​ ئەمڕۆ ئەمریکا دەنگ ئەدات

‌سه‌ردار عه‌زیز

ئەمڕۆ ئەمریکا لە ھەڵبژاردنێکی پڕ لە قەیراندا دەنگ ئەدات، سەرەتا قەیرانەکانی ھەڵبژاردن و کۆمەڵگای ئەمریکا بە چەند سەرە دێڕێک ئاماژە پێئەدەم و پاشان کاریگەری لە سەر دونیا و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

یەکەم، کۆمەڵگای ئەمریکی بە ئاستێکی زۆر جەمسەرگیرە. ئەم جەمسەرگیریە ھەندێکی وەھا باسی دەکەن کە جۆرێکە لە شەڕی ناوخۆ، ئەم جەمسەرگیرییە تەنھا لە ئاستی سیاسەتدا نیە، بەڵکو لە ئابوری، کۆمەڵایەتی، ململانێی نەوەکان، دونیابینیدا ڕەنگی داوەتەوە.
دووەم، ھەردوو لا، دیموکرات و کۆمارییەکان، پێش ترەمپیش لە ئاستێکدا بوون، کە نەک ھەر بڕوا بەیەک نەکەن، بەڵکو لە یەکتر بترسن. 
سێیەم، جەمسەرگیری کاری حکومەت پەک ئەخات، ئەمریکا لە دۆخێکدایە، کە ئەگەر دیموکراتەکان بیبەنەوە کۆمارییەکان ھەوڵی شکستھێنانی دەدەن، ئەگەر کۆمارییەکان بیبەنەوە ئەوا دیموکراتەکان ھەوڵی شکستپێھێنانی حکومەت ئەدەن. 
چوارھەم، ئەم دۆخە ئەمریکا زیاتر سەرقاڵ دەکات بە خۆیەوە و بە جۆرێک کە کاتی نەبێت بۆ دەرەوە یان ھێندە گرنگی بە دەرەوە نەدات. 
پێنجەم، دیموکرات زیاتر بەرەوە چەپ دەڕۆن، تەنانەت سۆشیالیزم چیدی وشەیەکی ترسێنەر نیە، وەکلە سەردەمی شەڕی سارددا، ئەمریکیەکان وەک مەترسییەک دەیان بینی، ئەگەری ھەیە لە لیستی دیموکراتەکان چەند کەسێک بێنە کۆنگریس کە بە ئاشکرا بانگەشە بۆ سۆشیالیزم ئەکەن. لەلایەکی ترەوە، دیموکراتەکان زیاتر بەرەو فاشیزم و کۆنسێرڤەتیزم دەچن. بەڵام ھەردوولا لە دۆخێکی باڵای شەعبەویدا سیاسەت دەکەن.
شەشەم، بە گشتی ھەڵبژاردنی نیوەیی بە ریفراندۆم دەبینرێت بۆ سەرۆکی لە دەسەڵاتدا. ھەمیشە خەڵک دژ بە سەرۆکی وڵات دەنگدەدەن.

کاریگەری
یەکەم، ئەمریکای لاواز لە ھەر بوارێکی دەسەڵاتدا، چ دەسەڵاتی رەق، نەرم ڕەنگدانەوەی ھەیە لە سەر دونیا. دونیا بە گشتی لاسایی ئەمریکا دەکاتەوە، لە ھەمانکاتدا دەیەوێت دەرفەت لە لاوازی ببینێت.
دووەم، گۆشەگیری ئەمریکا، ئەوانیتر وەھا لێدەکات کە تەماحی کێبڕکێییان زیاتر بکەن، وەک چین و روسیا، لە ئەنجامدا لە ئاستی ناوچەیی و دەوڵەتیشدا ڕەنگ دەداتەوە.
سێیەم، ئێران زۆر چاوەڕوانی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکەیە. چونکە ئەگەر کۆنگریس یان ئەنجومەنی پیران لە لایەن دیموکراتەکانەوە کۆنترۆڵ بکرێت ئەوا کاریگەری دەبێت لە سەر ھەڵسوکەوت و بڕیاری ترەمپ.
چوارھەم، دونیا لە دۆخی ترازاندا دەژی، ئەمریکا وەک کانگای ئەم ململانێیە دەبیرێت لە دونیادا. بەکارھێنانی توندوتیژی لە سیاسەتدا ئەگەر لە ئەمریکا پەرە بسێنێت، ئەوا لە وڵاتانی تریش دەبێت بە مۆدێل، ئەمە بۆ پەنابەر و بیانی و کۆچبەر کاریگەری زۆر دەبێت لە دونیادا.
پێنجەم، بۆ کورد باشترە کۆمارییەکان بیبەنەوە، بەردەوام بوونی ئەو سیاسەتەی لە نەھێشتنی ناوەندی رکەبەری ئەمریکا لە ناوچەکە لە قازانجی کوردە. دیموکراتەکان دەیانەوێت ئەو پرۆسەی گۆڕانکارییە لاواز و درێژخایەن بکەن. لە نەوەدەکان بە گرتنی کوێت
وەرچەرخانی سیاسەت لە عێراق و تورکیا و پاشان سوریا ڕویدا، بەڵام ئێران لە دەرەوەیە ھەتا ئێستا. 
شەشەم، ئۆباما دۆخێکی تایبەتی لە پەیوەندی کورد و ئەمریکادا دروستکرد، ترەمپ ھێشتا لە سەرەتای دروستکردنی جۆری پەیوەندی خۆییەتی. مۆدێلی ئۆباما سنوردار و پڕ کێشەیە بۆ کورد.


PM:12:06:04/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 606 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی