دۆناڵد تڕەمپ، بە خێربێن بۆ سەردەمی پارە و گەمژەیی و توڕەیی

‌سه‌ردار عه‌زیز

بە دۆڕانی لە ئیندیانا، تێد کروز له کێبڕکێی پارتەکەی کشایەوە. کروز کاندیدێکی پێکهاتە پارێزەرە ئاینیەکان بو. خۆی وەها دەناساند کە هەڵگری پەیامی ئاینیە.
جۆرێک له باوەڕداری که هێندە جیاوازنیە له تێگەیشتنی سەلەفی بۆ دین. کروز کەسێکی چارە نەویستراوبو له لایەن حیزبەکەیەوە. بەڵام وەها دەبینرا کە ڕەنگە چانسی هەبێت، بەتایبەت کاتێک لە سەرەتاوە کەسێکی وەک دۆناڵد ترامپ مایەی نوکتە و گاڵتەجاڕی بوو.

تڕەمپ، کەسێکی دەوڵەمەندی، نەخوێندەواری، جنێوفرۆشی، بازاڕی، سوکە.
کەسێکە که هیچ شتێک دەربارەی حوکم نازانێت. تێگەیشتنی بۆ دونیا هەتا بڵێی ساویلکەیە. پاش کشانەوەی کروز ترەمپ تەنها کەسە کە دەبێتە نوێنەری کۆمارییەکان بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن له گەڵ نوێنەری دیموکراتەکاندا، که ئەگەری زۆرە هیلاری بێت.

هیلاری کلینتۆن ئافرەتێکی لێهاتونیە. چانسی ئەوەی هەیە که ئافرەتە و ناوێکی ناسراوە و خۆی وەها نمایش دەکات کە خاوەن ئەزمونە. ئەو دەڵێت حکومداری من ولایەتی سێیەمی ئۆبامانیە، چونکە من ئافرەتم. بەڵام ئەمە ڕستەیەکی بێمانایە.

لە ڕاستیدا له خوار تەمەنی چل و پێنج ساڵیەوە زۆر کەم دەنگ بە هیلاری دەدەن. چونکە وەهای دەبینن له ئەو گروپە خەڵکەیە که نزیکن له حوکمڕانەکان و گۆڕانکاریان پێناکرێت، بەڵام چانسی هیلاری بۆ بردنەوە زیاترە. هەرچەندە ساندەرس ناچاریکردن که ئەجیندای بگۆڕیت، له داهاتوشدا ئەگەر لە کۆشکی سپی بێت کاریگەری بەردەوام دەبێت.

ترەمپ وەها لە سیاسەت تێگەشتوە که بریتیه له هەوڵی شەخسی. ئەگەر هاتو دەرفەتت بۆ لوا ئەوا بە توانای شەخسی خۆت، دەتوانیت ئەوەی دەتەوێت بەدەستی بهێنیت.
بە مانایەکی تر، تڕەمپ وەها بیر لە خۆی دەکاتەوە کە کەسێک هەر جۆرە مامەڵەیەک بیەوێت له گەڵ ئەوانی تردا دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، چونکە تڕەمپە. ئەم ساویلکەییە له ئەنجامی نەبونی ئاگاییە بەرامبەر ئاڵۆزی دونیای پڕ له ململانێی سیاسەت.
تڕەمپ نایباتەوە، بەڵام حەیفە خەڵکی ناچاربن کە دەنگ بە کەسی وەها بدەن که جگە لە قەرەقۆزێکی بێتام هیچی ترنیە.


PM:06:34:05/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 5247 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی