كاسترۆ پیاوی مێژوو ‌

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

نووسین لەسەر كەسێك لە دوورەوە لەوانەیە كەمێك زەحمەت بێت، به‌ڵام  كەسە گەورەو ناودارەكانی مێژوو، هەتا ڕادەیەك ئاسانترە. ڤیدڵ كاسترۆ ئەو ناوەی رێك 50 ساڵ ناسراوێكی زۆر و زەوەندی هەبوو، بەدڵنیایەوە بەدەگمەن نەتەوەیەك دەبینیەوە،بەتایبەت ئەو میللەت و نەتەوانەی كە چاویان لە رزگاری و بیری سیستەمی سۆسیالیستی بووە،بەدەیان و سەدان منداڵ ناوی بەناوی كاسترۆوە كراوە. ئەو سەرۆكی دوورگەیەك بوو،بە قەولی سەرجەم چەپ و ماركسیەكانی دونیا لە بن باڵی ئیمپریالیزمی گەورەی دونیا ئەمەریكا بوو.

 ئەو لەوێیەوە بووە هاوشانی سەركردە ناودار و خاوەن هەژممونە گرنگەكانی دونیای سەردەم (جەواهێر لال نەهرۆ و جەمال عەبدوالناصر و تیتۆ دەیانی تر) . هیچ دەسەڵات و سیستەمێك بێ‌ ركابەر و بێ‌ رەخنە نییه‌، كاسترۆش بەرهەڵستكاری هەبوو . به‌ڵام  گەر بەچاوێكی بەراووردكاری سەیری بكەین پاڵپشتی زۆرتر بوو، ئەگەر پاڵپشتی زۆرتر نەبوایە تاكو ئەمڕۆ نەدەما.

 لە ئێستاشدا كە رۆیشت كاسترۆ وەكو سێبەر و رێباز دەمینێ‌ جارێ‌. ئەو بەردەوام بوو،لە ژیانی ئەو یەكێتی سۆڤیەتی خاوەن گەورەترین هێزی سوپا و رووبەری جوگرافی هەڵوەشایەوە و نەما. بەدەیان وڵاتی تری سۆسیالیستی هەرەسی هێنا،سەركردەكان یان كوژران یاخود خرانە كونجی زیندانەوە،به‌ڵام ئەو مایەوە سەرەڕای ئەو هەموو پیلانەی كەلەسەری كراوە،وەك دەگوترێ‌ لە ژیانیدا (638) جار هەولی تیرۆركردنی دراوە.

 ئەو لە ژیانیدا توانی لەدوای ئەو هەموو پاشەكشەی وڵاتانی سۆسیالیستی خۆی بگرێ‌، ئەمەریكا ئەو هەموو گەمارۆیەی خستە سەری،كەچی لە دواجار ئەمەریكا ناچار بەكرانەوە بوو لەسەر وڵاتەكەی. كاسترۆ لە ئەمەریكای لاتین وەكو باوكی رۆحی هەژاران و بزووتنەوە شۆڕشگێڕ و چەپەكان سەیركراوە . لە ژیانی خۆیدا رێگەی نەدا وێنە گەورە و پەیكەری لە شوێنە گشتیەكان بۆ هەڵبواسرێ‌ و دابنرێ‌ .

 لە دوای مردنیشی وەسیەتی ئەوە بوو تەرمەكەی بسووتێنرێ‌ ،نەوەك بببێتە مەزارگا و پەرستگا، لەمەشدا هەر گەورەیی نواند . كاسترۆ لە تەمەنی 90 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، زۆرترین لێدوانی میدیای بەدوای خۆیدا هێنا،بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر زاری گەورە سەرۆك و پیاوانی ناوداری جیهان .

ئەو لە ژیانی خۆیدا زۆربەی جار وەكو یاسر عەرەفاتی سەرۆكی رێكخراوی بەرەی رزگاری فەلەستین گوتەنی ئیلهام بەخشی شۆڕشگێڕیمان بوو، هەركات سەركردە بەناو چەپ و شۆڕشگێڕەكان هەستیان بە قوڕسی فشاری نەیارەكانیان دەكرد،دەچوونە لای كاسترۆ بۆ ئەوەی بارگاوی ببنەوە لە سیفەتی شۆڕشگێڕی و وورە بەرزی . كاسترۆ ئەگەر لە چاوی هەندێك دیكتاتۆر بوو، به‌ڵام  دیكتاتۆریكی جیاواز و خۆشەویستی دەیان ملیۆن كەس بوو لە جیهان، بەماناش پیاوێك بوو پیاوی مێژوو بوو .


PM:03:10:30/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 2420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی