك راستە هێڵ دەڕوات و ئالوگۆڕی تەمەنی نەوەكانە.

ئەویتریان گۆڕان خۆكردە،واتە لەژێر كاریگەری رووداو و پێشهات و هۆكارەكانی ژیانە. زۆرجار گۆڕانی جۆری وادەهێنتە پێش لە پێشبینی كردنی مرۆڤەكان بەدەرە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جۆری دووەم رۆژ بەڕۆژ گۆڕانی دیار و بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ‌ لە گەڕانەوە بۆ دواوە و وێران بوون و بازدان بۆ پێشەوە. هەرێمی كوردستانیش لەم پێودانگەیە.

رەشەبای گۆڕان هەڵیكردوە و بەسەر ئاسمانیەوەیە. ئایا دەتوانێ‌ خۆی بگرێ‌ و گۆڕانێكی هەتا رادەیەك تەندروست بكات؟! بەدڵنیایەوە ئەوەی دەبینرێ‌ هەتاكو ئێستا چەپەر دروستكردن هەیە لەبەردەم باهۆزی ئەو وەرچەرخانەی كە هاتووە. هەرێمی كوردستان لە دووریانی مەرگ و ژینە. ژین بەمانای چاكسازی كردن و هەنگاونان بۆ قۆناغێكی تر، مەرگیش بەمانای مانەوە لەسەر ئەم شێوە بەرێوەبردنە شكستخواردووەی ئێستا. كوردستان سەرچاوەیەكی گەورەی ئابوری و مرۆیی لەبەردەستە،بەڵام خراپترین پلان و بەرنامەی هەیە لەلایەن رێبەرەكانی بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی زانستی و هاوچەرخ دایبڕێژێتەوە بنیاد بنرێتەوە.

كاتی ئەوە هاتووە لە كوردستان دامەزراوە دەوڵەتیەكان لە سیما و روخساری ئێستایان كە سیما و روخساری حزبایەتی سەدەی رابردووی وڵاتە رۆژهەڵاتیەكانە دابماڵرێ‌ و لەسەربنەمای سیستەمێكی هاوچەرخ بنیاد بنرێتەوە و توانای وەستان لەسەر قاچی خۆی و درێژەدان بە ژیانی هەبێت، ئەگەر وانەكرێ‌ كوردستان رۆژ بەرۆژ دەكەوێتە ژێر تەوژمی چەند ئاراستەیەك. یەكەمیان وڵاتانی ئەمەریكا و ئەوروپا كە هەژمونێكی زۆریان هەیە لەسەر هەرێم بەم مۆدیلە بەڕێوەبردنە رازی نینە و فشاری گەورە دروست دەكەن، چونكە چۆن دەبێ لە وڵاتێك دامەزراوەكانی هەر رۆژە و بەشێوەیەك پەك بخرێ‌.

دووەم ئاراستەی ناوخۆیە ساڵ بەساڵ نەوەی تازە و خوێندەوار بەرهەم دێت و حكومەتیش هیچ پلان و بەرنامەیەكی نییە بۆ بەكارخستنیان، ئەمە باشترین مادەی خاوە لەبەردەستی ئاڕاستەی یەكەم بۆ جوڵان. ئاراستەی سێیەم هی وڵاتانی ناوچەكەیە بۆ تەواو ووشك بوونی كوردستان فشار دەكەن. ئەوانیش توانای جوڵەی یەكجار زۆریان هەیە، بەتایبەت عیراق .لەهەرێمیش ئەو جوڵانەی دەكرێن هیچیان واقعی نین و له‌گه‌ڵ هیچ یەك لە ئاراستەكان یەكانگیر نییە،بەڵكو دژبەرە، بۆیە كوردستان لە دوو ڕیانێكی مەترسیدارە.


PM:03:59:02/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 2385 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی