ئەنجومەنی پیرانی کوردستان

‌سه‌ردار عه‌زیز

لە پڕۆژەی [دەوڵەتسازیی: نەخشەڕێگایەک بۆ سەروەرکردنی یاسا بەدامەزراوەییکردن لە ھەرێمی کوردستان]، د. دلاوەر عەلائەدین کۆمەڵێک پێشنیار و ڕێگاچارەی خستوەتە ڕوو بۆ چاکسازی حکومی و ئیداری و سیاسی لە ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی ھێنانە ئارای "گۆڕانکاری ریشەیی بۆ تۆکمەکردنی پەیکەری کارگێڕی و پرۆسەکانی بڕیاردان و میکانیزمەکانی چاودێری”. کتێبەکە کە جێگای دەستخۆشیە، کارێکی گرنگە لە ساتەوەختێکی وەھادا بۆ ھێنانە ئارای بەرچاوڕونیەک دەربارەی ئەوەی کە چی بکرێت بۆ دەرچون لە دۆخی پەرتەوازەیی و بن-بەستەیی ھەرێمی کوردستان. یەکێک لە ھەرە خاڵە لاوازەکانی حوکمداری کوردی ئەوەیە کە توانای بەرھەمھێنانی مەعریفەی نیە، نە دەربارەی خۆی نە لە سەر خۆی. لە سەروی ئەمەوە کاری پۆلەسی بە دەگمەن بونی ھەیە لە دونیای کوردیدا. دیارە پۆلەسی جیاوازە لە سیاسەت. وەک لە وەسفی کتێبەکەدا دیارە د. دلاوەر کاری لە سەر بوارەکانی کارگێڕی، بڕیاردان و میکانیزمەکانی چاودێری کردوە. من ھێشتا سەرتاپا کتێبەکەم نەخوێندوەتەوە، ئەوەی لە بەردەستمدایە پوختەیەکی کتێبەکەیە کە لە لایەن د. دلاوەر خۆیەوە نوسراوە، بۆیە باس لە سەرتاپا کتێبەکە ناکەم: یەکەم چونکە بە نوسینێک ناتوانرێت قسە لە سەر سەرتاپا بوارەکان بکرێت لە ھەمانکاتدا ھێشتا ئاگاداری وردەکارییەکان نیم.

دوو بوار دەمەوێت قسەی لە سەر بکەم، ئایا کێشەی سەرەکی چیە لە کوردستان و چارەسەرەکەی چیە؟

یەکەم وەھا دەردەکەوێت کە کێشەی سەرەکی لە کوردستان، بە پێی خوێندنەوەی ناوەکیانەی کتێبەکە کێشەی نوخبەیە بۆ ئەمەش میکانیزمی بەشداریکردنی نوخبە لە بەڕێوەچونی پرۆسەی حوکمداری وەک چارەسەر پێشنیارکراوە. ئەم بەشداریکردنە لە دوو ئاستدایە، ئاستی یەکەم، "سەرۆکی ئەو حیزبانەی لە ھەڵبژاردندا کێبڕکێ دەکەن ھەمیشە کاندید بن ھەتا بێنە ناو پەرلەمانەوە”. ئاستی دووەم دروستکردنی ئەنجومەنی پیرانە: "بۆ جێکردنەوەی سەرکردە سیاسی و حکومیە باڵا‌کان تا ئەزموونەکانیان وون نەبێ و لە خزمەتکردندا بەردەوام بن و لە ئیمتیازاتی سەرکردایەتیش بێبەش نەبن. ئەوە دەبێتە ھاندەر بۆ ئەوەی نەوە پێشکەوتووەکان بە رێزلێنانەوە دەستبەرداری دەسەڵات ببن و لە سیستەمیش دانەبڕێن”. کتێبەکە پێشنیاری سیستەمێکی پەرلەمانی بۆ کوردستان دەکات، کە تیایدا دەسەڵاتی بڕیارداڕشتن (پەرلەمان )و دەسەڵاتی جێبەجێکردن تێکەڵ دەبن. ئەوەی ڕوونە لە سیستەمی پەرلەمانیشدا مۆدێلی وێستمینیستەر وەک مۆدێلێکی زاڵ بە ھەندێک دەستکاریەوە دەردەکەوێت، بەوەی کە سەرۆکی حیزب لە ھەناو پەرلەماندایە و پی-کیو (پرسیارکردن لە سەرۆک وەزیران پێشنیارکراوە) و ھەروەھا حکومەت و پەرلەمان تێکەڵ دەبن. پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە، سیستەمی پەرلەمانی بە گشتی دەبێتە ھۆی بەھێزبونی حیزب، لە کاتێکدا حیزب کرۆکی قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئیداری ھەرێمە، لە کتێبەکەدا باس لە حیزب نەکراوە، کە وەک دەزگایەک و ناوەندێک لە دەرەوە و ناوەوەی حکومەتدایە لە ھەمانکاتدا. دیارە پرسی حیزب و حکومەت پرسێکی ئاڵۆزی و پڕ کێشەیە لە ھەرێم، بەڵام ڕەنگە ھاتنی حیزب بۆ ناو حکومەت یان کەس یەکەمی حیزب بۆ ناو حکومەت لە ئەنجامدا ببێتە ھۆی بەھێزبونی حکومەت. ئەم گواستنەوەیە وەک ھاوەڵێکی شارەزا لە بواری کۆمەڵناسی پەرلەمانی فرانکۆفۆنیدا بۆی باسکردم زیاتر لە سایەی دیکاتۆریەتدا لە باکوری ئەفریقا روویداوە، کە لە زۆر ڕوەوە لە کۆمەڵگای ئێمە دەچن.

پێشنیارێکی تر کە کراوە بۆ بەشداری حیزب بە تایبەت نوخبەی سیاسی لە حکومەتدا دروستکردنی ئەنجومەنی پیرانە. لێرەدا ساتێک لە سەر ئەم پێشنیارە دەوەستم. دەمێکە پرسی ئەوە لە ئارادایە ئایا نوخبەی سیاسی ھەرێم، بە تایبەت نوخبەی سیاسی پیربوی ھەرێم چی لێبکرێن، چونکە حەز دەکەن ھەتا مردن دەسەڵات و پێگەیان ھەبێت. پرسی ئەوەی کە کورسی یانی ژیان و ژیان بێ کورسی یانی مەرگ، پرسێکی جەوھەرییە لە دونیای سیاسەتی کوردی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی.

ئەنجومەنی پیران، کە ڕەنگە وەرگێڕانێکی گونجاوی سێنات یان لۆردات بێت، چونکە ئامانجی سەرەکی لێی جێکردنەوەی پیرەکانە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆکاری ھاتنە ئارای جۆرێک لە جێرۆتۆکراسی. دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە سیستەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە جوت-ژوری بایکامیڕاڵ. ئەم دەزگایە لە دونیادا بە شێوازی جیاواز بوونی ھەیە. بە گشتی ئەنجومەنی پیران بچوکترە، ژمارەی ئەندامانی کەمترە، ماوەی ئەندامێتی درێژترە و ھەروەھا دەسەڵاتی دەتوانرێت بوترێت کەمترە. لە مێژودا ھۆکاری سەرەکی دروستبونی ئەم ئەنجومەنە ئەوەبوە کە دەسەڵات بداتە نوخبەی کوێخا، ئیستەیت، خەڵکانی خاوەن موڵک. بەڵام بە گۆڕانی کۆمەڵگا و سیستەمی حوکم ھۆکاری تر ھاتنە ئاراوە، ھەرە دیاریان فیدڕالیزمە. سیستەمی فیدڕاڵ پیویستی بە جوت ژوریە، بۆ ئەوەی ھاوسەنگیەک لە نیوان فیدڕاڵەکاندا دروست بکات، ئەمە یەکێکە لە کەموکورتیەکانی فیدڕاڵیزمی عێراقی. ھۆکاری تر ھەن وەک پێدانی پێگە بە کەسانێک کە پێویستن لە حوکمڕانیدا بەڵام ناتوانن لە رێگای دیموکراسیەوە بێنە ناو کایەی حکومەتەوە، بە گشتی خەڵکانی شارەزا، ھەروەھا بۆ پێدانی دەرفەت بە بواری و شوناسی جیاواز. بەڵام ھۆکاری سەرەکی دروستبونی ئەم ژورە لە کوردستان، کە بۆ خۆی تا ئاستێکی زۆر ناوازەیە (ئەنۆمەلی) چونکە، ھیچ پەرلەمانێکی ھەرێمی لە دونیادا پێنازانم کە بایکامیڕاڵبێت، ئەوەیە کە پێگە بدات بە کەسانێک کە کاتی بەشدارییان لە سیستەمی حوکمڕانیدا تەواوبوە بەڵام نایانەوێت دەسەڵاتیان نەمێنێت، بۆیە ناڕۆن. ئەمە دیاردەیەکی ئاڵۆزە، کە پێش ئەوەی بیری لە چارەسەری بکەینەوە دەبێت بە ووردی دیبەیتی بکەین بۆئەوەی لێی تێبگەین. ئەمە لەھەمانکاتدا پرسی چیەتی دەسەڵات و بون و کەسایەتی و پێگەو و سایکۆلۆجیە. دیارە بێگومان ڕەھەندی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئاسایشیشی ھەیە.

کرۆکی پێشنیارەکانی دکتۆر، کە دوای چەندین دیدار و کۆڕ و کۆبوونەوە ھاتوە، ئەوەیە کە دەبێت زەمینە بڕەخسێنرێت ھەتا نوخبەی سیاسی ئێمە بە شێوازی دیموکراتی و بە شێوازی نادیموکراتی ھەمیشە لە دەسەڵاتدابن. شێوازە دیموکراتیەکەی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە سەرۆکی حیزبەکان بۆیان ھەبێت بەردەوام خۆیان کاندیدبکەن، ئەمە لە کاتێکدا کە سەرۆکی حیزب پۆستێکی نەگۆڕە لە کوردستان، بە شێوازە نادیموکراتیەکەی لە رێگای ئەنجومەنی پیرانەوە. بەمجۆرە نوخبەی سیاسی کوردی ھەتا لە رێگای دیموکراسی یان ھەڵبژاردنەوە بۆی بلوێت لە دەسەڵاتدابێت، کە دەرفەتی نەما لە ئەنجومەنی پیراندابێت.

پرسەکە ئەوەیە بۆ سیاسی ئێمە ناتوانێت لە دەرەوەی کورسی وێنای بونی خۆی بکات وەک کەسێکی خاوەن پێگەو رێز. زۆرێک لە نەوەی شاخ ھۆکاری ئاسایشییان ھەیە، کە بەبێ دەسەڵات ترسیان لە سەر ژیانی خۆیان ھەیە، ئەمە دەبێت لە بەرچاوبگیرێت، بەڵام ئەگەر ئەمە ببێتە نەریتێک کە نوخبەی سیاسی وازھێنانی نەبێت لە سیاسەت ھەتا مردن، دۆخێکی زۆر سەخت دروست دەکات.

ئەم کتێبە یەکێکە لەو دەقە ناوازانە کە دەست دەخاتە سەر کرۆکی کێشەکان و پرسی چارەسەریشیان دەوروژێنێت. پرسی نوخبەی سیاسی ئێمە لە دونیای ڕۆشنبیری کوردیدا تەنھا بە ڕەخنە لە ھەڵسوکەوت و ڕەفتار مامەڵەی لە گەڵداکراوە، لە ئەنجامدا دۆخێکی پەرتەوازەیی پڕ لە کێشەی ناسیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئاسایشی ھاتوەتە ئاراوە، کە حکومەتی پەکخستەوە، کۆمەڵگای تاروتورکردوە، ھەروەھا ھیچ کلۆجێکی بۆ چارەسەر نەدیوەتەوە.

ئایا ئێمە دەتوانێن میکانیزمی دروستبونی نوخبە و نوێبونەوەی نوخبە بھێنینە ئاراوە؟ ئەمە لە سەر جۆری ئەو سیستەمە سیاسیە وەستاوە کە توانای وێناکردنیمان ھەیە.


PM:03:18:27/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 1217 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی