سیاسەتی ووزە و ڕۆڵی ووزە لە سیاسەتدا

‌سه‌ردار عه‌زیز

یەکێك لە وانەکانی ئەمساڵم بۆ خوێندکارانی ماستەری گلۆبال پۆلەتیک لە زانکۆی کۆرک، دەربارەی سیاسەت و ئاسایشی ووزە بوو. هەرچەندە ماوەی وانەکە دوو کاتژمێربوو، بەڵام خەمم ئەوەبوو: ئایا دەتوانم لە ماوەیەدا ئەم دوو بوارە زۆر ئاڵۆزە ڕوماڵ بکەم.

لەم نوسینەدا تەنها قسە لە سەر سیاسەتی ووزە دەکەم لە نوسینی داهاتوومدا باس لە ئاسایشی ووزە دەکەم. لە سەرەتاوە کیشەکە ئەوەبوو ئایا سیاسەتی ووزە، مەبەست لێی چۆنێتی ئیدارەدانی ووزەیە لە گەڵ ئەو گۆڕانکاریە، تەکنەلۆجی و ئاگایی و ژینگەیی و دیموگرافی و ئابوریانەیە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لە سەر ئەم بوارە هەیە یان مەبەست لە ڕۆڵی ووزەیە لە سیاسەتدا. دیارە هەردوو ڕەهەندەکە پێکەوەن: چۆن سیاسەت مامەڵە دەکات لە گەڵ ووزەدا، چۆن ووزە کاریگەری هەیە لە سەر سیاسەت. 

سەرەتای وانەکەم بە ئاماژەدان بە توێژینەوەیەکی ڕۆجەر ئۆین دەست پێکرد، کە یەکێکە لە هەرە ناسراوترین مێژوونوسانی ئابوری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە زانکۆی هارڤەرد. ئۆین، باس لە سەدەیەک لە نەوت دەکات. کاتێک ساڵی ١٩٠٨ لە شاری مەسجد سلێمانی ئێرانی نەوت دۆزرایەوە. بەڵام من باسی ئەوەم کرد، پێش ئەوەی ولیەم دارەسی بچێتە مەسجد سلێمانی  لە چیاسورغی نزیک ماڵی ئێمە لە گەرمیان خەریکی نەوت دەرهێنان بوو. پاش دۆزینەوە نەوت وڵاتانی تری وەک ئەڵمانیا و تورکیا زیاتر بەرەو ناوچەکە دێن و پاشان جەنگی جیهانی یەکەم دەست پێدەکات، کە فەرەنساش دێتە ناوچەکە، لە ئەنجامدا لە میانەی کۆنفرانسە یەک لە دوا یەکەکەیان نەخشەی ناوچەکە دادەڕێژرێت، کە نەوت فاکتەرێکی سەرەکی بووە لە چۆنێتی نەخشەگرتنی ناوچەکە.

پاش مێژوو هاتمە سەر تیورە. بە گشتی تیورەکانی توێژینەوەی وزە دەکرێت بکرێن بە دوو بەشەوە: یەکەم، ئەو تیورانەی دەوڵەت بە هەڵسوڕێنەری سەرەکی دەبینن،  وزە یان نەوت، بە شێوەیەکی سەرەکی، بە بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانی دەبینن، هەروەها   وزە وەها لێکدەدەنەوە کە سامانێک یان کاڵایەکی نیشتمانی یان دەوڵەتیە. ئەم دیدە لە کوردستان زۆر زاڵە، هەرچەندە ڕەگی دەگەڕێتە بۆ بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابوردوو. بەڵام بواری دووەم، بازارە، یان کۆمپانیاکان، ئایا نەوت یان ووزە بە گشتی کاڵایەکی ئابوریە و رێساکانی بازاڕ بڕیاری لە سەر دەدەن، وەک خواست، نرخ. لە کوردستان هێشتا ئەستەمە کار بە دیدی بازاڕ بکرێت بۆ قسەکردن لە سەر نەوت چونکە هەتا ئێستا نەوت وەها دەبینرێت کە کاڵایەکی جیوپۆلەتیکی، ئاسایشی، کاریگەرە و وەک چەکێک یان ئامرازێک بەکاردێت لە ململانێی نێودەوڵەتیدا. دیارە ئەم دیدە زاڵەی کوردستان جودایە لەو دیدە دەوڵەتیە، ریالیستیە، کە لە دونیادا باوە. بەڵکو زیاتر دیدێکی ئاینی ئالودەبوە بۆ تیورەی پیلانگێڕیە. کە لە ئەنجامدا تێگەیشن بۆ ووزە، پڕ لە کەموکورتیە.

پاش تیورە گشتیەکان باسم لە ڕۆڵی ووزەکرد لە ناوخۆی وڵاتدا. لەم بوارەدا کۆمەڵێک تیورەی ئابوری سیاسی هەیە، کە هەرە باڵاترینیان تیورەی کرێخۆری یان ڕەیعەیەت یان رێنتیەرە. ئەم تیورەیە ئاماژە بە ئەوە ئەدات کە نەوت لە بوارێکی بچوکدا بەرهەم دێت، داهاتێکی زۆری هەیە، لە ئەنجامدا دەبێتە فاکتەری داڕشتنی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدار و خەڵك، بە جۆرێک کە دەسەڵاتدا هیچ پێویستی بە خەڵك نیە، لە ئاستی ئابوریدا. دیارە لێرەدا باج وەک چەمکێکی سەرەکی بونیادی دەوڵەت ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت. خەڵك و باج و دەسەڵات، سێینەکی ئاڵۆزن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دیموکراسی و شێوازی حکومڕانیەوە هەیە.

دیارە لێرەدا کار لە سەر کۆمەڵێک چەمکی تر دەکرێت وەک نەخۆشی هۆڵەندی و بە موچەخۆرکردنی کۆمەڵگا و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و چەندان چەمکی تر. ئەوەی جێگای سەرنج بوو، ڕۆڵی سیستەمی موچەخۆری و سەقامگیری سیاسی بوو، بە پشت بەستن بە نەوت.  لە ئابوری نەوتیدا دەوڵەت کۆمەڵگا دەکاتە موچەخۆر بۆئەوەی ڕامی بکات. بەڵام دەوڵەت کاتێک سیاسەتی نرخ لە بەرچاوناگرێت، بە تایبەت کاتێک ڕۆڵی نەوت هەتابێت لاوازدەبێت و نرخ لە هەڵبەز و دابەزدایە، لە ئەنجامدا بە شێوەیکەی بەردەوام گاپ لە بودجەدا دروست دەبێت، ئەوا ناتوانرێت بە ئاسانی پەیوەندییەکی سەقامگیر لە نێوان دەسەڵات و موچەخۆری ڕامبوودا دروست بکرێت. شۆرشی ئێران و کوردستانی ئەمڕۆ پێشانی ئەدەن کە موچەخۆر کەسێکە وەلائی بۆ موچە هەیە نەک بۆ دەسەڵات، بۆیە کە دەسەڵات ناتوانێت موچە دابین بکات، موچەخۆر پشت دەکاتە دەسەڵات و بۆ سەرچاوەی تری موچە دەگەڕێت، ئەم تیورەیە، کە دەرخەری ناسەقامگیری چەند توێژاڵیە لە هەناو سیستەمی رەیعیدا، هێشتا کاری لە سەر نەکراوە، چۆن هۆمۆ-سالەری لە سیستەمی ناسەقامگیری بازاڕی نەوتدا، بونەوەرێکی دەوڵەتی و ڕامکرا و هاوڵاتی نیە.

پاشان بە خێرایی ئاماژەم بە دەرئەنجامەکانی ئەم جۆرە سیاسەتەدا لە رێگری لە سەرهەڵدانی چینی ناوەند، لە رێگری لە پیشەسازی، لە جەختکردن لە سەر بازرگانی و بەرخۆری، هەروەها لە سەر ڕۆڵی پارە لە بەڕێوەچوونی ئەم سیستەمەدا.

دیارە سیستەمی کرێخۆری گۆڕانی بەسەردا هاتوە، چونکە لە ناوەوە و دەرەوە فاکتەر هەن کاریگەرییان لە سەری هەیە، لە ناوەوە خەڵك هەتا بێت وەها بیردەکەنەوە کە داهاتی سامانی سروشتی داهاتی هەموانە. هەروەها نەوت وەک کاڵای سەرەکی سیستەمی ڕەیعی هەتابێت ڕۆڵی لاوازدەبێت لە بازاڕدا، بە هۆی ژینگە و تەکنەلۆژیا و جۆری ژیانەوە. بەڵام هەرچەندە ئاگایی دەگۆڕێت، بەڵام لە واقیعدا کرێخۆری کاریگەری زۆرە لە سەر سەقامگیری سیاسی و جوڵەی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە چونکە لە کوردستان دەگمەنن ئەو خێزانانەی کە کەسێک یان دوانیان موچەخۆر نەبێت، ئەوا گەرچی توڕەیی هەیە بەڵام جوڵەی کۆمەڵایەتی کەمە. ئەگەر بە ووردی لە خیتابی خەڵکی بنواڕێت کەس دژ بە سیستەمی کرێخۆری نیە، بەڵکو هەموو دژ بە جۆری دابەشکردنەکەیە. بۆ نموونە گەندەڵی مانای ئەوەیە کە داهاتی نەوت دادپەروەرانە دابەش ناکرێت، بۆیە خواست لە سەر دابەشکردنی دادپەروەرانەیە نەک لە سەر گۆڕینی سیستەم.

دیارە سیستەمی کرێخۆری تەنها لە موچەدا خۆی نابینێتەوە بەڵکو چەندین دەرکەوتەی تری هەیە


AM:10:05:22/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 1476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی