یەكێتی دەبێ قسەی هەبێ ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

كە دەگوترێ‌ یەكێتی ،مەرج نییە تەنها ئەو ستافەی كە لە ئۆرگانی سەرەوەن و ماوەی  کۆنگرەیان تێپەڕاندووە‌و نوێنەرایەتی تەواوی سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكەن، بەڵكو دەكرێ لە ناوەڕاستەوە،بەرنامە و سیاسەتی یەكێتی ئاراستە بكرێ‌. مەرج نییە بابەتێك كۆدەنگی سەرەوەی لەسەر بوو، ئەوە تەندروست و گونجاوە بۆ سیاسەتی ئەم حزبە.

 لە هەڵبژاردنی 2013 لەیەكەم ئەزموونی دوای مام جەلال یەكێتی بەهۆی خراپ ئاراستەكردنی لە لایەن ئۆرگانی بالاوە،دووچاری پوكانەوە و داچۆڕانی جەماوەری بۆوە، كەچی لە ماوەیەكی زەمەنی كەمتر لە سالێك،كاتێک‌ ناوەڕاست و خوارەوە سیاسەت و بەرنامەی یەكێتیان ئاراستە كرد،هەڵسانەوەیەكی گەورەی بەخۆیەوە بینی.

ماوەی دوو ساڵە یەكێتی بەهۆی ناتەبایی و بەیەكەوە هەڵنەكردنی كاراكتەرە باڵه‌كانی، هەتا ڕادەیەكی زۆر ناوەندی بڕیاری وونە، كە ناوەندی بڕیاری وونە، ئاراستەی سیاسی و بەرنامەی كاری سیاسیشی وونە، بۆیە لە ئێستادا گەر كاراكتەرە باڵاكان ناتوانن یەكانگیر بن، ئەوە بەشێك لەوانەی لەگەڵ ناوەڕاست و خوارەوە هەماهەنگن و یەك بیر و بۆچوون و تێڕوانینیان هەیە، بۆ پرسە سیاسی و ئابوری و جوگرافیەكان، دەبێ‌ جوڵە بكەن. ئەوەی لە هەفتەی رابردوو لە كەركوك كرا،ئەوە تێستێكی سەركەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، دوای قۆناغێك لە متبوون و بێدەنگی.

 ناكرێ‌ حزبێكی وەكو یەكێتی كە خاوەنی پێگە و سەنگی مێژووییە،خاوەنی جوگرافیا و هێز و جەماوەرە،بەم شێوە سارد و سڕە لەم قۆناغەی ئەمڕۆی كوردستان بڕوانێ‌ و بیداتە دەست زەمەن. هەر بابەتێک، بەبێ بەرنامە و خوێندنەوە و پلان بدرێتە دەست زەمەن،هەم ستۆك دەبێ‌ هەم دەپوكێتەوە، بۆیە دەبێ‌ ئەو دەنگەی كە ئێستا لە ناو یەكێتی جورئەتی كردوە و دەنگی داوەتەوە، دەبێ‌ كادیر و ئەندام و جەماوەری یەكێـتی لە دەوری كۆببنەوە، بۆ ئەوەی یەكێتی راستە رێگای خۆی بدۆزێتەوەو متمانەی خۆی لەگەڵ خەڵك نوێ‌ بكاتەوەو ببێتە سایە و سێبەری حزبە سیاسیەكان و تەواوی خەڵكی كوردستان.

دیاره‌ لە ئەمڕۆی كوردستان تاكە هێزێك بتوانێ‌ باری وەستاو لاسەنگ بووی دۆخی باشوری كوردستان راست بكاتەوە، یان گۆمەكە بشڵەقێنێ‌ بە ئاراستەی نەهێشتنی مەنگی و لیخنی ،ئەوە یەكێتییە، چونكە كارتی زۆری لەدەستە، بەڵام دەبێ‌ گروپێك لە یاریزانی باش بەشێوەیەكی تەندروست بەكاری بهێنن، لەكات و شوێنی گونجاوی خۆیدا. یەكێتی دەبێ‌ قسەی خۆی هەبێ‌،لەبەر خەڵك و ئەزمونی باشوری كوردستانیش نەبێ‌،لەبەر خۆی. گەر قسەی نەبێ‌، ئەوە له‌ كۆتایدا بوونیشی نابێت، قسەكردن نیشانەی بوونە، بێدەنگ بوون و خۆ مات كردن نیشانەی نەبوون و بێ‌ دەسەڵاتییە.


AM:10:48:08/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 4627 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی