(فاوڵ)ەکانی شارەوانی قەڵادزێ

‌محەمەد چاوشین


شارەوانی قەڵادزێ وەکوو ھەر شارەوانی و دەزگایەکی فەرمی دیکەی حکوومەت، بێ کەموکورتی نییە، کارەکانیشی ھەمووی باش و جێی دەست خۆشی نین، ھەڵەی گەورە و زەقیش ئەنجام دەدات، بازنەی گەندەڵیش تیایدا فراوانە. 

لێرەدا ھەوڵ دەدەم، بە زنجیرە باسی ئەو کار و پڕۆژانە بکەم کە شارەوانی قەڵادزێ دەیەوێ وەکوو خزمەتکردنی ھاووڵاتیان نیشانی خەڵکی بدات، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەو کار و پڕۆژانە دواجار نەک ھەر بە خزمەت ناشکێتەوە بەڵکوو گرفتە ژینگەییەکانیش زیاتر دەبن.

بڕیاری گواستنەوەی زبڵی قەڵادزێ لە (سەرنێڵ)ەوە بۆ نزیک گوندی(کۆشکەڵە)، بڕیارێکی ھەڵە و نابەجێ و بێ سودە، نە چارەسەری کێشەی ژینگەیی دەکات، نە سیما ناشیرینەکانی شاریش دادەپۆشێت.

بە بڕیارێکی شارەوانی قەڵادزێ، شوێنی ژێرخاک کردنی زبڵی قەڵادزێ، لە (سەرنێڵ)ی باشوری قەڵادزێوە گواسترایەوە بۆ نزیک گوندی(کۆشکەڵە) لە باکوری قەڵادزێ.

بیانووی شارەوانی، ئەوە بووە کە لەکاتی باران باریندا، پیسایی زبڵەکە تێکەڵی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی قەڵادزێ دەبێت لە پڕۆژەی ئاوی(خاس)دا.

بێگومان ڕێگاگرتن لە پیس بوونی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی شار، ھەنگاوێکی ئیجابی و باشە، ئەوەش ئەرکی شارەوانی و ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە ڕێگری بکەن لە پیس بوونی ئاوی ماڵان.

بەڵام، ناکرێ بۆ نەھێشتنی کێشەیەک، بازنەی کێشەکان فراوانتر بکرێت و کێشەکان زیاد بکرێن.

شارەوانی قەڵادزێ، مەبەستی بووبێت یان نا، لەپێناوی چارەسەری کێشەیەک، بازنەی کێشە ژینگەییەکانی دەڤەرەکەمانی فراوانتر کردووە.

چۆن؟

نایلۆن، بوتڵی پلاستیک و ھاوشێوەکانی، بۆماوەی ساڵانێکی زۆر لەناو ژینگەدا دەمێننەوە. 
لەناو بوتاڵی پلاستێکیدا، ماددەیەکی مەترسیدار بوونی ھەیە بەناوی( Bisphenol A - بیسفنوڵ ئەی). 

کاتێک ئەو بوتڵانە لەناو ژینگەدا فڕێدەدرێن، دواتر ئەو ماددەیە تێکەڵ بە خاک دەبێت، پاشان بەھۆی باران و لافاوەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگوازرێتەوە، تێکەڵی ڕووبار و دەریاکان دەبێت، دەچێتە ناو جەستەی گیان لەبەرانی دەریایی،  لەڕێگای خاکەوە دەچێتە ناو ئەو گیا و ڕووەکانەی مرۆڤ بۆ خواردن کەڵکیان لێ وەردەگرێت، پاشانیش دەچێتەوە ناو جەستەی مرۆڤەکان، بەوھۆیەشەوە، کێشە تەندرووستییەکان لەلایەک و کێشە ژینگەییەکانیش لەلایەکی ترەوە زیاتر و زیاتر دەبن کە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە.

کەواتە دەکرێ بڵێین، شارەوانی قەڵادزێ بوەستە!، چاکی مەکە با خراپ نەبێ!..

چارەسەر چییە؟

"ڕیسایکلین" یەکێک لە ڕێکارە ھەرە گونجاوەکانە بۆوەی پاشماوەی زبڵ و خاشاکی فڕێدراو سەرلەنوێ بەکار بێنینەوە و ژینگەیش پاک و خاوێن ڕابگرین.
دەبێ زبڵ و خاشاک لێک جیا بکرێتەوە. بۆنموونە:
کاغەز و کارتۆن بەجیا، پلاستیک بەجیا، شووشە بەجیا، کانزاکان بەجیا، ھەروەھا شتە فڕێدراوەکانی دیکەش ھەموویان لەیەکتر جیا بکرێنەوە، لەشوێنێکدا کۆبکرێنەوە و بیر لەوە بکرێتەوە کە لەڕێگای دامەزراندنی کارگەیەکی(ڕیسایکلین)ەوە، سەرلەنوێ ئەو بەرھەمانە بەکا بێنینەوە.
شارەوانی قەڵادزێ، لەجیاتی ئەوەی بەشێوەیەکی نا زانستی و نەگونجاو زبڵ و خاشاکەکە ژێرخاک بکات، دەبێ بیر لەوە بکاتەوە کارگەیەکی(ڕیسایکلین)دابمەزرێنێت.
 ھەر بەو پارە و بوودجەیەی لەشتی بێ نرخدا خەرجی دەکات، ھەروەھا بە دیاریکردنی بڕێک پارە، دەتوانێ ئەو کارگەیە دابمەزرێنێت.
بەمەش ھەم ژینگەمان پاک و تەندرووست دەبێت، ھەمیش تەندووستی جەستەییمان پارێزراو دەبێت.
دانانی ڕیسایکلین، بە ڕواڵەت کەمێک ئەستەم و قورس دێتە بەرچاو، بەڵام ئەگەر ھەنگاوی پڕاکتیکی بۆ بھایژرێت، بێگومان کارەکە لە ئەستەم و نەکردە دەردەچێت و بەشێوەی فێعلی و کرداری لەسەر زەمینی واقیع دەیبینین.
محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ
١٤/ ٧/ ٢٠١٩
******
تێبینی/ 
بۆ ئەو بەشەی نووسینەکەم کە باسی ماددەی (Bisphenol A - بیسفنوڵ ئەی) دەکات، سوودم لەو لینکە فارسییەی خوارەوە وەرگرتووە:
https://www.ettelaat.com/mobile/?p=3250&device=phone


AM:10:48:15/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 3832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی