ئایا کورد ترەمپ ڕزگار دەکات؟

‌سه‌ردار عه‌زیز


دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە لە دوو ئاستدا بدەینەوە. یەکەم، کە بۆ خوێنەران زیاتر ئاشنایە ئەویش کوشتنی ئەبوبەکرد بەغدادی و کردنی ئەوە بە دەستکەوتی هەڵبژاردن. بەڵام، ئەم ڕوداوە سەرباری گەورەیی، هێندە کاریگەری نابێت لە سەر دەنگدەری ئەمریکی لە بەر دوو هۆکار، یەکەم، ئەوانەی کە بایەخ بە دونیا دەدەن، دەنگ بە ترەمپ نادەن، ئەوانەی دەنگدەری سەرسەختی ترەمپن دژ بە دونیان، خەڵکانێکی دژە جیهانگیریین، هەرچی لە هەر کوێ دەگوزەرێت جێگای بایەخ نیە لایان. بۆیە ئەم ڕوداوە هەتا ساڵی داهاتوو لە بیر دەچێتەوە، بە تایبەتی دەنگدەری ترەمپ لە خەڵکە ئاست نزمەکانن لە ئەمریکا.
بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستی من لە ڕزگارکردن لە هەڵبژاردنی داهاتودا نیە، کە ئەگری زۆرە ترەمپ نەگاتە ئەو قۆناغە.
پرۆسەی لێپێچینەوە و لابردنی ترەمپ کە بە ئیمپیچمێنت ناسراوە، خێرا بەرەو پێش دەچێت. ئەم پرۆسەیە زیاتر پەیوەستە بە ئۆکرانیاوە، کە دۆخ و سیاسەتەکەی لای خوێنەر هێندە ڕون نیە.
کۆنگریس لێپێچینەوەی لە ترەمپ دەستپێکردوە، ئەم پرۆسەیە زۆر بە نهێنی لە شوێنی تایبەتدا بەڕێوەدەچێت کە پێی دەڵێن سکەف. سکەف ژوری بێ پەنجەرەی داخراون کە دیوارییان وەها دروستکراوە بە هیچ جۆرێک هیچ دەنگێک نەتوانێت لە دەرەوەی ببیسترێت، لە دۆخێکی ئێجگار نهێنیدا کە زۆربەی خەڵك بۆی نیە لێی ئاگاداربێت بەڕێوە دەچێت. لە واشنتۆن شوێنی وەها زۆرە، بۆ نمونە ئەوەی لە کۆشکی سپی پێی دەڵێن ستیوەشن ڕوم. ئادەم شاف ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبات کە ترەمپ لە داخاندا بە شفتی شاف ناوی دەبات.
ئەمە وەک پاشخانێک.

کاتێک ترەمپ لە سوریا کشایەوە، فشارێکی زۆری هاتە سەر بۆ ئەوەی پاشگەزبێتەوە. هەموو ئەوانەی فشاریان دەکرد و هەوڵیان دەدا ڕای بگۆڕن ئارگومێنتیان لە سەر بنەمای جیوپۆلەتیک بوو. کە گوایە نەیارەکانی ئەمریکا سودمەند دەبن و ئەمریکا لاواز دەردەکەوێت. بەڵام ئەم ئارگومێنتانە ترەمپ گوێی پێ نەئەدا، چونکە یان ناتوانێت وێنای بکات یان وەک گوشەگیرێک، مەبەستم ئایسۆلەیشینیستێک، بەلایەوە جێگای بایەخ نیە.
کاتێک زانییان کە لە ڕیگای ئارگومێنتی جیوەپۆلەتیکیەوە سودی نیە، هاتن گەڕانەوە بۆ ئەو جۆرە ئارگومێنتەی کە دەچێت بە عەقڵی ترەمپدا، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر سوپای ئەمریکی لە هەر جێگایەک هەبێت دەبێت بۆ بەدەستهێنانی شتێک بێت: نەوت، کانزا ، پارە یان هەر شتێکی تر لەو جۆرە.
ئەمە تاقیکرابوەوە، کاتێک ترەمپ ویستی لە ئەفگانستان بکشێتەوە، یەکسەر هاتن بەوە قەناعەتیان پێکرد کە نەکشێتەوە بەوەی گوایە کانزای دەگمەن و تایبەت لە ژێر زەوی ئەفگانستاندا هەیە. ئەمە بوە هۆی ئەوەی کە ترەمپ قەناعەتی بگوڕێت. بۆ مەسەلەی سوریاش خێرا، لیندسی گراهام و جەنەڕاڵێکی خانەنشینی سەربازی ئەمریکی ناوی جاک کەین، کە لە فۆکس نیوز کۆمێنت لە سەر هەواڵەکان دەدات، هاتن پرسی نەوت و پاراستنی نەوتیان هێنایە ئاراوە بۆ ترەمپ کە گوایە نەوتێکی زۆر لە سوریا هەیە و نابێت ڕێگە بدەین کەسی تر دەستی بەسەردا بگرێت. جاک دووجار بۆ ئەم مەبەستە سەردای کۆشکی سپی کردوە، دواجار ١٤ی مانگ بوو.
لە سەر مەسەلەی نەوتەکە دوو تێگەیشتن هەیە: یەکێکیان هی ترەمپە کە خەیاڵپڵاوییە، ئەویتریان هی حکومەتی ئەمریکیە کە دەیەوێت بەکاری بهێنێت بۆ ئەوەی توانای زیاتر بەدەست بهێنێت لە لەقاڵبدانی داهاتوی سوریا. ئەمە مەسەلەیەکی ترە کە پلانی ئەمریکا چۆنە، هەوڵئەدەم لە داهاتودا لە کتێبەکەمدا لە سەر کورد و ئەمریکا بێمەوە سەری.
ئێستا ترەمپ وەها قەناعەت پێکراوە کە دەبێت سەربازی ئەمریکی لەوێ بمێنێتەوە بۆ پاراستنی نەوت، کە لە بنەڕەتدا پلانەکە فراوانترە، لە زیاتر لە ٦٠٪ خاکی ژێر دەستی کوردەکان سوپای ئەمریکی دەمێنێتەوە و ئاسمانی ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دەبێت.
بەڵام پرسێکی تر هەیە لێرەدا، وەک لە سەرەتادا باسم کرد کە پرسی لێپێچینەوەی ترەمپ بە خێرایی بەرەوە پێش دەچێت، ئێستا ئەگەر ڕودی جولیانی ئامادەبێت شایەتی بدات ئەوا ترەمپ تاوانبار دەکرێت. بەڵام جولیانی خۆی تێوەگلاوە، بۆیە ئەگەر ئامادەبێت شایەتی بدات ئەوە بە مەرجێک دەبێت کە لێی ببورن.
یەکێک لەو پەیمانانەی کە بە ترەمپ دراوە لە بەرامبەر هێشتنەوەی سەرباز لە سوریا بۆ پاراستنی نەوت ئەوەیە کە لیندسی گراهام و مارک ڕۆبیو کاری بۆ بکەن کە ڕێگری بکەن لە لێپێچینەوەکان. بە جۆڕێک چەند ڕۆژی ڕابوردوو کۆمەڵێک ئەندام کۆنگریس کۆمارییەکان ویستیان بە زۆر بچنە ناو سکەفەوە، ژورە تایبەتەکان و ئەندامێکی کۆنگریسی کۆماری وەهای ناونا کە پرۆسەیەکی سۆڤیەتییە.
ئێستا پاش پشێوییەکەی ترەمپ ئیدارەکە لە هەوڵی ئەوەدان کە چۆن کاریگەری نێگەتیفی لە سەر ئەمریکا کەم بکەنەوە.
بەمجۆرە، ئەگەر کوشتنی بەغدادی بە هاوکاری کورد ببێتە دەستکەوت، ئەوا هاوکاری کورد ببێتە مایەی پەکسختی لێپێچینەوەکان ئەوا ترەمپ ڕزگاری دەبێت لەوە کە وەک نیکسۆنی لێبکرێت.


PM:12:22:29/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی