لەپێناوی یاسایەک بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان!

‌محەمەد چاوشین

دیاردەی کوشتنی ئاژەڵی وەکوو سەگ و پشیلە، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە دیمەنی ناخ ھەژێن و ئازار بەخش دەبینین کە لەناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستاندا دەرھەق بەو جۆر ئاژەڵانە پەیڕەو دەکرێت.

کۆمەڵێک فاکتەری ھەمەجۆر وایکردووە کە خەڵک مامەڵەیەکی توندوتیژ ئامێز بەرامبەر بە ئاژەڵ پەیڕەو بکات، لەلایەک ھیچ یاسایەک بوونی نییە کە بەرگری لە مافی ئەو ئاژەڵانە بکات، لەلایەکیش ئاستی ھۆشیاری خەڵک لە پلەیەکی نزم دایە، ھەربۆیە ئەوەش وایکردووە پەیوەندییەکی ناتەندروست لەنێوان(مرۆڤ و ئاژەڵ)دا ھەبێت.

لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان ھەیە و ھەرکەس لەو یاسایانە سەرپێچی بکات بێگومان سزا دەدرێت.

لە وڵاتێکی وەکوو (ئوتریش - نەمسا)، مافی ئاژەڵان ھاوتای مافی مرۆڤە. مرۆڤێک چۆن مافی ژیانی ئاسایی و شەڕافەتمەندانە و پڕ لە ئۆقرەیی و ھێمنی ھەیە، بەھەمان ئاست ئاژەڵانیش لەو وڵاتەدا خاوەنی ئەو مافانەن.

لە وڵاتی(چین)، ڕاوکردنی ورچی(پاندا) (١٠) ساڵ زیندانی بەدواوەیە.

لە ئامریکا ھەر ویلایەتێک  یاسایەکی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان. بۆنموونە لە "نیویۆرک" بەکارھێنانی ھەندێک ئاژەڵی وەکوو فیل لە یارییەکانی(سێرک)دا نا یاساییە.
لە وڵاتی ئامریکادا، تەنانەت دەست لێدانی (ھەڵۆی سەرسپی) کە باڵندەیەکی دەگمەنە، ٢٠٠ ھەزار دۆلار جەریمەی بەدواوەیە.

لە وڵاتی بەریتانیا، ھەرکەس ئازارێکی توندوتیژ ئامێزانە بە ئاژەڵی کێوی یان ماڵی بگەیەنێت، بۆماوەی ٥١ ھەفتە زیندانی دەکرێت.

لە مالیزیا ھەرکەس ئازار بە ئاژەڵان بگەیەنێت، یان ڕاوی نا یاسایی بکات، بە بڕی ۲۰ ھەزار تا ۱۰۰ ھەزار(رینگیت) سزا دەدرێت.

لە وڵاتی ھیندوستان، یاسایەکی سەنگین تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان داڕێژراوە. لەو وڵاتەدا ھەرکەس ڕەفتاری توندوتیژ ئامێز بەرامبەر بە ئاژەڵان ئەنجام بدات، یاخود ئاژەڵێک لە شوێنی ژیانی خۆی ڕاو بکات و بەمەبەستی ماڵی کردنی بیباتەوە ماڵەوە، ٢٥ ھەزار ڕوپیە یان سزای ٧ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، یاخود لەیەک کاتدا ھەردوو سزاكه جێبەجێ دەکرێن.

بەڵام لە ھەرێمی کوردستان چی؟
بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان بوونی نییە، بەھیوام لەو خولەی پەرلەمانی کوردستاندا، یاسایەک بۆ پاراستانی مافی ئاژەڵان دەربکرێت، چونکە ھیچ یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان نیە جگە لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە(١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ کە لە (٥)مادەدا باسی کوشتن و زیان گەیاندن و سوکایەتی کردن بەئاژەڵان دەکات.

بەھۆی نەبوونی یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵ، بەداخەوە مامەڵەیەکی ناتەندروست و زۆرجار توندوتیژیش بەرامبەر بە ئاژەڵان دەکرێت، تا ھەنووکە لە زۆر شوێنی و ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستاندا دیاردەی(شەڕە سەگ) و (شەڕە کەڵەشێر) و (شەڕە کەو) بوونى هەيه.

بە بڕوای من، ئەوانەی ئازار بە سەگ و پشیلە و باڵندە و ئاژەڵانی دیکە دەگەیەنن، لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆشن و پێویسیتییان بە چارەسەر ھەیە، ھەرچەندە ئەوانە ھەست بەو نەخۆشییەی خۆیان ناکەن.

بەشەڕدانی سەگ و کەڵە شێر و کەو و ئاژەڵی دیکە، چ تام و چێژێکی ھەیە کاتێک جەستەی یەکتر شەڵاڵی خوێن دەکەن؟

مرۆڤ چۆن بەو دیمەنە سامناکانە خۆشحاڵ دەبێ کاتێک دوو سەگ بەشەڕ دەدرێن و کەڵبەی تیژیان لە مل و گەردنی یەکتر گیر دەکەن؟
ئەی ئەوانە ئەگەر دەروون نەخۆش نین چین؟

بەھۆی نەبوونی یاسایەکى تایبەت بەم بوارە، کەس ناتوانێ بەشێوەی یاسایی لێپێچنەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات.

بێگومان، نەبوونی یاسای توند و کەم تەرخەمی حکوومەت لەھەمبەر ئاژەڵاندا، دەستی خەڵکی واڵا کردووە کە بە ئارەزووی خۆیان مامەڵەی توندوتیژ ئامێز لەگەڵ ئاژەڵان بکەن و بە شێوەی نامرۆڤانە ئازاریان پێ بگەیەنن.

نە شارەوانی و نە ھیچ کەسێک مافی لەناوبردنی سەگ و پشیلەی بەرەڵای ناو شارەکانی نییە بە بیانووی ئەوەی گوایە نەخۆشی بڵاو دەکەنەوە، بەڵکوو دەبێ  ئەو ئاژەڵانە ڤاکسین بکرێن، لەدەرەوەی شارەکانیش سەرپەنایەکیان بۆ دابین بکرێت و خزمەت بکرێن و مافیان پارێزراو بێت.



PM:10:56:31/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 10600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی